وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: هێشتا لەگەڵ تاران ناكۆكی جددی هەن بۆ بوژاندنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە
  2021-06-25       494       

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، هێشتا ناكۆكی جددییان هەن لەگەڵ تاران لە پەیوەست بە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكان لەبارەی بوژاندنەوەی رێككەوتننە ئەتۆمییەكەی ئێران كە لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچن.

ئاوێنە: ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ هەینی، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاتن لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەكەی.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی، هێشتا ناكۆكی جددیمان هەن لەگەڵ تاران و ئومێد دەكەین لە خولەكانی دیكەی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكانی ڤییەنادا ئەو ناكۆكییە نەمێنن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە درێژنەكردنەوەی رێككەوتنی كاتی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم مایەی نیگەرانییەو ئەو نیگەرانیانەش گەیەندراونەتە تاران.

دوێنێ پێنجشەممە، ماوەی رێككەوتنێكی كاتی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ رێگەدان بە ئاژانسەكە تا چاودێری هەندێك لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بكات، كۆتایی هات.


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×