كوردۆ شابان
لە ماوەی كەمتر لە دوو ڕۆژدا، بە تەواوی خۆم بۆ خوێندنەوەی كتێبی "بیرەوەرییەكانم دوای ساڵی 1991"ی نەوشیروان مستەفا تەرخان كرد. نزیكی هەشت سەت لاپەڕەیە، من سێ سەت لاپەڕەیم خوێندەوە و دەتوانم بڵێم تەواوم كرد، ئاخر ئەمە ڕۆمان نییە، لە یەكەم وشەوە تا دوایین وشە بخوێنیتەوە. ئەو ساتە مێژوویییانەم هەڵبژارد كە دەمویست بزانم هەڵوێستی كۆچكردوو لەسەریان چییە، وەک شەڕی ناوخۆ، ململانێكانی ناو یەكێتی، نێوانی لەگەڵ مام جەلال، نێوانی لەگەڵ كۆسرەت ڕەسووڵ، تێڕوانینی بۆ پارتی و زۆر بابەتی تر. ئەو بەشەش كە باسی ئەنجوومەنی حوكم بوو لە بەغدا، زۆر بۆم گرینگ نەبوو.
لێرەدا چەند سەرنجێک لەسەر كتێبەكە دەخەمە ڕوو:
1- نەوشیروان مستەفا، نیازێكی ڕاستگۆیانەی هەبووە كە دەبێت دادپەروەریی كۆمەڵایەتی دروست ببێت. دژی فەسادی سیاسی، فەسادی دارایی، فەسادی ئەخلاقی... بووە و قەبووڵی نەبووە ژیانی بەرپرسان و ژیانی هاووڵاتی ئەوەندە لەیەكترییەوە دوور بن، بەڵام بە دیدگایەكی چەپییانە كە تا ڕادەیەكی زۆر هەموو سیستەمێكی كەپیتاڵیزم بە فۆڕمی كوردستان كە زیاتر بەرپرسان لێی قازانج دەكەن، ڕەت دەكاتەوە.
2- هەرگیز یەكێتی ئەو حیزبە نەبووە كە نەوشیروان خەونی پێوە دەبینی. دەیان ساڵ هەموو هەوڵێكی داوە بیكات بەو حیزبەی ئەو دەیەوێت و پێی نەكراوە. خەونەكانی خۆی بۆ حیزبێک دەبێت چۆن بێت، بەردەوام لە ڕێگەی وتارەوە بڵاو كردووەتەوە و وەهمێكی دروست كردووە، ئەمەش وای كردووە بەشێ لە ڕۆشنبیران پێیان وا بێت ئەو وەهمەی ئەو، وێنەی یەكێتییەو خەڵكێكی زۆر بەهۆی ئەو وەهمانەوە شوێن حیزبەكە كەوتبوون، پاشانیش بە هەمان ئەو دروشمانە بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و ئەویش هەر وەهم بوو، بۆیە زوو توایەوە. وتاری نەوشیروان بۆ خەڵكی خێڵەكی و زمانی خێڵەكیانە نییە، زمانێكی ڕۆشنبیرانەیە و بۆ ڕۆشنبیرانە، هەر بۆیە زۆر زوو خەڵكی لێ كۆ دەبنەوە و زۆر زووش لێی هەڵاتن، هەم لەناو یەكێتی و هەم لە گۆڕان. خەڵكی عەشایەر یان نایەت یان كە هات، ناڕوات. ڕۆشنبیر كەی زانی درۆ دەكەیت، یان ناتوانیت دروشمەكانت جێبەجێ بكەیت، لێت هەڵدێن.
3- لە شەڕی ناوخۆدا، پارتی و یەكێتی هەموو جۆرە سنوورێكی یەكترییان بەزاند. نەوشیروان زۆر نادادانە، لە وتارەكانیدا كە لە "كوردستانی نوێ"ـدا بڵاوی دەكاتەوە، تەنیا باسی پێشێلكاریی پارتی دەكات و پێشێلكارییەكانی حیزبەكەی خۆی باس ناكات. تەنانەت درۆی گەورەش بەناوی تاوانەكانی پارتییەوە دەهۆنێتەوە. كەچی لە یاداشتەكەیدا ڕاستگۆیانە ئەوەی نەشاردووەتەوە كە یەكێتی خوێنڕژتر بوون. تەنانەت لە شوێنێكدا باسی دەكات، لە یەک هێرشدا لای هەڵەبجە بۆ سەر پارتی، 125 كەسیان لێ كوشتوون.
4- ڕاستگۆیانە ددانی پێدا دەنێت، ئەگەر یەكێتی ئێرانی نەهێنایەتە سەر پارتی، پارتییش هانای بۆ سوپای عێراق نەدەبرد. لێرەدا گلەییی زۆر لە مام جەلال و مەكتەبی سیاسیی حیزبەكەی دەكات كە چۆن نەیانتوانیوە خوێندنەوە بۆ ئەو بابەتە بكەن و چاوەڕێیان كردووە ئەمەریكا بەهانایانەوە بچێت، لە كاتێكدا دەبوو بزانن، هەرگیز ئەمەریكا قەبووڵی نییە ئێران بگاتە ئەو سنوورە.
5- ئەگەرچی لە وتارەكانیدا دەنووسێت پارتی دژی كۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆیە، بەڵام لە یاداشتەكەیدا بە ئاشكرا ئەوە دەخاتە ڕوو كە ئەوە یەكێتییە نایەوێت شەڕی ناوخۆ تەواو بێت، چونكە ئەوان ئێستە بە تەنیا سامانی ژێر سنووری خۆیان دەخۆن و پێویستیان بەوە نییە لەگەڵ پارتیدا دابەشی بكەن. پێشی وایە مام جەلالیش هەر حەزی لەو كاتكوشتنەیە، بۆیە سەربەخۆ نامە بۆ كاک مەسعوود دەنێرێت و دەقی وەڵامەكەشی داناوە كە پێی دەڵێت: متمانەم بە تۆیە و ئێمە بە هەموو شێوەیەک بۆ ئاشتی ئامادەین، بەو مەرجەی تۆ سەرپەرشتی بكەیت. كاتێ مام جەلال و مەكتەبی سیاسی پێی دەزانن، لێی تێک دەدەن.
6- بە شێوەیەک تێیان گەیاندبوو كە نێچیرڤان بارزانی بەو ئاشتییە ڕازی نییە، كەچی كاتێ دووقۆڵی لە دیمەشق گفتوگۆ دەكەن، بۆچوونەكەی پێچەوانە دەبێتەوە و بۆی دەردەكەوێت، لە خۆی زیاتر خەمی ئەو ئاشتییەیەتی.
7- نەوشیروان بە تەواوی پێی وا بووە، مانەوەی مام جەلال بەندە بە لەخۆكۆكردنەوەی ئەو بەرپرسە گەندەڵ و مشەخۆرانە و بە مەبەست ئەوانە لە دەوری خۆی كۆ دەكاتەوە بۆ ئەوەی نەتوانن لەسەر بڕیارەكانی هیچ ڕایەكیان هەبێت. ئەوانیش هەردەم هەوڵیان داوە نەهێڵن ڕای نەوشیروان لە حیزبەكەدا زاڵ بێت.
8- ڕقی نەوشیروان لە كۆسرەت، وەک خۆی دەلێت "پێوەندی بە گەندەڵی"یەوە هەیە. نموونەی دوو نەورۆز دەهێنێتەوە كە هەردووكیان بەشدار بوون، یەكیكیان ساڵی هەشتا و چوار كە ئەو كاتە كۆسرەت كارمەندی سایلۆی هەولێر بووە و هیچی نەبووە، نەوشیروان داوا لە حیزب دەكات ئۆتۆمبێلێكی بۆ بكڕن و پێكەوە دوو قۆڵی بەشداریی نەورۆزی خەڵكیان كردووە، ئەوی تریشیان ساڵی نەوەت و پێنجە، ئەو كاتە كۆسرەت سەرۆكی حوكوومەتە. خۆی بەبێ پاسەوان لەگەڵ ماڵ و خێزان دەچێتە قەشقۆڵی و بەناو سەیرانكەراندا دەگەڕێت، كەچی كۆسرەت لە هەولێرەوە بە هەشتا ئۆتۆمبێلەوە دێت بەشداری لەو نەورۆزە دەكات. قێزی لە هەڵسەوكەوتەكانی هاتووەتەوە. پێی دەڵێت كەس لەم وڵاتە بۆی نییە پرۆژەیەكی هەبێت تۆ پشكت تێیدا نەبێت، جاسووسی بەسەر هەڤاڵانتەوە دەكەیت و زۆر قسەی تر.
9- ڕاستە نەوشیروان هەڵگیرسێنەر شەڕی ناوخۆ نەبووە، بەڵام زۆر بە ڕاشكاوی لەناو نامەكانیدا كە بۆ مام جەلالی ناردووە پێی گوتووە، ئەگەر دەكرێت بە تەواوی كۆتایی بە پارتی بهێنین با بیكەین، ئەگەر نا با ڕێی ئاشتی بگرینە بەر، ئەگەر ئەوەشمان پێ ناكرێت، با بۆیان بسەلمێنین ئێمە لەژێر ئیدارەی خۆماندا دەتوانین لەوان باشتر حوكمڕانی بكەین، دواتر بۆی دەركەوتووە، نە دەتوانن پارتی بسڕنەوە، نە توانای ئاشتییان هەیە، نە پێشیان دەكرێت حوكمێكی لە پارتی باشتر بەڕێوە ببەن.
10- نەوشیروان پێی وا بووە، خۆی دەسەڵاتداری یەكەمی یەكێتی بێت، دەتوانێت زۆر شت بكات كە بە مام جەلال ناكرێت، بەڵام كاتێک خۆی بزووتنەوەی گۆڕانی دانا، ئەو شتانەی پێ نەكرا كە وای دەزانی دەتوانێت بیانكات.
11- وتارێكی زۆر جوانی لە بارەی كوردانی ئەورووپا نووسیوە، گلەییی ئەوەیان لێ دەكات، ئەوانە توێژێكی نائومێدن، تەنیا ڕەخنە دەگرن، جنێو دەدەن، لە بۆسەدان دەسەڵات هەڵەیەک بكات و ئەوان بیكەنە هەڵا، بەبێ ئەوەی توانیبێتیان هیچ خزمەتێک پێشكەش بكەن. ئەو جۆرە بوونەوەرەی نەوشیروان لەو وتارەیدا ڕەخنەیان لێ دەگرێت، هەر ئەوانە بوون چوونە ناو گۆڕان و لەوێشەوە برەو بەو وتاری ڕق و جنێوە دراو بەشێکیان بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد بەكارگەیەكی گەورەی جنێودان، نەوشیروان لەو هەموو خەونەی بۆ دادپەروەری و ئازادی هەیبوو، هیچی نەهاتەدی.