گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بووەتە هۆی زیادبوونی یەدەگی بانكی ناوەندی
  2021-10-05       625       

وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای كرد، گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بووەتە هۆی زیادبوونی یەدەگی بانكی ناوەندی بۆ 60 ملیار دۆلار، ئەوەش لەكاتێكدایە لە كۆتایی ساڵی رابرودا 54 ملیار بووە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، لەماوەی 9 مانگی رابردودا بە وردی چاوێری ئاماژەكانی دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلاریان كردووە، بەپێی ئاماژەكان ئەو پرۆسەیە بووەتە هۆی زیادبوونی یەدەگی بانكی نێودەوڵەتی بەبڕی 6 ملیار دۆلار.

رونیشكراوەتەوە، یەدەگی بانكەكە لە كۆتا مانگی ساڵی رابردوو 54 ملیار دۆلار بووە بەڵام تاوەكو مانگی نیسانی ئەمساڵ گەیشتووەتە 60 ملیار دۆلار، ئەوەش دوای جێبەجێ كردنی رێوشوێنەكانی چاكسازی، هەروەها گۆڕانكاری لە نرخی دراودا بووەتە هۆی دابەزینی خواست لەسەر دراوی بیانی و بەشێوەیەكی ئیجابی كاریگەری كردووەتە سەر كەمبوونەوەی هاوردە و زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی.

وەزارەتی دارایی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردووە، لەماوەی 9 مانگی ئەمساڵدا لەكاتێكدا كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبووەتەوە گۆڕینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بووەتە هۆی زیادبوونی چالاكی بازرگانی، هەروەها بووەتە هۆی وەستاندنی پڕكردنی بازاڕەكان بە كاڵای هەرزان كە ئەوەش هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بوو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×