بۆچی کوردەکانی عێراق وڵاتی خۆیان جێدەھێڵن؟
  2021-11-19       654       

ئا: ئاکۆ ئاڵی

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریکی راپۆرتێکی لەسەر هۆکارەکانی کۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا لەژێر ناوی "بۆچی کوردەکانی عێراق خاکی خۆیان جێدەهێڵن" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردوە کە هەرچەندە ناوچەکە لەڕوی ئەمنییەوە سەقامگیرە، بەڵام بڵاوبونەوەی گەندەڵیی لەسەرانسەری عێراق و مەیلی هەولێر بەرەو دیکتارتۆر بون و دەمکوتکردنی بەرهەڵستکاران و رۆژنامەنوسان وایانکردوە خەڵک بیر لە کۆچکردن بکەنەوە.

بلومبێرگ لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت"بارودۆخی کۆچبەران لەسەرسنوری پۆڵەنداو بیلاروسیا زۆر خراپە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ڕێگر نییە لەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەدوای دەرفەتێکدا بگەڕێن بۆئەوەی خاکی خۆیان جێبهێڵن و بەختی خۆیان لە ئەوروپا تاقی بکەنەوە".

ئاژانسەکە ئاماژەى بەوەشکردوە، زۆرێک لە ئەوروپی و ئەمەریکییەکان بەلایانەوە سەیرە کە هەزاران هاوڵاتی کوردی عێراق سەری خۆیان هەڵدەگرن و رو لە سنورەکانی پۆڵەنداو بیلاروسیا دەکەن، بەڵام پێدراوەکانی بڵاوبونەوەی گەندەڵی لەسەرانسەری عێراقدا هۆکارەکانی ئەو کۆچکردنە روندەکاتەوە.

ئەوەش هاتوە: زیادبونی ژمارەی ئەو کوردانەی عێراق دەیانەوێت لە وڵاتەکەیان رابکەن، ئەو ئومێدە لەبارەی بونی دەرفەتی ئابوریی و سیاسیی لەهەرێمەکە لەدوای ساڵی 2003 بەبا دەدات و ڕاستییەکەی ئێستا ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە نێوان دۆخێکی ئابوریی ناڕون و لە نەبونی چاکسازی سیاسیدا بوەتە پەناگەیەک بۆ هەڵاتوەکانی وڵاتانی نزیک، بەتایبەت کە دو سەرۆک هۆز دەستیان بەسەر ژیانی سیاسیی هەرێمەکەدا گرتوەو حکومەتی هەولێریش زیاتر مەیلی بەرەو دیکتاتۆرییەت و زیندانیکردنی بەرهەڵستکاران و دەمکوتکردنی رۆژنامەنوسان هەیە، خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی ساڵی رابردوش هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کەمکردنەوەی گەندەڵیی لەهەرێمەکەدا نەبوە.

بلومبێرگ رونیکردەوە، حکومەتی عێراق بەدرەنگەوە هەوڵەکانی بۆ گێرانەوەی عێراقییە کۆچبەرەکان دەستپێکردوە، بەڵام ئەو راپۆرتانەی لەسەر سنوری پۆڵەنداو بیلاروسیاوە دێن ئەوەیە کە کۆچبەرەکان پێیان باشترە بەرگەی سەرماو سۆڵەی زستانی ئەوێ بگرن لەوەی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×