"چاوەڕواندەکرێت نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بۆ 1000 دیناری عێراقی بەرزبێتەوە"
  2021-08-10       653       
سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكاری‌ گرانبونی‌ نرخی‌ به‌نزین بۆ قۆرخكردنی‌ هێنانی بەنزین له‌لایه‌ن چه‌ند کۆمپانیایەک ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌و پێشبینیش ده‌كات كه‌ نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بۆ 1000 دیناری عێراقی بەرزبێتەوە.

ئاوێنه‌: ئه‌مِرۆ سێشه‌ممه‌ جارێكی‌ دیكه‌ نرخی‌ هەر لیترێک به‌نزینی‌ نۆرماڵ 20 بۆ 40 دینار زیادیکردو نرحه‌كه‌ی‌ گه‌یشته‌ 800 دینار زیادیکرد، پێشتر نرخه‌كه‌ی‌ 765 و 775 دینار بووە، هەروەها نرخی لیترێک بەنزینی موحەسەن بۆ 850 تاوەکو 860 دینار زیادیکردووە، دوای ئەوەی لەرۆژانی رابردودا هەر لیترێکی بە 820 بۆ 825 دینار فرۆشراوە، نرخی لیترێک بەنزینی جۆری سوپەریش سێ رۆژ پێش ئێستا 915 بۆ 925 بووە، ئەمڕۆ نرخەکەی بووەتە 950 دیناری عێراقی.


له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ گرانبونی‌ نرخی‌ به‌نزین، کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت، "هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین هەمان ئەو هۆکارانەن کە چوار مانگ لەمەوبەر هۆشداریمان لەسەر داوەو چارەسەرنەکراوە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بۆ 1000 دیناری عێراقی بەرزبێتەوە".
 
وتیشی‌، "ماوەیەکە هێنانی بەنزین لەئێرانەوە بۆ چەند کۆمپانیایەک قۆرخکراوە، هەروەها جگە لەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هیچ رێنوێنییەکی بۆ هاوردەکردنی بەنزین نییە، وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی کۆمەڵێک باج‌و رسوماتی بەسەر کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەنزینی لەدەرەوە بەتایبەت لەئێرانەوەی سەپاندووە کە بووەتە هۆی زیادکردنی نرخەکەی".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×