قەرەیلان: دەوڵەتی تورک دەڵێت کورد هەمویان خێڵەکی‌و عەشیرەتن، یەکتر دەکوژن‌و نەتەوەو میللەت نین
  2021-06-11       1428       

ئا: ئاوێنە

 

دەقی چاوپێکەوتنی موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەی پەکەکە لەگەڵ ستێرک تی ڤی:

 

 

هێزەکانی پەدەکە بە ئۆتۆمبێڵی زرێپۆش لە مەتینا هەوڵیاندا بچنە ناو کەمپی گەریلا و هەندێک رووداو روویاندا. بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟
لەئێستادا دۆزی ئازادی گەلی کورد لە سەردەمێکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت. لەسەر تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد پلانی دوژمن و نەیارەکان هەیە. وەک دەزانرێت لە باکوری کوردستان رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠١٣دا ئاگربەستێکی راگەیاند و ئاگربەستەکە ٢ ساڵ بەردەوام بوو. بەڵام دەوڵەتی تورک بینی کە ئاگربەستەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی گەلی کورد بەهێز دەکات و وادەکات کورد لە هەرێمەکەدا ببێتە هێزێک. بۆئەوەش لەگەڵ ئەوەی چاوپێکەوتنەکان گەیشتنە ئەنجامێک و پەیامی هاوبەش بڵاوکرانەوە، بەڵام ئەردۆغان قبوڵی نەکرد و لەگەڵ پارتە توندڕەوەکانی وەک باخچەلی و دۆغو پەرینچەک کە دوژمنی گەلی کوردن، هاوپەیمانی بەست و لە بەرانبەر تەڤگەرەکەمان هێرشێکی گشتگیری دەستپێکرد. ئامانجی ئەوان ئەمە بوو کە سەرەتا پەکەکە لەناوببەن و دواتر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناو ببەن. نەک تەنها دەستکەوتەکانی کورد لە سنوری تورکیادا، بەڵکو دەیانەوێت هەموو دەستکەوتەکانی کورد لە هەرێمەکە لەناوببەن. جیاوازی ئەم پیلانگێڕیە نوێیە ئەمەیە.
لەسەر ئەم بناغەیە ٦ ساڵە لەدژی ئێمە شەڕێکی فراوان هەیە. سەرەتای ئەمساڵیش شەڕەکە زیاتر فراوان بوو. سەرەتا لە ئیمڕالی لەسەر رێبەر ئاپۆ ئەشکەنجە و زوڵم هەیە. ئێستا ئاگاداری دۆخی سەرۆکایەتی نین. دەوڵەتی تورک شەڕێکی دەروونی لەبەرامبەر ئێمە دەکات. ١٠ هەزار هەڤاڵمان لە زیندانەکانی تورکیادان و ئەوانیش لەژێر ئەشکەنجەدان. لە باکوری کوردستان هەموو رۆژێک مرۆڤی کورد لەژێر ناوی پەکەکەدا دەستگیردەکرێن، لەسەر گەلەکەمان ئەشکەنجە و زوڵم هەیە. جارێکیتر لە هەموو هەرێمەکانی باکوری کوردستان ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەیە. ئێستا لە گارزان، وان، مێردین، بۆتان ئۆپەراسیۆن هەیە. لە باکور لە بەهارەوە زۆر شەڕ روویاندا، لەو شەڕانەدا شەهیدماندا. رۆژانە ئەم رووداوانە لە راگەیەندنەکاندا باس دەکرێت.
لە هەمانکاتدا لەسەر باشوری کوردستانیش داگیرکەری دەیەوێت هەنگاو بە هەنگاو خاک داگیر بکات. دوای داگیرکردنی حەفتانین و بەشێک لە خواکورد وەک دەزانرێت لە ٢٣ – ٢٤ی نیسانی ئەمساڵدا هێرشێک لە بەرانبەر هەرێمەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دروست بوو. ئەمڕۆ ٤٦ رۆژی لەدوای خۆی بەجێ هێشت. بەم شێوەیە هێرشێکی فراوان لەبەرانبەرمان ئەنجام دەدرێت. دەوڵەتی تورک بەخۆی دەڵێت، هێرشێکی گشتگیر ئەنجامدەدرێت. ئێستا لەسەر باشوری کوردستان لەو هەرێمانەی کە هەڤاڵانمانی لێیە، بە بەردەوامی ٣٠ فڕۆکەی کەشف بە رۆژ و شەو دەگەرێن. فڕۆکەی شەڕیش بە بەردەوامی دەبینرێن. هەندێک جار لە مەخمور دەدەن، هەندێک جار لە جێگەیەکی دیکە دەدەن. واتە هێرش لە بەرانبەرمان هەیە.
لە سەردەمێکی بەم شێوەیەشدا کە هێرشی فراوان لەبەرانبەرمان ئەنجام دەدرێت، ئایا چۆن هێرش دەکەینە سەر پێشمەرگە؟ ئایا ئەمە دەچێتە عەقڵەوە؟ بۆچی بە دەستی خۆمان بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەبەرانبەری خۆمان بکەینەوە؟ هەر کەسێک کە کەمێک ژیر بێت و لە شەڕێکی بەم شێوەیەدا بێت، لە شەڕی مان و نەماندا بێت، چۆن بەرەی دووەمی شەڕ لەدژی خۆی بکاتەوە؟ هەم لە شوێنێکی وەک مەتینا! ئێستا لە باکوری مەتینا شەڕ هەیە، لە ناو مەتینا بۆچی بەرەیەکی دیکە لەدژی پێشمەرگە بکەینەوە؟ لێرەدا هیچ ژیریەک نییە و هیچ بناغەیەک بۆ ئەو شتە نییە. واتە گەریلا هێرشی نەکردووەتە سەر پێشمەرگە. ئایا گەریلا شێت بووە بەرەی دووەم لەدژی خۆی بکاتەوە؟
ئەو کاتە ئەمە چ دۆخێکە؟ پلانیان هەیە کە ئیلا و بیلا پێشمەرگە لە بەرانبەر گەریلا بۆ شەڕ بەکاربهێنن. ئێمەش هیچ فەرمانێکمان نەداوە کە لەدژی پێشمەرگە شەڕ بکرێت و تەڤگەرەکەمان بە هیچ شێوەیەک بڕیارێکی بەم شێوەیەی نەداوە. ئێمە شەڕی کورد و کورد لەم سەردەمەدا وەک کارەسات دەبینین. وەک گەورەترین هەڵە دەبینین. واتە هیچ هەڵوێستێکی بەم شێوەیەمان نییە. هیچ فەرمانێکی بەم شێوەیەمان نەداوە و بیر لە بڕیارێکی بەم شێوەیەش ناکەینەوە. بەڵام بە ڕاستی یاریەک هەیە. ئێمە باش دەزانین لەم کاتە مێژووییەدا شەڕی کورد و کورد بۆ داهاتووی گەلی کورد مەترسیەکی گەورە دروست دەکات. نە لە بەرژەوەندی ئێمە و نە لە بەرژەوەندی گەلی کورددایە.
لەسەر ئەم بناغەیە پێویستە باش لە رووداوەکەی مەتینا تێبگەن. کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی لە دوو لاوە، بە هەموو ئامێرێکی شەڕ و بە ئۆتۆمبێڵی زرێپۆش، خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کرد و هاتنە ناو هەرێمەکانی گەریلا، بە راستی هیچ واتایەکی نییە. ئەو هەرێمانە هەرێمی سەربازین و ٢٥ ساڵە پێشمەرگە نەچووەتە ئەو هەرێمانە و هەرێمێکە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی گەریلادایە. بێ ئەوەی ئاگادریەک بدەن هەڵیانکوتایە سەر هەرێمەکە. لە راستیدا پەیوەندی هەیە. دەتوانن زانیاری بدەن. ئێستا وەها پیشانی دەدەن کە کارێکی یاساییان کردووە و شتێکی ئاشکرایە. ئەگەر شتێکی یاسایی و ئاشکرا دەکەن، دەتوانن زانیاریمان پێبدەن. یان ٢ – ٣ ئۆتۆمبێڵ بنێرن. ئایا ١٠٠ ئۆتۆمبێڵی سەربازی زرێپۆش ڕاستە؟ دەڵێن، 'ئێمە لەوێ سەروەرین. بۆ ئەوەی لە گردێک بچین بۆ گردێکی دیکە، یان بچینە شوێنێکی پێویست، فەرمان لە کەس وەرناگرین. ئێمە لێرەین و ئێمە سەروەرین.' سەر سەری من باشە تو سەروەری. کاکی خۆم ٥ کیلۆمەتر نزیکی. لەوێ شەڕ هەیە. ئێستا بچوو لایەکەوە. بۆچی هاوکاری تورکیا دەکەی. تو سەروەربە باشە. دۆخێکی نائاسایی هەیە، وا دەیبینی لەبەرانبەر دوكەڵ هەیە، زەویەکان دەسووتێن و فڕۆکە دەگەڕێت، تۆپ کار دەکات و توش هاتوویت و لە پشتەوە دەستت بە جووڵە کردووە. ئەمە تا چ ڕادەیەک دۆخێکی مرۆڤیە، ئەمە تا چ ڕادەیەک یاساییە و تا چ ڕادەیەک کوردپەروەریە؟
بە راستی هیچ بناغەیەکی بۆ نییە، هیچ شرۆڤەیەکی نییە. دەڵێن، 'ئێمە لێرە سەروەرین، ئێمە لە سەر رێگەین و گەریلا هێرش دەکات.' گەریلا هێرش ناکاتە سەر هیچ کەسێک. بەر لە هەموو شتێک ئەمە دەڵێم. ئێستا لەنیوان ئێمەدا پەیوەندی هەیە. هەندێک دۆست نێوەنگیری دەکەن. لەم رۆژەدا کە ئێمە لەسەدەی ٢١ داین، هەموو مرۆڤێک کێشەکانی بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر دەکەن. باشە، ئێمەی کورد بۆچی بە دیالۆگ کێشەکانمان چارەسەر ناکەین، بۆچی دەیانەوێت بە سەربازی بکەن. بە بێدەنگی، سەرباز و لەناکاودا هێرش دەکەن. بۆچی، هۆکار چییە و ئەمە لە خزمەتی کێدایە؟

 

*لەگەڵ ئەوەی دەرفەتی دیالۆگ هەبوو، بۆچی لەناکاودا لە مەتینا پەدەکە دەستوەردانی کرد؟
ئێمەش دەپرسین بۆچی ئەم دۆخە دروست بوو. ئێستا لە باکوری مەتینا لە هێڵی کێستێ و گردی زەندورا، هەرێمی زاپ لە قەڵای بەدەوێ، لە ئاڤاشین لە دۆڵی ماران و لە گردی مەرڤانۆس داگیرکەری تورک گیریخواردووە و ناتوانێت پێشبکەوێت. ئەو بەرخۆدانەی ئەمڕۆ لە گردی زەندورا و مەرڤانۆس دەکرێت، بۆ هەموو کوردێک جێگەی شانازی و شادومانیە. بە راستی کوڕ و کچە کوردەکان بە شێوازێکی نوێ، ئەمە ٤٣ رۆژە لەبەرانبەر داگیرکەری تورک بەرخۆدان دەکەن و رێگە نادەن داگیرکەری تورک پێشڕەوی بکات. ئەمە دۆخێکی نوێیە. بە راستی لە مێکووی بەرخۆدانی کورددا ئێمە وەک دۆخێکی نوێی دەبینین. راستە، بەرخۆدانی قەڵای دمدم ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو، بەڵام ئەو کاتە وەک ئێستا چەکی پێشکەوتوو و تەکنیک نەبوو. ئێستا دوژمن زۆر چەک بەکاردەهێنێت، فڕۆکە، تۆپ  هەموو جۆرە گازی ژەهراوی بەکاردەهێنن، بەڵام داگیرکەری ناتوانێت بەرخۆدانی گەریلا بشکێنێت. لە بەرانبەر گەریلا گیری خواردووە. ئەمە زۆر گرنگە. شتێکی ئاسایی نییە. ئەمە بۆ هەموو کوردێک دەستکەوتێکی گەورە کە بەدەستناهێنرێت. واتە لە بەرانبەر دەوڵەتی تورک کورد دەبێتە ئیرادە.
دەوڵەت ئێستا نە ناچاری هاواری بۆ کوردی خیانەتکار دەبات. ئێوە دەزانین چۆنە؟ بۆ ئەوەی بتوانن گردی زەندورا بگرن، کورد بەکاردەهێنن. لەنێو جاشەکانی سێگرکێدا کوردی خایین هەیە. دەیانەوێت ئەوان بخەنە تونێلەکانی شەڕ لە زەندورا، بەڵام ناتوانن. کورد دەخەنە پیش خۆیان و دەیانەوێت بە دەستی کورد ئەم بەرخۆدانە بشکێ. بەداخەوە مێژووی تێکۆشانی کورد هەموو کاتێک بەم شێوەیە بووە. هەروەها کامێرا بە سەگەوە دەبەستنەوە و دەیانخەنە ناو تونێلەکانەوە، بۆ ئەوەی بزانن لەناو تونێلەکاندا دۆخەکە چۆنە. بەڵام بەو شێوەیەش هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێناوە، واتە هەندێک جار کورد و هەندێک جار سەگ بەکاردەهێنن. وەک ئەوەی کورد و سەگ بخەنە یەک ئاست. لەوێ بەرخۆدانێکی گەورە هەیە. دەوڵەتی تورک لەوێ گیریخواردووە.
ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت، ئەو بریار و دەستوەردانەی پەدەکە لەسەر چیای مەتینا، بۆ تورکیا دەبێتە پشتگیری و بۆ بەرخۆدانی گەریلا لە گردی زەندورا تێک بچێت، هەوڵدانێکە. ئەوان دەتوانن بڵێن وانییە. بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ تەڵەکە بەم شێوەیەیە. راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ئەو رۆڵە دەبینن. لە ئێستادا رۆڵەکانی گەلی کورد لەو جێگەیە بەرخۆدان دەکەن، لە پشتەوە گەمارۆیان دەدەی، ئەمە بە واتای چی دێت؟ ئەمە پەیامێکی بەم شێوەیەیە. بە راستی ئەم بەرخۆدانە بۆ هەموو کوردێک جێگەی شادمانیە. من لە هەندێک لایەندا بە راستی سادەم، من ئەمە بە ئاشکرایی دەڵێم و با گەلەکەمان بزانێت. هیوام وابوو لە بەرانبەر داگیرکەری هەندێک کەس پشتگیریمان دەکەن. دەبینن کە ئێمە بەم شێوەیە لەدژی دوژمن شەڕ دەکەین و ئەوانیش هاوکاریمان دەکەن. هیوام بەم شێوەیە بوو. بەڵام وانەبوو و ئەم رووداوە روویدا.
لە مێژووی کورددا ئێمە دەزانین کاتێک هۆزەکان بەرانبەر یەکتری شەڕیان دەکرد لە کاتی هێرشی عوسمانیەکان یان دەوڵەتانی دیکەدا دەستیان لە شەڕی یەکتری هەڵدەگرت، پێکەوە لەبەرانبەر دەوڵەتان بەرخۆدانیان دەکرد. یان کاتێک یەکێک بەرخۆدانی دەکرد، ئەوەی دیکە هیچ نەبێت لەدژی شەڕی نەدەکرد. بۆچی؟ لەبەرئەوەی رەوشێکی مەردانە نییە. دوژمنێکی گەورە و دڕندە هاتووە و لەبەرانبەر لایەنێک شەڕ دەکات و توش لە پشتەوە شەڕی کورد و کورد بکەی راست نییە. بۆیەش دەڵێم، ئەمە کردەوەیەکە کە لە جێی خۆیادا نییە و هیوادارم کە بەرپرسانی پەدەکە، یان هەر کەسێک ئەم بڕیارەی داوە ئەم راستیە ببینێت. ئەمە شتێکی مەردانە نییە. لە کەلتوری کوردیدا جێگەی نابێتەوە. لەگەڵ شەرەفی کورد یەکناگرێتەوە. ئێستا هێرشێکی گەورە لەسەر ئێمە هەیە، ئەگەر هاوکاری ناکەن، هیچ نەبێت پە پشتەوە بەرەیەکی نوێ نەکەنەوە.
بیستومە و ئاگادارم خولوسی ئاکار بە بەڕێوەبەری پەدەکەی وتووە 'پێویستە پێشمەرگە بەشداری شەڕ بکات.' لە ٢٠ی ئایاردا بەڕێوەبەری پەدەکە بۆ ئەمە کۆبوتەوە. چ بڕیارێکیان داوە، پێویست ناکات ئێمە لێرەدا باسی بکەین.
بەڵام شتێکی دیکە هەیە و بە راستی شتێکی شاراوە بوو. تاوەکو ئێستا من دەمگوت ئەگەر کاک مەسعود ببینم، ئەو شتەی پێرادەگەیەنم، یان بەرپرسانی پەدەکە ببینم پێیان دەڵێم. بەڵام ئێستا بۆ رای گشتی کورد ئاشکرای دەکەم. بەرلە چەند مانگێک لە رێگەی هەندێک دۆست، دەوڵەتی تورک هەتا تەیب ئەردۆغان خۆی، داوای لە ئێمە کردبوو کە لەناو تورکیا واتە باکوری کوردستان ئێوە ئاگربەست رابگەیەنن، ئێوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەرچیەک دەکەن، ئێمە سەرقاڵی نابین'. واتە لەگەڵ ئێمەدا ئاگربەست رابگەیەنن، ئەوەتە شەڕتان لەگەڵ پەدەکە هەیە، بڕۆن لەگەڵ وان شەڕ بکەن. ئەمە یاری دوژمنە. پێویستە ئێمە لەبەرانبەر ئەم یاریەی دوژمن هوشیار بین. دەوڵەتی تورک هەموو کاتێک کوردی بەم شێوەیە هەڵخەڵەتاندووە و لەدژی یەکتری بەکاری هێناون. بەم شێوەیە سەرکەوتووە. ئەمە دوژمنە. مێژوومان هەیە. لە مێژووی گەلی کورددا دەوڵەتی تورک لە هەموو قۆناغێکدا، هەم لە کاتی عوسمانیەکان و هەم لە سەردەمی کۆماردا، هەرچی بەڵێنێکی بە کورد دابێت، بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە. پێویستە مرۆڤ ئەمە باش باش ببینێت.
پێویستە ناکات بیر لە دوور بکەینەوە. لە مێژوویەکی نزیکدا، لە ئەنجامی پیلانگێری نێودەوڵەتیدا لەساڵی ١٩٩٩ سەرۆک ئاپۆیان دەستگیر کرد و رادەستی دەوڵەتی تورکیان کردەوە. ئەو کاتە تورکیا خۆشحاڵ بوو و وتی، "پەکەکە نەما". ئەو کاتەش ئاگربەستمان راگەیاندبوو. دەوڵەتی تورک دوای ئەوە چی کرد؟ لە بەرانبەر تەڤگەری و سیاسەتی باشوری کوردستان هێڵی سووری دروست کرد. پەیوەندیەکانی لەگەڵ باشوری کوردستان وەک هێڵی سوری دانا. هێڵی سور واتە دوژمن. کاتێک لە ٢٠٠٨ لە زاپ لەبەرانبەر گەریلا شکستیان هێنا، بینیان کە لە باشور ناتوانن بە تەنها سەربکەون، هێڵی سوریان هەڵگرت. ئەوە ئەزموونێکە. هەروەها لە نەوەتەکاندا حزبولایان لەدژی ئێمە هاندا. دوای ئەوەی سەرۆکاتەی دەستگیرکرا، لە ئەستەنبوڵ سەرۆکی حزبوڵا و ژمارەیەک لە ئەندامانیان کوشت. پاشماوەکانی حزبوڵاشیان دەستگیرکرد و راپێچی زیندانەکانیان کرد. دەوڵەتی تورک بەم شێوەیەیە، هەموو کاتێک کوردیان بەم شێوەیە هەڵخەڵەتاندووە، بە دەستی کورد بەرخۆدانی کوردیان تەسفیە کردووە و دواتر خۆی کردووە بە سەروەر.
ئێستاش دەوڵەتی تورک پلانێکی بەم شێوەیەی داناوە. هیوادارم هەموو لایەنەکان لەبەرانبەر ئەم پلانە هوشیار بن و نەبین بە بەشێک لە یاریەکە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت شەڕی ناوخۆیی لەناو کورددا دروست بکات و خۆی سەروەر بێت. بۆ ئەوەی ستراتیژی خۆی ئەنجام بدات ئەم کارە دەکات. ئێمە چاوەرێ دەکەین کە راستی لەلایەن رای گشتی و هەموو لایەنە سیاسیەکانی کورد بە باشی بزانرێت.

 

* ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە هاتن بۆ کامپی گەریلا لە مەتینا چییە؟
 لەسەر مەتینا دۆڵ و کەندێکی زۆر گرنگ هەیە، کە مەتینا دەکات بە دوو بەشەوە. هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەوێ جێگیر بوون. لەوێ لە ٧ شوێن و خاڵدا خۆیان جێگیرکردووە. هێزەکانی ئێمەش لەو شوێنانەوە نزیکن. ئەمڕۆ زانیارییان پێدام، کە 'بەرەو ئێمە رێگا دروست دەکەن. نێوانمان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ مەترە'، هێزەکانمان لێمان دەپرسن و دەڵێن، 'ئێمە چی بکەین؟' ئێمەش وتمان، 'هەڤاڵ ئێستا راوەستن. یانی بڵێیت کارێک بکەن، کە رێگاکە بهێنن تاوەکو شوێنەکەى ئێوە؟' یانی بابەتێکی هەستیاری لەو جۆرە لە گۆڕێدایە. لەوێ سەنگەری شەڕ دروست دەکەن. حەفارە و شۆفڵ و زرێپۆشیان هێناوە. لە هەمان کاتدا بەرەو کامپەکانی هەڤاڵانمان دەڕۆن. ئێمە جارێکیتر زانیاریمان بۆ هات، کە لەگەڵ حکومەتی عێراق دا رێککەوتنێکیان کردووە. ئەو رێککەوتنە چەند رێککەوتنی ناوەندییە، یان نا، ئێمە نازانین، بەڵام دەیانەوێت هەندێک لە هێزەکانی عێراقیش بەشداری ئەو شەڕە بکەن. لەوێ شاخی چارچەل هەیە و دەیانەوێت ئۆپراسیۆن و هێرش بکەنە سەر ئەوێ. شاخی چارچەل ساڵەهای ساڵە گەریلای تیادایە و شوێن و واری گەریلا لەوێیە. گەریلا بە گوشاری سەربازی و بە زۆرداری پاشەکشە ناکات. ئەوە لە بیر و هۆش و عەقڵییەتی ئێمەدا نییە.
بە راستی لەوبارەیەوە ئێمە داوا لە گەلەکەمان دەکەین. ئەگەر ئەوان لەوێ بڕۆنە سەر هەڤاڵانمان، هەر هێزێکی سەربازی ئەگەر هێزێکی تری سەربازی بڕواتە سەری، ئەو هێزە خۆی دەپارێزێت. بۆ ئەوەش بەڕاستی ئەو بابەتە بۆ ئێمە هەستیارە. ئەگەر لە بەرامبەرماندا بەرەیەکی دووەم بکەنەوە، باشە ئەوە چ بەرژەوەندییەکی گەلی کوردی تیادایە؟ ئەوە خزمەت بە کێ دەکا؟ تەنها خزمەت بە دەوڵەتی تورک دەکات. ئێستا هەڵدەستن و بەرامبەر بە ئێمە دەڵێن، 'ئێوە لێرە چی دەکەن و چیتان دەوێت؟' باشە، ئێمە ٤٠ ساڵە لێرەین. بۆ تاوەکو ئێستا ئەوەتان نەدەوت. بابەتی دووەم ئەوەیە، لە ئاگربەستی ٢٠١٣دا، کە رۆڵی کاک مەسعودیشی تێدا بوو، بە رەزامەندیی ئەوان و بە قبوڵکردن و پەسەندکردنی هەمووان ئێمە گەریلاکانمان لە باکوورەوە کشاندەوە بۆ باشووری کوردستان. ئەو کاتە هەموویان ئەوەیان قبوڵ بوو. دوای ئەوە دەوڵەتی تورک پرۆسەى ئاشتیی تێکدا و خواستی بە شەڕ کۆتایی بە ئێمە بهێنێت، لە باکوور و باشوور لە هەموو شوێنێکدا هێرشی کردە سەرمان.
کوردستان دیالکتیکی هەیە. ئێمە کوردستانمان نەکردووە بە ٤ پارچە، دوژمن کردوویەتی بە ٤ پارچە. دیالکتیکی کوردستان چییە؟ کاتی خۆی، کە لە باشوور شەڕ هەبوو لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٨٠ دا پێشمەرگەکان باکوریان بەکار دەهێنا. ئەو کاتە پێشمەرگەکان شەمزینانیان بەکاردەهێنا، چەلێ، کۆماتا و چیایی جودییان بەکار دەهێنا. ئەوە دیالکتیکی کوردستانە. ئێمەش ٤٠ ساڵە لێرەین. باشە ئێستا ئەوەتان بیرکەوتەوە و بە مێشکتاندا هات، کە لێرە سەروەر و باڵادەستن و بۆ هەر شوێنێک دەتانەوێت بڕۆن، باشە ئێوە سەروەر و باڵادەستن. ئێمە بۆ ئەوە هیچ ناڵێن، بەڵام ئێستا دۆخی ئاوارتە و نائاسایی هەیە. لەو دۆخەدا ئەو جموجوڵە خزمەت بە دۆزی گەلی کورد ناکات. خزمەت بە داهاتووی گەلی کورد ناکات. ئەوە مەترسیی زۆر لەگەڵ خۆی دەهێنێت. وەک پێشتر ئێمە وتمان، ئێمە نامانەوێت لە بەارمبەر کورداندا چەک بەکار بهێنین. شەڕی کورد و کورد نە لە خزمەتی ئێمەدایە و نە لە خزمەتی گەلی کورددایە. هەندێک دوور لە ئێمە بوەستن. ئەم شوێنە بۆ ئێمە گرنگە. ئەوانیش ئەوە دەزانن و ئەوانیش وەک ئێمە شەڕیان کردووە و دەزانن شەڕ چییە.
ئێستا لە مەتینا دۆخێکی مەترسیدار هەیە. هەموو ساتێک ئەگەری ئەوە هەیە لە نێوان ئێمە و پەدەکەدا شەڕ رووبدات. من بۆ ئەوە بانگەوازم هەیە و لە پێش هەموانەوە داوا لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) دەکەم، کە بۆ یەکێتیی کورد رەنج و خەباتیان هەیە و سپاسیان دەکەم و پیرۆزباییان لێدەکەم. من داوا لە هەموو حیزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەى کوردستان دەکەم، بە ڕاستی ئێستا دۆخێکی جدی هەیە. ئێمە نامانەوێت شەڕی کوشتنی خوشک و برا رووبدات، بەڵام خۆیان خستووەتە ناو شەڕەکەى ئێمە، کە بەرامبەر دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیکەین. ئێستا چوونەتە ناو هەڤاڵان. هەموو ساتێک ئەگەری روودانی شتێک هەیە، کە من نامەوێت و میللەتی کورد و رای گشتیی کوردیش نایانەوێت. بۆ ئەوەش من تکا دەکەم هەموو حیزبەکان و هەموو هێزەکان لە بەرامبەر ئەوەدا بێدەنگ نەبن و دەستێوەردان بکەن.
من داوا دەکەم بەرپرسانی پەدەکە و یەنەکە، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، زەحمەتکێشان، سۆسیالیست، حیزبی شیوعی، هەموو رۆشنبیران، هونەرمەندان، رێکخراوە مەدەنییەکان لە بەرامبەر ئەوەدا هەڵوێستیان هەبێت و بڕۆن بۆ ئەوێ. رەنگە مرۆڤ نەتوانێت بڕوات بۆ ئاڤاشین و زاپ و هەندێک شوێنی تر، چونکە رۆیشتن بۆ ئەو شوێنانە زەحمەتە، بەڵام رێگای مەتینا کراوەیە و رێگاکە دێت تاوەکو ناوەند. هەر کەس بیەوێت دەتوانێت بێت و سەیر بکات تاوەکو بزانێت کێ مافدارە و کێ مافدار نییە. دەستی خۆتان بخەنە سەر رووداوەکە. ئێمە هەرگیز لە دژی سەروەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان نین، بەڵام وەک وتم، دیالکتیکی کوردستان هەیە. ئێستا هەلومەرجی ئاوارتە و نائاسایی هەیە، دوژمن دێتە سەرمان و هێرش دەکاتە سەرمان.
من داوا لە هەموو کەسانی خاوەن ویژدان دەکەم. داوا لە وڵاتپارێزان و دیموکراتەکان دەکەم. داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم، کە نایانەوێت خوێنی گەنجانی کورد بڕژێت، داوایان لێدەکەم، ئەو کارە بەو شێوەیە نابێت. ئێمە لە بەرامبەر دوژمنی داگیرکەردا شەڕ دەکەین. بەو شێوەیە هاتوونەتە سەرمان و هەڵگیرساندنی شەڕێکی ناوخۆیی خزمەت بەو گەلە ناکات. دەڵێن، پەکەکە هێرشی کردووە، پەکەکە لە کوێ هێرشی کردووە؟
من داوا لە هەموو کەس دەکەم، ئێستا هەندێک دەرفەت هەیە و لە نێوانماندا شەڕ رووی نەداوە. ئەو هەوڵە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ رابگرن. کاتێک من ئەوە دەڵێم، ئەوە لە لاوازییەوە نییە. من کوردێکم، هەموو تەمەنی خۆمم بۆ کوردستان تەرخانکردووە. هەموو هەڤاڵانی تریشمان تەمەنی خۆیان بۆ کوردستان تەرخانکردووە. من ئەو تەمەنەشی ماومە تاوەکو دوا هەناسە بۆ کوردستانی تەرخان دەکەم. دڵم دەسوتێت و ئاگر دەگرێت. حیزبەکەمان نایەوێت، سەرۆکایەتیمان نایەوێت جارێکیتر شەڕی کورد و کورد رووبدات. لە سەدەی ٢١دا شەڕی ناوخۆیی نابێت. سەیر بکەن دەوڵەتی تورک چی دەڵێت؟ دەڵێت، 'ئەوانە هەموویان خێڵەکی و عەشیرەتن، یەکتر دەکوژن و نەتەوە و میللەت نین'. بەو شەڕە ئێمە رایدەگەیەنین، کە ئەو قسەیە راستە، ئێمە میللەت نین و عەشیرەتین. ئێمە لە سەدەی ٢١داین. گفتوگۆ هەیە، موناقشە هەیە. ئەگەر ئێمە ناتوانین لەگەڵ یەکتر دانیشین تەواو، خۆ ناوبژیوان هەیە لە نێوانماندا، کەواتە نابێت ئەوە رووبدات.
بۆیە ئێمە ئەوەمان دەوێت، ئێستا دەوڵەتی تورک هاتووە و ئێمە بڕوامان بە خۆمان هەیە. ئێمە لە شەڕ ناترسین و ئێمە بڕوای تەواومان  بەخۆمان هەیە. ئێمە لە شەڕی ناوخۆیی دەترسین. ئێمە لەشەڕ لەگەڵ دوژمن ناترسین. ئێمە بانگەشە دەکەین و من ئەوە لە بەردەم رای گشتیدا دەڵێم، ئێمە ئەو دوژمنە تێکدەشکێنین. شەڕی ٤٦ رۆژە ئەوەی سەلماندووە و ئێستا دوژمن ناتوانێت پێشڕەوی بکات و ناتوانێت ئەو شاخانە بگرێت، کە دەیەوێت و پلانی بۆ داناوە. راستە، بە فڕۆکە هەموو شوێنێک بۆردومان دەکات، بەڵام ئێمە خاڵی هەستیاری ئەوانمان گرتووە و دوژمن بە بنبەست گەیشتووە. ئێستا زانیاریم بۆ دێت، لەسەر شاخی زەندورا و لە هەموو شاخەکاندا سەربازانی تورک ورەیان رووخاوە، ماند و شەکەت بوون، باری دەروونییان تێکچووە، هیچ ورەیان بە بەرەوە نەماوە و بۆ ئەوەش هەموو ٢ رۆژ جارێک هەموو سەربازەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن.
ئێمە دوژمنمان چەقاندووە و بە بنبەستمان گەیاندووە، بەڵام ئەو دوژمنە دڕندەیە و بەسەرماندا دێت. ئەگەر ئێوە هاوکاریمان ناکەن، بۆ رێگریمان لێدەکەن و گرفتمان بۆ دروست دەکەن و دێنە سەر رێگامان. ئێوە ئەو هەموو ساڵە راوەستان، ئێستاش بوەستن، با ئارامی دروست ببێت، ئەو کاتە ئێوە چی دەکەن و چی دەڵێن، وەرن بیڵێن. ئەگەر ئێمە وتمان نا، ئەوا ئێوە مافدارن. ئەگەر ئێوە پشتیوانی و هاوکاری ناکەن، هەر هیچ نەبێت ئێستا راوەستن. ئێمە ئەوەمان لە گەلەکەمان دەوێت و بانگەوازمان بە تایبەتی بۆ گەلەکەمان لە بادینانی خۆشەویست هەیە. ئەو هەموو رەنجەتان هەیە. ئێمە دەزانین گوندەکانتان خاپوور دەکرێن و دوژمن هەموو شوێنەکانی ئێوەی  کردووەتە ئامانج و کاول و تاڵانیان دەکات. ئەو دوژمنە دوژمنێکی دڕندەیە و ئێمە ئەوە دەزانین. ئێمەش بەو رووداوانە ناڕەحەت و خەمبار دەبین. ئەو دوژمنە دێتە سەرمان تاوەکو ئێمە پاکتاو بکات. ئەگەر ئێمە پاکتاو بکات، ئەوا سەیر بکەن تاوەکو بزانن چی بەسەر کوردستاندا دەهێنێت. بۆ ئەوەش بەڕاستی ئێمە دەمانەوێت گەلەکەمان، ریشسپییانی گەلی کورد دەستبەکار ببن تاوەکو رێگری لە ئەگەری روودانی ئەو شەڕە چاوەڕوانکراوە ناوخۆییە بگرن.

 

 

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی لەدوای رووداوەکە وشەیەکی بۆ پارتەکەتان بەکارهێنا و وتی، 'بەکرێگیراون'. بۆ ئەو زماندرێژیە ئێوە دەتوانن چی بڵێن؟
ئەو کەسەی قسەکەی کردووە، ئێمە باش دەیانناسین. سەرەتا ئەم قسەیە بێویژدانیە، قسەهەڵبەستنە. دواتریش یاریکردنە بە عەقڵی گەلەکەمان. ئەوان وا بیر دەکەنەوە، هەرچیەکیان وت، خەڵکی دهۆکیش دەڵێت وایە. خەڵکی دهۆک خەڵکێکی رۆشنبیرە، دەخوێنن، تۆڕە کۆمەلایەتیەکان هەن. ئێوە ناتوانن ئەو قسانە بە گەلەکەمان بدەنە قبوڵکردن. کێ پەکەکەی بەکرێ گرتووە؟ ئێران؟ ئێران هەڤاڵانمان شەهید دەکات. ٢ حەفتە لەمەوبەر لە سەڵماس ٤ هەڤاڵمان بە دەستی ئێران شەهید بوون. ئێمە لەژێر فشاری ئەوانیشداین و هێرشمان دەکەنەسەر. لەلایەکی دیکەوە تورک هەیە کە گەورەترین هێرشمان لەدژی ئەنجام دەدات. ئێوە باسی کێ دەکەن، ئێوە باسی عێراق دەکەن؟ وا دیارە ئێوە عێراق پێکەوە دادەنیشن و پێکەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەکەن. باشە ئەو کاتە کێ ئێمە بەکرێ گرتووە؟ مرۆڤ قسەیەک دەکات، پێویستە بە باشی بزانێت واتاکەی چی دەبێت.
ئێمە فیدایی ئەم وڵایەین. نە ماڵمان هەیە، نە موڵکمان هەیە و نە خانەوادەمان هەیە. ئێمە گیانی خۆمان بۆ ئەم گەلە بەخت کردووە. ئێمە و هەموو هەڤاڵانمان مادیەتمان خستووەتە لایەک، ئێمە بۆ مەعنەویەت، بۆ داهاتووی ئەم گەلە، رەنج دەکیشین و هەوڵ دەدەین. ئێمە سەربەخۆین. مافیان نییە بەم شێوەیە قسە بکەن. ئێمە قسەیەکی پێچەوانەیە. بەڵام بڕوام وایە گەلی بادینان و هەموو گەلەکەمان بە باشی راستیەکە دەزانن، ئەو کەسە کێیە، ئێمە کێین. ئێمە چۆن دەژین، دەزانرێت. ئێمە ژیانمان بۆ ئەم گەلە بەخت کردووە و ئێمە عاشقی ئازادی کوردستانین. هەندێک کەس دەڵێن، 'ئەمە لەدژی کوردن.' باشە چۆن لەدژی کوردین؟ خۆی ئەم تێکۆشانەیە کە کوردی کردووەتە ئیرادە و هێز. باشە کوردایەتی چییە؟ پێویستە ئەمە باش بزانین. ئێمە دەڵێین، بوەستن. ئەوان ناوەستن و دەڵێن 'ئیلا دەتانکوژین. بچن بۆ کوێ دواتان دەکەوین و دەتانکوژین.' ئێمەش بەرانبەر ئەمە بەرخۆدان دەکەین. ئەوانەی خاوەن ویژدانن، کەرامەت و کوردسیاتەیان هەیە، یان دیموکراتەکان دەڵێن، 'ئەمە چ بێ مەرحەمەتیە'.
دەوڵەتی تورک بەم ئەندازەیە هێرش دەکات، گوندەکان تێک دەدات، بەم شێوەیە دارستانەکان دەفرۆشێت ، بە تەنها یەک قسەش لەسەر تورک ناکەن، بەڵام قسە لەسەر پەکەکە دەکەن. باشە، ئێوە تورکەکان بەم ئەندازەیە پاک دەبینن. ئەوە دەوڵەتێکە قێزەون و دوژمن کوردە. ئەو هاوپەیمانیەی لە تورکیا دروست بووە و ئەو دەسەڵاتە لەدژی کورد هاوپەیمانی بەستووە. ئەگەر لەدژی کورد نەبن ناتوانن تەکبگرن.
لەم قسەیەدا شتێکی زۆر مەترسیدار هەیە. دیارە ئەوان بڕیاری شەڕیان داوە. من بانگەوازی دەکەم. ئەمە بریارێکی هەڵەیە. لەبەرئەوەی کەسێکی سەرکردایەتیە و ئاگاداری شتەکانە. یان بۆ ئەوەی بڕیاری شەڕ بدەن، یاخود بیانوویەک دروست بکەن، ئەم کارە دەکەن. خۆی هەندێک راگەیاندن دەگەڕێن و هەواڵی پرۆپاگاندەی رەشکردن دەکەن و بابەتی وەک ئەوەی پەکەکە لەکوێ هاتووە، پەکەکە بەڵای سەری باشورە. بەرلە پەکەکە دەوڵەتی تورک سڵاویشی لە باشور نەدەکرد. پەیمانی جەزائیر بە تەنها ٢ دەوڵەت نەبوون. دەوڵەتی تورکیش لە پشت پەردە بوو. دەوڵەتی تورک ئەو کاتەش دەستوەردانی دەکرد. بەڵگە هەیە. ئەمە دوژمنە، توش هەڵدەستیت و دەوڵەتی قێزەونی تورک وەک  دەوڵەتێکی پاک و پەکەکەش وەک شتێکی خراپ کە گوایە شەڕی هێناوەتە باشور پیشان دەدەیت. ئێمە شەرمان نەهێناوە، دوژمن هاتووە. لەبەرئەوەی بەو بریارەی کە تازە دەریان کردووە، پێویستە دەستکەوتی کورد لە هەموو جێگەیەک تێکبشکێنن. بریارەکەی بەم شێوەیەیە.
ئەگەر ئەو کەسانە وا دەزانین دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر پەکەکە، پەکەکەش لاواز بووە، بۆیەش بۆ ئەوەی لە پشتەوە لێی بدەن و پەکەکە تەسفیە بکەن، هەوڵ دەدەن. ئەگەر ئەوان بەم شێوەیە بیر دەکەنەوە، من پێیان دەڵێم بەداخەوە بۆ ئێوە. پەکەکە لەناو ناچێت. پەکەکە تەڤگەرێکی بیردۆزیە، تا هەر چ رادەیەک لەدژی پەکەکە بوەستیتەوە، پەکەکە ئەو کارە توندتر دەبێت. پەکەکە بە خوێنی کچ و کوڕێ کورد دامەزراوە. بە ملیۆنان لایەنگری پەکەکە هەیە. لایەنگرانی پەدەکە خۆشیان ئەمە دەبینن. سەیری دەکەن. تو بەم شێوەیە سووکایەتی دەکەی و لە پشتەوە لێدەدەی، ئایا گەلی کورد لێتان دەبورێت؟
وەک تر ئەگەر وەک ئەوان دەڵێن پەکەکە تەسفیە ببێت، یان گورزی بەربکەوێت، دواتر نۆرەی یەنەکە و دواتریش ئێوە دەتوێننەوە. پێویستە کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت. پەکەکە بەهۆی ئەوەی ناسنامەی کورد دەپارێزێت، هێرش لەبەرانبەر پەکەکە ئەنجام دەدرێت. پەکەکە تورکیای تێکنەداوە، بە تەنها ناسنامەی کورد دەپارێزێت، بۆیەش هێرش دەکەن. ئەوان دەڵێن، 'ئێمە ناسنامەی کوردمان لە تورکیا لەناوبردبوو، بەڵام عەبدوڵلا ئۆجالان هاتە گۆڕەپانەکە و هەمووانی هەستاندە سەرپێ و تاوانبار ئەوە.' بۆیەش سەرۆکایەتیمان ئەشکەنجە دەدرێت و دەیانەوێت ئێمە لەناو ببەن.
هەموو کەسێک دەزانێت ئێمە بەپێی پەیمانێک هاتووینەتە ئێرە، ٤٠ ساڵە ئێمە لێرەین. لە ١٩٩٥دا دوبارە پەیمان دروست بوو لەنێوانمان و لەو پەیمانەدا هاتووە کە شوێن و جێگەی پەکەکە، حەفتانین، زاپ و خواکورکە. باشە، لە ٢٠١٣دا بە رازیبونی ئێوە لە باکور نەکشاینەوە؟ وەک تر خۆ پەکەکە لە ئەفریقا نەهاتووە. لە ساڵی ١٩٩١ کاتێک لە باتیفا و بێگۆڤای بادینان یەکەم گولە لەبەرانبەر زۆردەستی سەدام تەقێنرا، پەکەکە لەوێ بوو. موشتەشاری ئەو کاتە شایەدحاڵە. کێ لەگەڵ ئەواندا هەڵیکوتایە سەر سەنگەرەکانی سەدان و لەناوی برد و لە بادینان راپەرینی دروست کرد. باشە ئێمەش کەرکوک، مەخمور و شەنگالمان لەبەرانبەر داعش نەپاراست. بەرلەوەش هەیە. پەکەکەش کوردە. راستە، ئێوە دەڵێن ئێمە بەرپرسیاری ئێرەین. باشە کێشە نییە ئێوە بەرپرسیارن.  بەڵام هەندێک چیا هەیە کە ٤٠ ساڵە پەکەکەی لێیە. بەڵام ئێوە جارێکیتر هاتوون و دەڵێن بۆچی ئێوە دێن بۆ ئێرە. وەک ئەوەی بە تەنها لەو شاخانە سەروەریان ماوە و لە هەموو جێگەیەکی دیکە دەسەڵاتیان نەماوە، شتێکی بەم شێوەیە نییە.
بۆیەش ئێمە ئەم بابەتە گرنگ دەبینین. ئێمە دەمانەوێت ئەم هەوڵانە کۆتاییان پێبهێنرێت و دەست لەم هزرەی خۆیان هەڵبگرن. ئەو هزرەی کە پەکەکە ڕەش بکەین، وەک بەکرێگیراو پێناسەی بکەین، وەک بەڵا پیشانی بدەین و شەڕی لەگەڵدا بکەین، لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە. ئەوە بۆ داهاتووی پەدەکەش مەترسیدارە و پێویستە دەست لەم سیاسەتە هەڵبگرن.

 

* چەند رۆژ لەوە پێش هەپەگە داوایکرد دەستەیەکی بێلایەن دروستبکرێت بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە رووداوەکەى مەتینا، بەڵام سەرباری ئەوەش هەر بانگەش دەکرێت، کە پێشمەرگە لەلایەن پەکەکەوە کوژراوە، ئەوە راستە یان نا؟
بەپێی راپۆرتی فەرمیی هەڤاڵانمان لەوێ و بەپێی ئەو رووداوەی لەوێ روویداوە و بەپێی شتە بەرچاوەکان وادیارە رووداوەکە بەمشێوەیە روویدابێت؛ ئەو هێزە لەلای باکوورەوە یانی لەلای کانی ماسییەوە قۆڵێکی دەستی جموجوڵ کرد و قۆڵێکی تریشی لەلای ئامێدییەوە دەستی بە جموجوڵ کرد. ئەو قۆڵەی لە کانی ماسییەوە دێت، هەڤاڵان لەسەر رێگە بۆ ئەوەى رایانبگرن و نەڕوات، بۆ هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیان گولـلەیان تەقاندووە، بەڵام راناوەستن و تێدەپەڕن. لەوێ بە دواوە ئەو ئۆتۆمبێلە زرێپۆشە دەتەقێتەوە. ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کرد و جارێکیتر پرسیارمان لەسەری کرد. هەڤاڵانمان هیچ چەکێکی وەک مووشەک، کە ئەو ئۆتۆمبێلە بتەقێنێتەوە و پارچەى بکات و مرۆڤی تیادا بکوژێت، بەکار نەهێناوە. هەڤاڵانی ئەوێش سەریان سوڕماوە، ئەو رووداوە چۆن روویداوە، بەڵام لەو کاتەدا ٥ بۆ ٦ فڕۆکەى چاودێری بە ئاسمانی ئەو ناوچەیەوە بوون. ئێمە لەو ئۆتۆمبێلەمان نەداوە، بەڵام ئەوان ئێستا دەڵێن، 'پەکەکە خۆی دانی بەوەدا ناوە، کە تەقەی کردووە' ئێمە بە چەکی کەسی تەقەمان کردووە نەک تەقەیەک، کە زرێپۆشێک تێکبشکێنێت. جگە لەوەش ئەو مرۆڤانە بە پارچەى بۆمب یان بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانیان بەرنەکەوتوە، بەڵکو ئەوەندەی ئێمە بە دوایدا چوون، ئەو کەسانە سوتاون. لەبەر ئەوشە دیارە بەرامبەریان مووشەک، یان رۆکێتی ئاگرین بەکارهاتووە.  
لەبەر ئەوەش ئێمە داوامانکرد دەستەیەک لە هەردوو لایەن پێکبهێنرێت، یان دەستەیەکی سەربەخۆ بێت و لە رووی تەکنیکییەوە لێکۆڵینەوەى لەسەر بکات. ئێمە لەو کەسانەمان نەداوە. رێک لەو کاتەدا روودانی رووداوێکی لەو شێوەیە گومانی ئەوەی لەلا دروستکردووین، کە ئەو رووداوە پلانە، کارێکی تێکدەرانەیە. ئێمە ئەو لێکۆڵینەوەیەمان دەوێت و پێویست ناکات ئەو داوایە رەتبکرێتەوە. لە پێناو ئەو مرۆڤانەدا، کە گیانیان لە دەستداوە دەبێت مرۆڤ ئەو لێکۆڵینەوەیە بکات. من ئەوە دەڵێم، کە ئەو کەسانە بێ تاوانن. ئێمە ئەوەشمان بۆ روون بووەتەوە، کە زۆرێک لەو کەسانە نازانن دەیانبەن بۆ کوێ، بێگومان ئەوانە مرۆڤی بێ تاوانن، کە ژیانی خۆیان لە دەستداوە و شەهیدن. من سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان، لە کەسوکارەکانیان دەکەم. بۆ هەموو بریندارەکان هیوای چاکبوونەوە دەخوازم. ئەو رووداوە ئێمەى غەمگین کرد. بەڕاستی ئەوە شتێکە، کە هیچ کەسێک خوازیاری نەبوو. ئێمە نامانەوێت لە نێوانماندا شەڕێک رووبدات. ئەو رووداوە بەو شێوەیە پێکهات. لەبەر ئەوەش ئێمە دەمانەوێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
سەرەتا راگەیاندنەکانی سەر بە پەدەکە بڵاویانکردەوە، کە فڕۆکە لێیداوە. دوای ئەوەى ئێمە وتمان، 'راستە تەقەکردن بۆ هۆشیارکردنەوەى روویداوە، بەڵام رووداوێکی لەو شێوەیەش رووی نەداوە' رێک هاتن ئەوەیان گۆڕی و وتیان، 'پەکەکە هێرشی کردووە'. ئەوە ناهەقییەکە، کە لە پەکەکە دەکرێت. بەڕاستی رای گشتیی باشووری کوردستان هەست بەوە دەکات و لەوەدا هۆشیارە. ناهەقیمان بەرامبەر دەکرێت، تۆمەتێک و کارێک کە ئێمە ئەنجاممان نەداوە، دەیخەنە ئەستۆمان. ژیانی ئێمە دیارە، هەڵوێستی ئێمە دیار و روونە. ئێمە لە کوردەواریدا دەژین و ئێمە بۆ کوردان هەین. بۆ نمونە دەڵێن، ئەوە پلانێکی دوژمنانی کوردە. هەموو دوژمنانی کورد لە دژی پەکەکەن. ئێمە دەمانەوێت ئەو رووداوە روون ببێتەوە. بەپێی نیشانەکانی بەردەست ئەوە لەهێرشێکی ئاسمانی دەچێت، یان لە ناو خودی ئۆتۆمبێلەکەدا تەقینەوەکە روویداوە. لەبەر ئەوەیە ئێمە دەڵێن، پێویستە ئەو رووداوە روون ببێتەوە.

 

* دوا پەیام و وتەى ئێوە چییە؟
ئەم قۆناغە، کە تێکۆشانی گەلەکەمانی پیادا تێدەپەڕێت قۆناغێکی زۆر گرنگە. قۆناغی هەبوون و لەناوچوونە، واتە قۆناغی مان و نەمانە. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت و هەستی پێ بکات، چونکە تورکیای داگیرکەر بۆ ئەوەى گەلی کورد پاکتاو بکات و بیسڕێتەوە بڕیاری خۆی داوە. ئەوە دید و جوڵەکانی دوژمنە. ئەوە بابەتێکی نێوان حیزبەکان نییە. دەبێت ئێمە بە دڵنیاییەوە کێشەکانی نێوان حیزبەکان چارەسەر بکەین. بەرامبەر بە ئێمە مەترسییەکی گەورە هەیە. لەلایەن فاشیزمی دەوڵەتی تورکەوە بەرامبەر بە هەبوون و دەستکەوتەکانی گەلی کورد مەترسییەکی گەورە هەیە. ئەو شەپۆلەی ئێستا لەسەر دەسەڵاتە سەد لە سەد دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو ببەن. بۆ ئەوە من بە گرنگی دەزانم، کە لەم کات و قۆناغەدا هاوبەشی دروست بکرێت. ئەگەر یەکێتیی نەتەوەیش  دروست نەکرێت با هەر هیچ نەبێت زیان بە یەکتر نەگەیەنین. ئێمە ئەوە زۆر بە گرنگ دەزانین.
من ناڵێم ئێمە کامڵین و هیچ کەموکوڕییەکمان نییە، دەبێت ئێمەش کەموکوڕیمان هەبێت. منیش هەر خۆم هەندێک رەخنە دەگرم، هەڤاڵانمان زۆر جار ئەو شتەى، کە دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، بە تەواوەتی جێبەجێی ناکەن، یان درەنگ و بە تەئەخیرەوە جێبەجێی دەکەن. ئێمە بۆ هەندێک لە شتەکان بە تەواوەتی نابینە وەڵامدەر. ئێمە ناڵێین، کامڵ و بێ کەموکوڕین، بەڵام لە ستراتیژیی ئازادیی گەلی کورد دا رێدەکەین و چاودێریی دەکەین. ئێمە دەزانین، کە چوارچێوەیەکە راستە. ئەگەر کەسێک رەخنەى لەسەر ئێمە هەبێت دەتوانێت باسی بکات، بەڵام هەستن شتەکان پێچەوانە بکەنەوە ئەوە قبوڵ ناکرێت. من لەو چوارچێوەیەدا جارێکیتر دەمەوێت گەلی کورد لە باشووری کوردستان، لە باکووری کوردستان و لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان لەم قۆناغ و دۆخەدا، هەستیار و هۆشیار بن. ئێمە چادێری بکەن، سیاسەتی کورد چاودێری بکەن و هەڵوێستی خۆیان بخەنەڕوو و رەخنەى خۆیان بکەن و رەخنەى خۆیان بڵێن. ئێمە دەمانەوێت لەم سەردەمە گرنگەدا کورد سەربکەوێت. کورد لە ناوچەکەدا ببێت بە هێزێک. مافی گەلی کوردیشە لەسەر ئەم خاکە بە شێوەیەکی ئازاد بژی. دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەوە لە ناو ببات.
بەڵام ئێمەش دەمانەوێت لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دا شەڕ بکەین و قوربانی و باجەکەشى چی بێت با ببێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە سەردەکەوین. ئەگەر ئێمە ئەو شەپۆلە فاشیستە پاکتاوکارە داگیرکەرەی تورک تێکبشکێنین نەک تەنها کوردستان ئازاد دەبێت، تورکیاش لە ژێر چەپۆکەى فاشیزم رزگاری دەبێت. مەترسییەکی گەورەش لەسەر گەلانی ناوچەکە، عەرەب، ئاسووری، سوریانی و هەموو گەلانی ناوچەکە نامێنێت. بۆ ئەوەش لە بەرامبەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورکدا هەڵوێست گرتن و ئەو بەرخودان و خۆڕاگرییەى ئەنجام دەدرێت، زۆر بە پیرۆزی دەبینم. لەو پێناوەدا چی بکرێت ئێمە دەڵێین، لە جێی خۆیدایەتی. ئێمە لەو بارەیەوە و لەو پێناوەدا پێداگر و بە بڕیارین و لەم کات و قۆناغەدا بۆ گەلی کورد و بۆ هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان ئەم تێکۆشانە سەردەخەین  ئومێد و هیوا و بڕوامان ئەوەیە.
بێگومان لەو پێناوەدا ئێمە پشتیوانیمان لە هەموو کەسێک دەوێت. بە تایبەتی لەبابەتی نەتەوەیدا ئێمە دەمانەوێت هەموو کەس لایەنگر بێت تاوەکو هاوبەشی دروست ببێت، یەکڕیزی دروست ببێت، هەموو کەس بۆ ئەوە هەوڵ بدات و بدوێت و قسەى لەسەر بکات، بەڵام کێ هەڵە بێت، دەبێت گەلی کورد لە بەرامبەر ئەوانیشدا بوەستێتەوە، چونکە بەڕاستی لەم سەردەمە مێژوویی و گرنگەدا ئێمە بە دڵنیاییەوە دۆزی ئازادیی گەلی کورد سەردەخەین. من ئومێد و بڕوام بەوە هەیە، کە ئەو هیوا و ئومێدەی من زیندووە. من لەو بڕوایەدام لەم کات و قۆناغەدا هەر چەند هێرشەکانی دوژمن هەبن و کێشەشمان هەبێت، بەڵام توانایی و دەرفەتی ئەوەشمان هەیە، کە سەربکەوین. ئێمە هیودارین و بڕوامان بەوە هەیە، کە داهاتوو، داهاتووی کوردستان دەبێت.

 

ژێدەر: ANF

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×