هیوا ناسیح
کتێبی (ده‌فته‌ری یادداشتی ڕۆژانه له به‌غداده‌وه، ژیانی رۆژانه له نێوان ترس و هیوادا (Tagebuch aus Bagdad, Alltag zwischen Angst und Hoffnung)م به ئه‌ڵمانی خوێنده‌وه، که هی خانمه رۆژنامه‌نوسی ناوداری نه‌رویجی ئۆسنا سایرشتاد (Åsne Seierstad)ه. ئه‌م ژنه ساڵی ١٩٧٠ له ئۆسلۆ له‌دایکبووه. بۆ چه‌ندان رۆژنامه و گۆڤار و که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی وڵاتانی ئیسکه‌نده‌ناڤی وه‌ک په‌یامنێر کاریکردوه. له وڵاتانی روسیا، چین، کۆسۆڤۆ و ئه‌فغانسان و عێراق هه‌واڵنێر بووه. ئه‌و که هه‌م نوسه‌ری چه‌ندان کتێب و هه‌میش ڕاگه‌یه‌ندکار و رۆژنامه‌نوسێکی دیار و سه‌رکه‌وتووه، به‌وه ناسراوه که له زۆر وڵاتی قه‌یراناوی و کاتی جه‌نگدا کاری هه‌واڵنێریی کردوه. کاتێک ئه‌م کتێبه‌م بینی و له گوگلدا بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ری گه‌ڕام سه‌رسام بووم، جگه له زانیاریی دیوی ناوه‌وه‌ی که‌وتنی به‌غدا که مه‌به‌ستم بوو ورده‌کارییه‌کانی ، لاشم گرنگبوو بزانم چ پاڵنه‌رێک یان هێزێکی نادیار بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م ژنه سپییه باڵابه‌رزه‌ی وڵاتی به‌فر و نزیکی جه‌مسه‌ر و به‌سته‌ڵه‌کی باکور، یه‌کێکه له هێمنترین و ئارامترین وڵاتانی جیهان، که ڕه‌نگه له ژیاندا له هیچی که‌م نه‌بێت، کاتێک هه‌موو گێتی ده‌یزانی له چاوه‌ڕوانی جه‌نگێکی خوێناوی و گه‌وره‌دایه و به‌م هۆیه‌وه ته‌نانه‌ت دانیشتوانه‌که‌ی خۆشی له‌وێ هه‌ڵده‌هاتن، که‌چی ئه‌م بێت به‌ره‌و ناو دوکه‌ڵ و ئاگر و بۆمبا بۆ به‌غدا بۆ ڕووماڵکردنی رۆژانه‌ی هه‌واڵه‌کان، ته‌نها بۆ زانیاریدان به بینه‌ر و خوێنه‌رانی وڵاتانی جیهان له ڕووداوه‌کانی نێو جه‌نگه‌که و ژیانی توشی مه‌ترسی بێت و سه‌رکێشی وا بکات له پاڵیشدا یادداشتی رۆژانه‌ی خۆی له ده‌فته‌رێکدا بنوسێته‌وه! ئاخر گه‌ر بڵێین رۆژنامه‌گه‌ریی جێگه‌ی مه‌ترسی نییه، خۆ دواتر ڕووداوه‌کان سه‌لماندی، که ژیانی ئه‌وانیش له‌کاتی جه‌نگه‌که‌دا سه‌لامه‌ت نه‌بوون قوربانیشیان دا.
ئه‌م ژنه چالاک و بوێره یه‌کێکه له‌وانه‌ی رۆژانه به‌یاده‌وه‌رییه‌کانی ورد و درشتی چیرۆکی که‌وتنی به‌غدای نوسیوه‌ته‌وه، کاتێک مرۆڤ ده‌یخوێنێته‌وه، ده‌ڵێی سه‌یری فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی ده‌کات. چیرۆکی تاڵی ئه‌م شاره جوان و دڵڕفێنه‌ی ئه‌و کات پینج میلیۆن دانیشتوانی بووه و له دێرینیشدا به شاری ئاشتی ناسراوه. مێژوو دووجاری تر تۆماری رووداوی وا گرنگی کردوه، ١٩١٥سه‌روه‌ختی جه‌نگی یه‌که‌می جیهان په‌لاماری درا و که‌وته ده‌ست به‌ریتانییه‌کان، هه‌روه‌ها ساڵی ١٢٥٨ کاتی هێرشی مه‌غۆله‌کان، کاتێ به‌غدایان سوتان.
ئه‌م ژنه له مانگی یه‌کی ساڵی ٢٠٠٣ پاش جاڕدانی جه‌نگ دژ به سوپای عێراق، به گومانی هه‌بوونی چه‌کی ناوه‌کی و کیمیایی، له‌لایه‌ن جۆرج بۆشی سه‌رۆکی ئه‌وسای ئه‌مریکا و کۆکردنه‌وه‌ی هێزی وڵاتانی هاوپه‌یمان بۆ هێرش کردنه سه‌ر عێراق ، واته پێش هێرشی چاوه‌ڕوانکراوی هاوپه‌یمانان ڕۆیشتۆته عێراق و وه‌ک ههواڵنێرو په‌یامنێری جه‌نگ له یه‌ککاتدا بۆ نۆ رۆژنامه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وروپی ڕاپۆرته‌هه‌واڵی ئاماده‌کردوه. له‌وێ کچێک به ناوی مونا وه‌ک وه‌گێڕ و چاو‌دێر له‌گه‌ڵیدا داده‌نێن. واته وه‌ک جاسوس بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆ و ڕووماڵه‌کانی که له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌ناو رۆشه‌نبیری و راگه‌یاندنه‌وه بۆی دیاریده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌م فرسه‌تی خۆی دێنێت و زۆرجار بێ ئاگاداریی ئه‌و کاری خۆی ده‌کات.
ناوبراو له رۆژی یه‌کشه‌ممه ١٩ی کانونی دووه‌می ٢٠٠٣ه‌وه ده‌ست ده‌کات به نوسینه‌وه‌ی یادداشته‌کانی، ئیتر به پێی هه‌واڵه تازه و رووداوه گه‌رمه‌کان، ڕۆژانه یان چه‌ند رۆژ جارێک تۆماریان ده‌کات. تا دواتر به‌شێوه‌ی کتێبێک به نه‌رویجی به‌ناوی (ده‌فته‌ری یادداشتی ڕۆژانه له به‌غداده‌وه) بڵاوی ده‌کاته‌وه، ساڵی ٢٠٠٤ ئه‌م کتێبه له لایه‌ن هۆلگه‌ر ڤۆلاندات ده‌کرێت به ئه‌ڵمانی و بڵاوده‌کرێته‌وه، که ٢٢١ لاپه‌ڕه‌یه.
پێش ده‌ستپێکردنی هێڕشه‌کانی هاوپه‌یمانان، که له لایه‌ن بوشی سه‌رۆکی ئه‌مریکاوه ناوی (گه‌رده‌لولی بیابان)ی لێ نرابوو، جه‌نگی ڕاگه‌یاندن له هه‌ردوولاوه په‌ره‌ی سه‌ندبوو، سه‌رنجڕاکێش لێره‌دا ماکینه‌ی پڕوپاگه‌نده و چه‌واشه‌کارییه‌کانی ده‌زگای راگه‌یاندنی به‌عس و حکومه‌تی عێراقه، که سه‌رکه‌وتنییان به مسۆگه‌ری بۆ خۆیان دانابوو، له‌وه‌ش سه‌یرتر کۆنفرانسه رۆژنامه‌نوسییه‌کانی محه‌مه‌د سه‌عید سهحافی وه‌زیری ڕۆشه‌نبیری و راگه‌یاندن بووه، که بانگه‌شه‌ی جه‌نگێکی خوێناوی و به‌رگرییه‌کی بێوێنه‌ی مێژوویی ده‌کرد دژ به هێزی هاوپه‌یمانان! وته و لێدوانه‌کانی ناوبراو زیاتر له گاڵته‌پێکردن و سوکایه‌تی و به‌که‌مسه‌یرکردنێکی له ڕاده‌به‌ده‌ری توانا و هێزی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریکا ده‌چوو، تا له لێدوانی که‌سێکی فه‌رمی به‌رپرس و به‌ئه‌ته‌کێت.
له چه‌ند شوێنێکدا باسی ره‌وشی خراپی گوزه‌ران و به‌های زۆرخراپی دیناری عێراقی ده‌کات و ده‌ڵێت: پێش بیست ساڵ دۆلارێک به‌رامبه‌ر سی دینار بوو، ئێستا به‌رامبه‌ر به دوو هه‌زار دیناره ل١٦. له شوێنێکی دی باسی موچه‌ی که‌می موچه‌خۆران ده‌کات و ده‌ڵێت: دینار له بیست ساڵی رابردوه‌وه له‌سه‌دا هه‌شت هه‌زار به‌های خۆی له‌ده‌ست داوه ل٩٥!
له چه‌ند شوێنێکدا باسی کورد و به‌شداری له خۆپیشاندانه‌کانی به‌غدا دژ به هاوپه‌یمانان ده‌کات به به‌رگی کوردییه‌وه.
لاپه‌ڕه ٤٣ باس له هاتنی وه‌فدێکی ئاشتی، که له نزیکه‌ی ٣٠ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا پێکهاتونه ده‌کات بۆ به‌غدا ده‌کات، کاتی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌عدون حومادی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئه‌وکاتی عێراق ئه‌ندامێکی وه‌فده‌که، که په‌رله‌مانتاره له‌سه‌ر لیستی سه‌وزه‌کانی سوید و ناوی ئینگه شێۆرلینگه (Inger Shörling)ه باس له ره‌وشی مافه‌کانی مرۆڤ له عێراق ده‌کات و ره‌خنه له حکومه‌تی عێراق ده‌گرێت، که گازی کیمیایی دژ به کورده‌کان به‌کارهێناوه، سه‌عدون حومادی له وڵامدا ده‌ڵێت: که‌مینه‌ی کورده‌کان له عێراقدا ره‌وشێکی باشتریان هه‌یه وه‌ک له‌وانه‌ی تورکیا و ئێران، ئه‌وان له‌وێ هیچ مافێکیان نییه. سه‌باره‌ت به به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاییش درۆیه و ئه‌مه بیردۆزی پیلانگێڕییه، ئێوه نابێت باوه‌ڕ به هه‌موو شتێک بکه‌ن، بوش درۆزنترین که‌سه...هتد. سه‌یر ئه‌وه‌یه ده‌نوسێت، له کۆتایی دیداره‌که‌دا په‌رله‌مانتاره ئه‌وروپییه‌کان سواری دوو پاسی کۆن کران و سه‌عدون حه‌مادیش سواری کادیلاکێکی ڕه‌ش بوو (یه‌ک له جۆره ئۆتۆمبیله هه‌ره گران و که‌شخه‌کانه -ه. ن.).
لاپه‌ڕه‌٥٢ باس له هێڕشی بێبه‌زه‌ییانه‌ی سوپای عێراق بۆ سه‌ر شاری که‌ربه‌لا سه‌روه‌ختی ڕاپه‌ڕینه‌کانی ساڵی ١٩٩١ ده‌کات و ده‌ڵێت ته‌نها له شاری که‌ربه‌لادا، که ماڵ به‌ماڵ شه‌ڕیان کردوه، له ماوه‌ی دوو رۆژدا نزیکه‌ی سی هه‌زار که‌س له لایه‌ن هێزه‌کانی رژێمی سه‌ددامه‌وه کوژراوه!
ناوبراو باس له دیمه‌نی تراژیدی کوشتن و برینداربوونی ده‌یان که‌سی سیفیلیش ده‌کات کاتی هێرشی ئه‌مجاره، که له ناو شار و کاتی شتکڕین، یان مناڵ له‌به‌رده‌رگا و نێوحه‌وشه‌ی خۆیاندان ده‌بن به ئامانجی پارچه‌ی تۆپ و ڕاکێت و ده‌کوژرێن، ئه‌وه‌ی سه‌یره سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوبراو هاوخه‌می قوربانییه‌کانه، که‌چی چونکه قژزه‌رد و چاوکاڵ بووه، هه‌میشه وه‌ک رۆژئاواییه‌که‌ت به ئیستیفزازه‌وه قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، بۆ نمونه پێی ده‌ڵێن، کوا مافی مرۆڤتان، کوا دیموکراتییه‌تتان؟ کوا پاراستنی خه‌ڵكی سیڤیل؟ بۆ مناڵان ده‌کوژن... و هتد. له‌کاتێکدا ئه‌م له‌وێیه تا ده‌نگ و ره‌نگی ئه‌و خه‌ڵکه بگه‌یه‌نێت به جیهان. هه‌روه‌ها باس له هه‌ڵاتنی ماڵ و خێزانه‌کانی به‌غدا به‌ره‌و شاره‌کانی دی عێراق و ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا ده‌کات. دیاره ئه‌م زۆر به هێمنی و بێهه‌ڵچوون پرسیاریان لێ ده‌کات و له‌گه‌ڵ وڵامه‌کاندا هه‌ڵناچێت، بگره ستایشیشیان ده‌کات، بۆ نمونه له لاپه‌ڕه‌٨١دا ده‌نوسێت: وه‌ک باوه عێراقییه‌کان به رۆشهنبیرترین گه‌لی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ژمێردرێن.
لاپه‌ڕه‌١٢٧ باس له لێدوانه سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی وه‌زیری به‌رگری ئه‌وسای عێراق ده‌کات، هه‌روه‌ها دێته سه‌ر بێژه‌ره‌کانی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی عێراق و ده‌ڵێت، که به به‌رگی سه‌ربازییه‌وه کۆمه‌ڵێک هه‌واڵی بێبنه‌ما و ناڕاستیان به حه‌ماسه‌وه ده‌خوێنده‌وه، ته‌نانه‌ت عێراقییه‌کان ئاگایان له ڕووداو و ڕاستییه‌کانی به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ نه‌بوو! هه‌واڵه‌کان ئاوه‌ژوکراو و دروستکراو بوون، باسی سه‌رکه‌وتنی وه‌همی بوون! ده‌یانگوت، خوا له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه، سه‌رده‌که‌وین و ...هتد.!
له ٢٥ی مارتی ٢٠٠٣ نوسراوه، ده‌ڵێت هێزی هاوپه‌یمانان گه‌یشتنه به‌غدا، که چی لێپرسراوانی عێراق هاتوون باس له (شه‌ڕی ڕاستی!) کۆڵان به کؤڵان و ماڵ به ماڵ ده‌که‌ن. رژێمی سه‌ددام ئه‌و سه‌نگه‌ر یان چاڵه قوڵه درێژانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا وه‌ک خه‌تی به‌رگری دروستیکردبوون و پڕیکردبوون له نه‌وتی ڕه‌ش، ئاگری تێبه‌رداون و دوكه‌ڵێکی زۆر ئاسمانی شاری ته‌نیوه، به‌هیوای ئه‌وه‌ی رۆکێت و فڕۆکه‌کانی هاوپه‌یمانان نه‌توانن ئامانجه‌کانیان به‌ڕوونی بپێکن! هه‌مان ڕۆژ سه‌دام وتارێکی دا، گوتی (ئێمه شه‌ڕی گه‌ڕه‌ک به‌گه‌ڕه‌ک ده‌که‌ین، له‌سه‌ربانه‌کانه‌وه، ماڵ به‌ماڵ به‌رگری ده‌که‌ین)! ل١٣٢
هه‌ندێک له مه‌لاکان، که تا دوێنێ به شمشێره‌وه وتاریان ده‌دا له مینبه‌ره‌کانه‌وه، ئه‌مڕۆ به چه‌که‌وه وتار ده‌ده‌ن! خه‌ڵک بۆ جیهاد دژ به ئه‌مریکا هان ده‌ده‌ن و ئه‌وان به به‌ربه‌ره‌کان ده‌شوبهێنن. که‌سێک به ناوی عه‌لی خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه به هێزه‌کانی ئه‌مریکیدا، ره‌نگه ئه‌مه یه‌که‌م که‌س بوو بێت له‌م جه‌نگه‌دا کاری وای کردبێت، ئیتر ده‌زگای راگه‌یاندنه‌کانی عێراق شه‌و و رۆژ پیای هه‌ڵده‌ده‌ن، وه‌ک قاره‌مان و که‌سێکی ئه‌فسانه‌یی باسی لێ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن سه‌دان و هه‌زارانی تر ئاماده‌ی خۆته‌قاندنه‌وه‌ن! ل١٥٥
باس له هاتنی سه‌دان موجاهیدین و خۆبه‌ختکه‌ری عه‌ره‌بی و ئیسلامی له وڵاتانی عه‌ره‌بیی وه‌ک سودان و سۆماڵ و مه‌غریب و یه‌مه‌نه‌وه ده‌کات، که بۆ (جیهاد دژ به ئه‌مریکا) و به‌رگری له عێراق هاتون. ئه‌مانه به بیرێکی تێکه‌ڵ به ئاینی و ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی هاندراون. ل ١٥٦ به‌راوردی هه‌ڵوێستی به‌عس و سه‌ددام ده‌کات به‌رامبه‌ر ئیسلامییه‌کان، ده‌ڵێت: له ساڵانی حوکمی به‌عسدا ده‌یان هه‌زاری له ئیسلامییه سیاسییه‌کان له سێداره دا و وه‌ک دوژمنی خۆی سه‌یری کردون و ڕاوه‌دووی ناون، که‌چی ئێستا بانگه‌وازیان بۆ ده‌کات و پێشوازییان لێ ده‌کات بۆ جیهاد دژ به ئه‌مریکا.
له لاپه‌ڕه ١٥٦دا باس له (شێخ عه‌بدولکه‌ریمی مودده‌ڕیس) ده‌کات له به‌غدا، که ئه‌م به یه‌کێک له ڕابه‌ر و زانا ئاینییه‌کانی عێراق ناوی ده‌بات، دیاره مه‌به‌ست لێی زانای پایه‌به‌رز و ئه‌دیبی ناسراوی کورد مامۆستا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیسی کۆچکردوه، ئه‌وکات له به‌غدا نیشته‌جێ بووه، ده‌لێت فه‌توای داوه بۆ جیهاد دژ به بێباوه‌ڕان واته هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان. (من له به‌دواچوونمدا له رێگه‌ی هاورێیه‌کی نوسه‌ر و ئه‌دیب و بنه‌ماڵه‌ی مامۆستاوه زانیم، که مامۆستا کاتی خۆی ڕوونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته داوه، که به‌عسییه‌کان ویستویانه ئه‌م بۆ ئامانجی خۆیان به‌کاربهێنن، مامۆستا له روونکردنه‌وه‌که‌یدا گوتویه‌تی، که ئه‌م له سیاقی گشتی به‌رگریکردن له خاک و وڵات‌دا له چوارچێوه‌ی فیقهی ئیسلامی‌دا ئه‌و لێدوانه‌ی داوه، نه‌ک خۆی تێکه‌ڵ به ملاملانێکه کردبێت - هیوا).
سه‌رنجڕاکێشه کاتێک شه‌ڕ گه‌یشتۆته ده‌وروبه‌ری به‌غدا، که‌چی ناجی سه‌بری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وکاتی به‌غدا هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی کردوه و ده‌ڵێت: سه‌رانسه‌ری بیابانه‌کانی عێراق ده‌که‌ین به گۆڕستان بۆ داگیرکه‌ران، سه‌رکه‌وتنمان زۆر نزیکه! ل١٦٢
٤ی نیسانی ٢٠٠٣ شهر ده‌که‌وێته گه‌ڕه‌که‌کانی که‌ناری به‌غداوه، هه‌مانڕۆژ فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا کۆنترۆڵ ده‌کرێت، که شه‌ڕی سه‌ختی تێدا ده‌کرێت و تا ئه‌وکات ناوی (فرۆکه‌خانه‌ی سه‌ددامی نێوده‌وڵه‌تی)بوو.
باس له شێواوی ره‌وشی به‌غدا ده‌کات، که هه‌ر ئۆتۆمبیلی سه‌ربازیی پڕ له چه‌کدار و سه‌رباز بووه ده‌چوون و ده‌هاتن، سه‌ریان لێ شێواوه، هێشتا هه‌ندێکیان به په‌نجه‌کانیان نیشانه‌ی حه‌وت، وه‌ک پیتی ڤی ئینگلیزی و نیشانه‌ی سه‌رکه‌وتن به‌رزده‌که‌نه‌وه! هه‌ندێکیشاین ته‌قوتۆقیان به ئاسماندا ده‌کرد! ل١٧٨
له ٧ی نیساندا کۆشکی کۆماری پاش شه‌ڕێکی سه‌خت کۆنترۆڵکرا و ئاڵای ئه‌مریکای له‌سه‌ر هه‌ڵکرا. هه‌مان ڕۆژ شه‌ڕ ده‌گاته ناوجه‌رگه و سه‌نته‌ری به‌غدا. که‌چی سه‌مه‌ره ئه‌وه‌یه رێک له‌و رۆژه‌دا وه‌زیری ڕاگه‌یاندنی عێراق محه‌مه‌د سه‌عید سه‌ححاف کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌نوسی له توتێلی فه‌له‌ستین، که جێگای مانه‌وه‌ی په‌یامنێرانی جیهان بوو سازده‌کات و ده‌ڵێت: وانه‌یه‌کی باشمان به ئه‌مریکییه‌کان داوه، سه‌ربازه‌کانیان له‌تاودا خۆکوژی ده‌که‌ن! ئێمه ناچارمان کردون پاشه‌کشه‌بکه‌ن له‌و شوێنانه‌ی داگیریان کردبوون. ل١٨٥
باس له شڵه‌ژاوی و که‌سبه‌که‌سی به‌غدا ده‌کات، که ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌ت وه‌ک پۆلیس و هێزی ئه‌منی نامێنێت خه‌ڵک ده‌ست به تاڵان و ڕاووروت ده‌که‌ن. ناوبراو شێکردنه‌وه‌یه‌کی جوانی بۆ ده‌کات کاتێک ده‌ڵێت: ئه‌م خه‌ڵکه ده‌یان ساڵه له‌ژێر ده‌ستی ئه‌م ڕژێمه‌دان، ژیان و ئازادی و ته‌نانه‌ت هێزی کڕینی شتومه‌کیشیان لێ زه‌وتکراوه، ئێستا ده‌یانه‌وێت به تاڵان‌کردنی داموده‌زگاکانی حکومه‌ت تۆڵه و قه‌ره‌بووی بکه‌نه‌وه! به‌ڵام نازانن ئه‌مان دزی له گه‌لی خۆیان ده‌که‌ن، نه‌ک له‌و رژێمه‌ی هاکا هه‌ڵهات! ل١٩٣ سی بسی
به قسه‌ی ناوبراو قورسترین شه‌ڕ له سه‌ر پردی به‌ناوبانگی جمهوریییه کراوه. ل١٩٥. بابه‌تێکی له ٨ی نیساندا نوسیوه به‌ناوی (بۆمبارانی کامێرا)، باس له‌وه‌ده‌کات، کاتێک چه‌ند تانکێکی ئه‌برامی ئه‌مریکی ده‌گه‌نه سه‌ر پردی جمهوری، که یه‌کێکه له پرده‌کانی سه‌ر دیجله و ده‌که‌وێته ناوه‌ڕاستی به‌غداوه، کاتژمێر نزیکی دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆیه، کامێرای که‌ناڵی ئاسمانیی فرانس سێی فه‌ره‌نسی ، که نوسینگه‌که‌یان له قاتی چوارده‌یه‌می ئوتێل فه‌له‌ستینه، به‌ڕاسته‌و خۆ په‌خش ده‌کات و ده ده‌قه‌یه‌که وێنه‌ی تانکه ئه‌مریکییه‌کان ده‌گوازێته‌وه، که له شه‌ڕێکی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی قورسدان له‌گه‌ل یه‌که‌کانی پاسه‌وانی کۆمارییدا. لێره‌دا تانکێک لوله‌که‌ی ده‌کاته ئوتێله‌که و تۆپێک ده‌نێ به شوێنی وێنه‌گرتنه‌که‌وه، به‌ڵام به‌ر قاتی پانزه‌هه‌م، واته قاتی سه‌روتره‌وه ده‌که‌وێت، که نوسینگه‌ی ڕۆیته‌رزی لێییه و دوو کامێرامه‌نی کارامه‌یان ده‌کوژرێ و سێ کارمه‌ندی تریان بریندار ده‌بێت! چه‌ن سه‌عاتێکیش له‌وه‌وبه‌ر پارچه‌ی تۆپێک به‌ر تاریق ئه‌یوبی هه‌واڵنێری ئه‌لجه‌زیره ده‌که‌وێت، کاتێک له‌سه‌ربانی هه‌مان ئوتێلدا به پێوه وه‌ستاوه و خه‌ریکی هه‌واڵنێرییه، هه‌ر له‌وێدا گیان له‌ده‌ست ده‌دا! هه‌ر چه‌نده دواتر قسه‌که‌ری سه‌ربازیی ئه‌مریکی رونکردنه‌وه ده‌ده‌ن، که ئه‌و دوو ڕووداوه بێ مه‌به‌ست بوونه، به‌ڵام لای هه‌مووان لێدوانه‌که‌ی به جێگه‌ی گومان وه‌رده‌گیرێت.
له ٩ی نیساندا نوسیویه‌تی: هێزه ئه‌مریکییه‌کان زۆربه‌ی ناوچه‌کانی به‌غدایان کۆنترۆڵ کردوه، تاڵان و بڕۆ له هه‌موو لاوه ده‌ستی پێکردوه، هێزه عێراقییه‌کان ده‌ڵێی زه‌وی قوتیدان، به‌کرده‌وه ڕژێمی سه‌ددام ده‌سته‌ڵاتی له‌ده‌ستداوه، دوای سی ساڵ بۆ یه‌که‌مجار خه‌ڵک دێنه ده‌ره‌وه و به ئازادانه چی‌یان ده‌وێ بێ‌ترس ده‌یڵێن. گه‌وره‌ترین په‌یکه‌ری سه‌ددام له پایته‌ختدا له گۆڕه‌پانی فیرده‌وس به دروشمی (بڕوخێ سه‌ددام!) و (زۆر سوپاس سه‌رۆک بوش) ده‌ڕوخێنرێت. کاتێک خه‌ڵکه‌که ناتوانن بیکه‌ن به‌ڵام به‌هاوکاریی تانکێکی ئه‌مریکی، سه‌ربازه ئه‌مریکییه‌کان سیمێکی ئه‌ستور له گه‌ردنی په‌یکه‌ره‌که ده‌ئاڵێنن و تانکه‌که ڕایده‌کێشێت و ده‌یخاته سه‌ر زه‌وی. ئه‌مه وه‌ک سیمبوڵێکی دیار بۆ که‌وتنی ده‌سته‌ڵاتی به‌غدا باس ده‌کات. ل١٩٨
له ١١ی نیساندا نوسیویه‌تی، به‌غدا شارێکه که‌س ده‌سته‌ڵاتی ته‌واوی نییه، سه‌رجاده شێواوه و فه‌وزایه، تاڵانی و دزییه! خه‌ڵکی تاوانبار و چه‌کدار دێن و ده‌چن، له نێو کۆڵان و گه‌ره‌که‌کاندا ته‌قه ده‌که‌ن. عه‌لی مناڵێکه، بۆمبایه‌ک به‌ر ماڵیان که‌وتوه و خوشک و براو دایک‌وباوکی کوژراون و هه‌ر خۆی ده‌رچووه، له‌شی سوتاوه، ده‌ستێکی په‌ڕیوه، هاوار ده‌کات: ده‌سته‌کانم بۆ بگێڕنه‌وه! ل٢٠٧.
به‌غدا ده‌سوتێت، هه‌موو باڵه‌خانه و شوێنه‌کانی که هێمای رژێمی سه‌ددام بوون، تاڵان ده‌کرێت، چه‌ته و مافیا به‌ربڵاوه، دانیشتوان داواکارن ئه‌مریکییه‌کان ئارامی و ئاسایشیان بۆ بگێڕنه‌وه، سه‌ربازی ئه‌مریکی ده‌ڵێن، کاری ئێمه هێرشی سه‌ربازییه و کردمان و خه‌ڵکیش خۆشحاڵه، دابینکردنی هێمنی و ئارامی شار کاری پۆلیسه نه‌ک ئێمه! ل٢٠٩
زۆربه‌ی خه‌ڵکی به‌غدا سوپاسگوزارن، که ئه‌مریکا ئازادی بۆ هێناون، ئێستا ده‌توانن ره‌خنه بگرن، هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵبمژن، گفتوگۆ بکه‌ن، به‌ڵام ترسیان له‌م شێواوی و کاری مافیاگه‌راییه هه‌یه. زۆربه هێشتا له ماڵه‌وه دانیشتون و به‌ترس و نیگه‌رانییه‌وه چاوه‌ڕوانن، تا بزانن چی له داهاتوودا ده‌گوزه‌رێت. ل.٢١٢
سه‌رچاوه: Alltag zwischen Angst und Hoffnung, Tagebuch aus Bagdad،Åsne Seierstad، , 2004Germany, ISBN: 3-548-60504-4