ئیسرائیل؛ ئیبراھیم رەئیسی تونڕەوترین سەرۆکی مێژووی ئێرانە
  2021-06-20       783       


ئیسرائیل، ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئێران بە توندڕەوترین سەرۆکی ئێران ناو دەبات و لەو بارەیەوە ھۆشداری دەدات.

ئاوێنه‌: لیئور ھایات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی فراوانبوونی رۆڵی ئێران لەسەردەمی ئیبراھیم رەئیسیدا ھۆشداری دا و ئاماژەی بەوە کرد، ئیبراھیم رەئیسی توندڕەوترین سەرۆکی ئێرانە و رۆڵی ھەبووە لە لەسێدارەدانی زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەس بە شێوەیەکی نایاسایی.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوەش کردوە، رەئیسی وەک کەسایەتییەکی توندڕەو ھەوڵی خێراکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی دەدات و ھەڵبژاردنیشی نیازی خراپی ئێران دەردەخات، ئەمەش نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران رابگیرێت و توانا موشەکییەکانیشی ھەڵبوەشێنرێتەوە.

نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیلیش رایگەیاند، ھەڵبژاردنی ئیبراھیم رەئیسی زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ دەوڵەتە گەورەکان و دەبێت رێگە لە تاران بگیرێت ببێت بە خاوەنی چەکی کۆکوژ و وتیشی، ئێرانییەکان سەرۆکی نوێیان ھەڵنەبژارد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×