وتەبێژی ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند کە لکاندنی پرۆسەی چارەسەری لە باکووری کوردستان بە پژاکەوە هەوڵێکە بۆ تێکدانی پرۆسەکە، و جەختیشی کردەوە کە تاوەکو مافە نەتەوەییەکان لە ئێران نەپارێزرێن، چەکدانان لە ئارادا نابێت.
ئاوێنە: گەلاوێژ ئەورین، وتەبێژی ڕاگەیاندنی پژاک، ئاماژەی بە جیاوازیی بنەڕەتیی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ئێران لەگەڵ تورکیا و سووریا کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە تاکو کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەتی لەسێدارەدان، کوشتار و دەستبەسەرکردن ڕانەگرێت و دانی فەرمی بە مافی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی تری وڵاتەکەدا نەبنێت، هەر باس و خواسێک لەسەر چەکدانانی پژاک بێواتا دەبێت و خەیاڵێکی خاوە.
ئەورین جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم حیزبە لەژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا ئامادە نییە چەک دابنێت و خەباتی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی و دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیک بەردەوام دەكات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی ڕاگەیاندنی پژاک ئەوەی خستە ڕوو کە لە مانگەکانی داهاتوودا گۆڕانکاری گەورە لە گۆڕەپانی ئێراندا ڕوو دەدەن و پژاک خۆی بە تەواوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێشوازیکردن لەو پێشھاتە چاوەڕوانکراوانە ئامادە کردووە.