هەپەگە: لە دوو مانگدا 389 سەربازی توركیا كوژراون
  2021-06-24       380       


هێزی پاراستنی گەل هەپەگە ئاماری شەڕی دوو مانگی رابردووی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاندووە، لەو شەڕانەدا 389 سەربازی توركیا كوژراون.

ئاوێنه‌: بەپێی راگەیەنراوێكی هەپەگە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا كە شەڕ لە نێوان گەریلاكانیان و سوپای توركیادا چڕ بووەتەوە، هێزەكانیان 288 چالاكیان ئەنجامداوە.

راشیگەیاندووە، لەو رووبەڕووبوونەوانەدا 389 سەربازی توركیا كوژراون و 47ی دیكەش برینداربوون.

هەپەگە ئاماژەی بەوەشكردووە، 54 گەریلا لە ئەنجامی هێرشەكانی توركیا و رووبەڕووبوونەوەكانی دوو مانگی رابردوو شەهید بوون.

باڵی سەربازی پەكەكە ئەوەشیخستوەتەڕوو، كە لەو دوو مانگدا سوپای توركیا 17 جار چەكی كیمیایی لە دژی هێزەكانی گەریلا بەكارهێناوە.

هەروەك روونیشیكردوەتەوە، هێزی ئاسمانی گەریلا 39 چالاكیان ئەنجامداوە و لە كۆی چالاكیەكانیش زیان بەر ژمارەیەك لە بنكە و كەرەستە سەربازییەكانی توركیا كەوتووە و دەستیش بەسەر بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی سەربازیدا گیراوە.




زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×