په‌رله‌مان له‌باره‌ى غازو به‌نزین‌و نه‌وته‌وه‌ زانیاریی ئاشكراده‌كات
  2021-10-23       519       

جێگری سەرۆکی لیژنەی لیژنه‌ى وزه‌و سامانە سروشتیه‌كان له‌په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكرایده‌كات، چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كه‌میی غاز له‌هه‌رێمى كوردستان كراوه‌، ده‌شڵێت:"ئاگادارکراوینەتەوە تا پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ نەوتی سپی بەسەر هەموو ماڵێکدا دابەشدەکرێت"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "داوامانکردوە یا وەزیری سامانە سروشتییەکان بێتە پەرلەمان یا لیژنەکەمان سەردانی وەزارەت بکات لەسەر بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی".

ئاوێنه‌: گوڵیزار سندی له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگى ئه‌مریكا وتویه‌تى، "داوامانکردوە یا وەزیری سامانە سروشتییەکان بێتە پەرلەمان یا لیژنەکەمان سەردانی وەزارەت بکات لەسەر بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی، چونكه‌ کەمبونەوەی سوتەمەنی‌و غاز‌و بەرزبونەوەی نرخەکانیان لەهەرێم گرفتی بۆ هاوڵاتیان دروستکردوە".

ده‌شڵێت:"له‌ئێستادا کێشەی کەمبونەوەی ڕێژەی غازو بەرزبونەوەی نرخه‌كه‌ى چاره‌سه‌ربوه‌، هۆکاری کێشەی غازیش کە چەند ڕۆژێک هه‌بوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێویستی بەچاککردنەوە هەبوو، (کۆرۆمۆر) ساڵی جارێک دەبێت سیانە بکرێت بۆیە کێشەکە هونەری بوو".

به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "له‌ئێستادا له‌هه‌رێم ته‌نها کێشەی بەنزین‌و نەوتی سپیمان هه‌یه‌، بۆ نه‌وتیش ئاگادارکراوینەتەوە تاوه‌كو پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ نەوتی سپی بەسەر هەموو ماڵێکدا دابەشدەکرێت".

هه‌روه‌ك جه‌ختیكرده‌وه‌، "دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ چارەسەری کێشەی بەنزین‌و سوتەمەنی گرەنتیمان بداتێ، بۆ ئەوه‌ش دەبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان دابنیشین‌و داوای چارەسەرى لێبکەین، چونکە ئەو بڕە یەک ملیۆن لیترە بەس نییەو دەبێت دڵنیابین ئەو چارەسەرە کە بەغدا بەنزین دەنێرێت بەردەوامدەبێت یا گرەنتی نییە؟".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×