جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێنج مەرجی پێشوەختەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشكراكرد بۆ داننان بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیباندا لە ئەفغانستان.
ئاوێنە: جان ئێف لۆدریان، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەگەر نەوەی نوێی بزوتنەوەی تاڵیبان، دانپێدانانی نێودەوڵەتییان دەوێت، یەكەم شت دەبێت رێگە بە دەرچونی ئەو هاوڵاتییە ئەفغانییانە بدەن كە لەبەر ترس دەیانەوێت وڵاتەكەیان بەجێ بهێڵن.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وتیشی، دەبێت تاڵیبان رێگەنەدەن ئەفغانستان ببێتە پەناگەیەك بۆ تیرۆرو ئەمەش بەشێوەیەكی كۆنكرێتی بسەلمێنن.
هەروەك بەپێی قسەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا مەرجێكی دیكە ئەوەیە كە تاڵیبان رێگە بدەن هاوكارییە مرۆییەكان بگەنە خاكی ئەفغانستان.
لۆدریان ئاشكراشیكرد كە رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ بەتایبەت مافەكانی ژنان، مەرجێكی دیكەی پێشوەختەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ داننان بە دەسەڵاتی تاڵیبانداو وتیشی، ئەوان دەڵێن رێز لە مافەكانی ژنان دەگرن بەڵام دەبێت ئەمە بە كردەوە بسەلمێنن.
سەبارەت بە مەرجی پێنجەم، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وتی، ئەوەیە كە حكومەتێكی راگوزەر پێكبهێنن.