وەزیری كارەبا: لەمساڵدا سێ سەعات و نیو كارەبای نیشتمانیمان زیادكردوە
  2021-07-30       395       

وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2019، توانیویانە سێ سەعات و نیو كارەبای نیشتمانی زیادبكەن.

ئاوێنە: كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا كە لەلایەن لاپەڕەی وەزارەتەكەوە لە فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاندوە، لەماوەی دو ساڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، توانیومانە 615 مێگاوات كارەبا زیادبكەین: 300 مێگاوات لە خەبات، 165 مێگاوات لە گەرمیان، هەروەها 150 مێگاوات لە توركیاوە بۆ هەرێمی كوردستان راكێشراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لەو ماوەیەدا لە پارێزگای هەولێر بە بەهای 79 ملیۆن دۆلار پڕۆژەی كارەبا جێبەجێ كراون و لەپارێزگای سلێمانی چەندین پڕۆژە لە بواری گواستنەوەی كارەبادا ئەنجام دراون، لەوانە هێڵی بازیان-راپەڕین، هێڵی سەیدساق-تانجەرۆ. هەروەك لە گەرمیانیش چەند پڕۆژەیەك جێبەجێ كراون. لە دهۆكیش زیاتر لە 50 كیلۆمەتر هێڵی 132 كەی ڤی بۆ زاخۆ راكێشراوە لەگەڵ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەكی دیكە.

وەزیری كارەبا وتوشیەتی، هەروەها لە بواری دابەشكردنی كارەبادا زیاتر لە 470 پڕۆژە ئەنجام دراون بە بەهای زیاتر لە 65 ملیار دینار.

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای 2019، لە شەش مانگی سەرەتای 2021دا، زیاتر لە سێ سەعات و نیو كارەبای نیشتمانی زیادیكردوە."

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە لەماوەی ئەم كابینەیەی حكومەتدا "ئێمە دەستمان بە دانانی پڕۆژەی پێوەری زیرەك كردو لە ئێستادا نزیكە لەسەدا 50ی پڕۆژەكە تەواو بوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×