میدیای ڕەسمی یەکێتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکەی بایکۆت دەکات
  2021-08-03       1890       

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەنوسراوێکدا داوا دەکات کە میدیای فەرمی‌و هێزی چەکدار بەکارنەهێنرێن بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بەڵام میدیای ڕەسمی یەکێتی نوسراوەکە بڵاوناکاتەوە.

ئاوێنە: فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نوسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردوە دەڵێت، "پێویستە دەستبەجێ میدیای فەرمی یەکێتی دووربخرێتەوە لەململانێ ناوخۆییەکان". هه‌روه‌ها "بەهیچ شێوەیەک نابێ رێگە بدرێت هێزی چەکدار بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێی ناوخۆی حزب بەکاربهێنرێت."

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی داوای کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ململانێ و کێشەکانی هاوسەرۆکان.

به‌ڵام ئەوەی جێی سەرنجە، میدیای ڕەسمی یەکێتی نوسراوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکەی بایکۆتکردو بڵاوی نەکردەوە.

له‌دوای‌ روداوەكانی 8ی تەمموزو رۆژانی دواتری ناو یەكێتی كه‌ ماڵباتی تاڵەبانی ناویان لێناوە "چاكسازیی‌و نوێبونەوەی یەکێتی"‌و لاهور شێخ جەنگی‌و لایەنگرەكانی بە "كودەتاو پیلانگێڕی‌" ناوی دەبەن، میدیای ڕەسمی یەکێتی پشتیوانیان لەبافڵ تاڵەبانی کرد دژی لاھور شێخ جەنگی.

ئه‌م ڕوداوو پێشهاتانه‌ی‌ ناو یه‌كێتی‌ له‌رۆژی 8ی تەمموزه‌وه‌ ده‌ستیانپێكرد، کاتێک بەبڕیاری بافل تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆرو دەزگای زانیاری گۆردران. ئەمەش ناڕەزایی لاهور شێخ جەنگی لێکەوتەوە، کە بافڵ تاڵەبانی لەمیدیاکانی نزیکییه‌وه‌ چەندین تۆمەتی داوەتە پاڵ‌و بەهۆکاری ناسەقامگیریی‌ سلێمانی‌‌و هه‌رێمی‌ كوردستان، قاچاخچێتی‌، سه‌رانه‌ وه‌رگرتن‌و دورخستنەوەی یەکێتی لەرێڕەوی راستەقینەی خۆی‌و خزمەتکردن تۆمەتباری ده‌كات. 

بەڵام لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان له‌دو په‌یامی‌ ڤیدیۆیدا هەنگاوەکانی بافڵ تاڵەبانی بە "كودەتاو پیلانگێڕی‌" ناوبردو جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ یه‌كێتی‌ به‌جێناهێڵت‌.

وتیشی‌، "بڕیارمداوە کە وەک کۆڵەکەیەک ڕوبەڕوی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوەو تا دوا هەناسەم میللەتەکەی خۆم بەجێنەهێڵم، هەرچی لەدەستم بێت بەپشتیوانیی دڵسۆزان‌و ئێوەی کۆمەڵانی خەڵک ئەنجامیبدەم بۆ دەربازبون لەم دۆخەی کە هەرێمەکەمانی تێکەوتوە، چونکە من بڕیارم دابو کە خزمەتکاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بم."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×