مەلا یاسین: لەسەدا ٦٧ی پڕۆژەكانی هه‌رێم بە كەرەستە و ستاف و تەكنۆلۆجیای توركی دروست كراوە
  2021-06-21       1437       


سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، “لە كۆی ٥٥ ملیار دۆلار پڕۆژە كە هەمانە لە كوردستان، لەسەدا ٦٧ی پڕۆژەكانمان بە كەرەستەی توركی، بە ستافی توركی و بە تەكنۆلۆجیای توركی دروست كراوە.

ئاوێنه‌: یاسین مەحمود سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە ئانادۆڵی ڕاگەیاند، ئەمساڵ ساڵی بووژانەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، كۆرۆنا و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا سێ فاكتەری گرنگن كە دەیسەلمێنن دۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر بوون دەچێت و ئەمساڵ ساڵی بووژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان دەبێت و لە دوو هەفتەی داهاتوودا هەرێمی كوردستان و بەغدا هەنگاو بە ئاڕاستەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوانیان دەنێن.

 وتیشی”توركیا گەورەترین فاكتەر بوو لە ئاوەدانی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و دەمانەوێت هەندێك لە كۆمپانیا گەورەكان بانگهێشت بكەین، ئێمە لەگەڵ توركیا ئابووریمان بووە بە یەك ئابووری، ئەگەر بمانەوێت هەرێمی كوردستان دوا نەكەوێت لە پڕۆژەی باش و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ، دەبێت هەوڵی جیددی بدرێت هەم لە ڕێگەی حكوومەت و كەرتی تایبەتەوە هانی كۆمپانیا توركەكان بدەین بێن لە هەرێمی كوردستان ئیشمان بۆ بكەن”.

ئاشكراشیكرد، خواست لەسەر پێداویستییەكان ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠٢١ لە هەرێم ٢٠٠ هێندەی ساڵی ڕابردوو زیادی كردووە و ئەمساڵ ئابووری هەرێم لە هەموو ڕوویەكەوە گەشەی كردووە و كردنەوەی پێشانگاكان و كارگەكان نموونەن.

ڕوونیشیكردەوە، ئابووری ئێمە تێكەڵ بە توركیا بووە كە سەیری پایتەختی كوردستان دەكەین، بۆمان دەردەكەوێت ئێمە لەگەڵ توركیا شانبەشانی یەكتر دەبێت جارێكی دیكە دەست بە دەستی یەكتر بدەین. پڕۆژەكان دەستپێدەكاتەوە و هەزاران ستافی توركیا هاتوونەتەوە و دەستیان بەكاركردووە، توركیا گەورەترین فاكتەر بوو لە ئاوەدانی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان. دەمانەوێت هەندێك لە كۆمپانیا گەورەكان بانگهێشت بكەین. توركیا ئەزموونێكی سەركەوتووی هەیە لەم بوارەدا و پێویستمان پێیان هەیە.

جەختی لەوەش كردەوە، تێچووی پڕۆژە و كەرەستە لە توركیا لە ڕووی نرخەوە بۆ ئێمە گونجاوە و سوودمان لە دراوسێتی توركیا بینیوە و ئەوانیش سوودیان لە بازاڕی ئێمە بینیوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، 27 ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستان هی كۆمپانیا توركەكانە، ئێمە ناتوانین ئەوە بشارینەوە كە دراوسێكانمان سعوودیە و كوێتە كە وەك هەرێمی كوردستان لێمان دوورن، سووریاش دۆخی ئاوای لێهاتووە و ئێرانیش بەهۆی ئەو ئابلۆقە ئابوورییە بەهێزەی كە خراوەتەسەری نەیانتوانی كە بەشداری كارا بن، ئەو شانسە خوا دای بە توركیا، تاكە وڵاتێك كە ئێمە لە كەلوپەلەكانی ناترسێین، كەلوپەلی توركیاین.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×