لە ناوچە جێناكۆكەكان سوپای عێراق و پێشمەرگە سەنگەری هاوبەش دادەنێن
  2021-09-16       483       

بەپێی قسەی فەرماندەی لیوای 2ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ ئەو ناوچانەیان بەسەر كردۆتەوە كە بڕیارە لەگەڵ سوپای عێراق سەنگەری هاوبەشێ لێ دابنێن لە ناوچە جێناكۆكەكان و دەشڵێت: هێزە هاوبەشەکە 50%ی لە سوپاسی عێراق و ئەوی دیکەشی لە پێشمەرگە پێکدێت.

ئاوێنە: عەمید شوان شەمێرانی، فەرماندەی لیوای 2، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە روداوی راگەیاند، "ئامانج لە بەسەرکردنەوە مەیدانییەکە، دیاریکردنی ئەو بۆشاییانەیە کە پێویستیان بە دانانی سەنگەری هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکانە."

فەرماندەی لیوای 2 ئاماژەی بەوەش کرد، "لە تەواوی ناوچەکانی ماددەی 140 لە خانەقینەوە تاوەکو شنگال، سەنگەری هاوبەش لێدەدرێت، کە ئامانج لێی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانە."

بە وتەی عەمید شوان، "هێزە هاوبەشەکە لە هێزە عێراقییەکان و بە دیاریکراوی سوپای عێراق 50% و هێزەکانی پێشمەرگە لە 50% دەبێت."

پێشتر جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە  راگەیاندبو، هێزەکانی پێشمەرگە ناگەڕێنەوە شاری کەرکوک و تەنیا لەو شوێنانە بڵاودەکرێنەوە کە خەڵک تێیاندا نیشتەجێ نین.

لێدوانەکەی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دوای ئەوە بو کە سێ پەرلەمانتاری عەرەب و تورکمان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، هێزەکانی پێشمەرگە هەڕەشەی داعش دژی کەرکوک وەکو بیانویەک بەکاردەهێنن بۆ گەڕانەوەیان. جەبار یاوەر وتی، بانگەشەی ئەو پەرلەمانتارانە تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە و بنەمای نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×