مەسعود ئۆزیل بەبۆنەی هاوسەرگیرییەوە لەگەڵ كچە توركومانێک چی بۆ توركومانەكان كرد؟
  2019-06-08       3540       

ئا: ئاوێنە

 

مەسعود ئۆزێل، یاریزانی ناوداری یانەی ئەرسنال پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی توركوماندا ئەنجامدا كە باوكی خەڵكی كەركوكە، ئەردۆغان‌و هاوسەرەكەی شایەتی هاوسەرگیرییەكە بون.


شه‌وی‌ رابردوو ئۆزێل له‌گه‌ڵ ئامینه‌ گۆڵشای‌ شاجوانی‌ پێشوی‌ توركیا وئه‌كته‌ری‌ به‌ناوبانگی یەكێك لەو دراما توركیانەی كە بەكوردی دۆبلاژ كراوە، پرۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگریی بەپێی دابونەریتی خەنەبەندانی توركی ‌ ئه‌نجامدا.


ئەگەر مەسعود ئۆزێل وەك یاریزانی پێشوی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا‌و یاریزانی ئێستای یانەی ئەرسنال بەناوبانگ بێت، هاوسەرەكەشی ئامینە گۆڵشای بەهەمانشێوە لەسەر ئاستی هونەریی ناودارە، كە ساڵی 2014 وەك شاجوانی توركیا هەڵبژێردراوەو ئەكتەرە.


گوڵشای كە ساڵی 1993 لەسوید لەدایكبوە‌و تەمەنی 26 ساڵە، باوكی توروكمانەو خەڵكی كەركوكە‌، دایكیشی توركەو خەڵكی ئەزمیرە.


بەبۆنەی ئەم هاوسەرگیرییەوە، ئۆزێل لەیەك كاتدا ئێوارە خوانی  بۆ توركومانەكانی ناوچەی بایربوجاقی باكوری پارێزگای لازقیەی سوریا‌و ئەو توروكمانانە رێكخست كە لەئۆردوگای هەتای توركیا ئاوارە بون. ئەم دو داوەتە بەهەماهەنگی لەگەڵ مانگی سوری توركیدا ئەنجامدران.


هەروەها ئۆزێل لە14 چێشتخانەی توركیادا ئێوارە خوانی بۆ 14 هەزار كەسی هەژاری تورك‌و سوری رێكخست، جگە لەئامادەكردنی خواردن بۆ دو هەزار پەنابەریی سوری لەناو توركیادا.


رەجەب تەیب ئەردۆغان‌و ئامینەی هاوسەری‌و دەیان ئەستێرەی ناوداری وەرزش‌و هونەریی  لەئاهەنگەكەدا ئامادەبون، كە لەئوتێل فۆرسیزۆن"ی ئەستەنبول ئەنجامدرا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×