کەشناسی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و لەناوچە شاخاوییە سنورییەکان بڕی بارانبارین زیاتر دەبێت. ئاوێنه: بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، سبەینێ پێنجشەممە 5ی ئابی 2021، لە هەولێر و هەڵەبجە ئاسمان پەڵە هەور دەبێت پاشان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت و خێرایی با لە نێوان پێنج بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، نزمترین پلەی گەرما 33 پلە و بەرزترین پلەی گەرما 43 پلە دەبێت. بەپێی پێشبینی کەشناسی هەرێم، سبەینێ لە شارەکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لەناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بڕی بارانبارین زیاتر دەبێت.