2026-08-13   92     
نەجات نوری
حسین عارف لە كۆی چیرۆكەكانی ناو كتێبی (چای شیرین)دا، دەگەڕێتەوە سەر ئەو تێڕامانانەی كە مرۆڤ دەبنەوە بۆ ناو ڕۆحی نەتەوە و عەشق و خودناسین، لەم سێ ئاراستەیەوە چیرۆكەكان یەك یەك خوێنەران بە دەرونی پاڵەوانەكانیان دەناسێنن، چیرۆك بۆخۆی وێنەیە، لەگەڵ هەر وێنەیەك دا دەبێت ئەو بیر و تێڕامانانە هەبێت كە وێنەكە بگەیەننە خاڵێك كە مانایەك ببەخشێت، زۆر چیرۆك بۆ ئێمە لەم خاڵەدا نامانگەنێتە هیچ وەڵامێك و لە كۆتاییدا وێنەكە سفر دەبێتەوە. بەڵام بۆ حسین عارف كە بەشێكی زۆری تەمەنی لە ناو ڕووداو و ڕۆژگارە تاڵ و بیرە جیا جیاكاندا بردۆتە سەر، كە ئەمانە دەكەنە ئەزموونێكی ورد بۆ ئەو چیرۆكنوسانەی دەزانن چۆن چۆنی كار لەسەر ئەم وێنە شاراوانەبكەن لە چیرۆكەكانیاندا و دەتوانن چیرۆكی كاریگەر و پڕمانایان لێ بخوڵقێنن، ئاوا حسەین عارف لە ساڵی پەنجاكانەوە بە سەلیقەی وردی خۆی لەژێر كاریگەری ئەو باوەڕەی لە بیریایەتی چیرۆكانی دەنوسێت، كە هەر یەكەیان وێنەیەكە بۆ تێڕامان لە مرۆڤ، مرۆڤێك ئازاری نەتەوەكەی دەیكاتە كەسێكی سەرگەردان ، مرۆڤێك بیر لە عەشق دەكاتەوە، مرۆڤێك لە خۆی دەدوێت و بیر لە بوونی خۆی دەكاتەوە، لەم سێ بوونەوە ئەم چیرۆكانە دەبنە هەڵگری بیری ئەم چیرۆكنووسە، ساڵ بۆ نووسینی چیرۆكەكان لەلای ئەم نووسەرە بە پێی ڕووداوەكان دەگۆڕدرێن، بۆ هەر ساڵێك كە چیرۆكێكی تێدا نووسیبێت، هەست دەكەین لەگەڵ خۆیدا كە دەكەنە وێنەی ئازار و بیری پاڵەوانەكانی ناویان، تێڕامانی نوسەریش گۆڕانیان بەسەرداهاتووە و دەیەوێت لە دیدێكی ترەوە لە مرۆڤ بوون بدوێت نەهاتووە وەكو چیرۆكی پێشتری هەمان وێنە بە هەمان تێڕامانەوە بنووسێتەوە، بۆ هەر چیرۆكێكی بە بیرێكی ترەوە وشەكان دەبنە جیاوازیەكی گەورە بۆ ناوەرۆكی چیرۆكەكان، چیرۆك ئاشكراكردنی بیری مرۆڤە، خستنە ڕووی وێنە شاراوەو جیاوازەكانی تەمەنی مرۆڤە، وردبوونەوەیە لە قووڵایی بیرە جیا جیاكان لە ژیانی مرۆڤدا ، داڕشتنەوەی ئەو تێڕامانانەیە كە دەبنە قووڵایی چیرۆكەكان، حسەین عارف لەم چیرۆكانەیدا ئاوا مرۆڤ بە گەلێك وێنەی سەرنج ڕاكێش و بیری جیاوە دەخاتە ڕوو، جەنگی چاكە و خراپەی مرۆڤ خوێنەران لەم چیرۆكانەدا بە كەنارێكی پڕ لە پرسیار دەگەیەنێت، لە گەلێك چیرۆكیدا بوونی خاك و نەتەوە دەبێتە ناونیشانی ئەو مرۆڤانەی كە لە نێوان ئەخلاق و بەدئەخلاقی دا خوێنەران بۆ ناسنامەی نەتەوەیەكی چەوساوە دەگێڕنەوە، لێرەوە ئازار و چەوساندنەوە لەلای ئەم نوسەرە گەلێك وێنەی جیا جیا دەخولقێنێت، خوڵقاندنێك كە خۆی لە ئازاری ئەو مرۆڤانەدا دەبینێتەوە كە بە هەموو دەردەسەریەكانی خۆیانەوە هەمیشە بیر لە ڕزگاری و ئازادی و دادپەروەری دەكەنەوە و دەیانەوێت لەو پێناوەدا بە ڕۆحی خۆیان قوربانی بدەن، لەگەڵ ئەم تێڕامانەدا، پێچەوانەكی تری ئەو وێنانەهەیە، وێنەی ئەو مرۆڤە ناڕەسەنانەی كە باوەڕیان بە خاك و زمان و نەتەوە نییە و هەمیشە خاكفرۆش و خۆفرۆشبوون. بۆ حسەین عارف چیرۆك شیكاری دەرونی ئەو مرۆڤانەیە كەدەبێت لە ناو زۆر وێنەدا بخرێنەڕوو تا زۆر لە خوێنەران درك بە نەخۆشی و ئازار و بوونی ئەو كەسانە بكەن، ئەو جەنگەی لە چیرۆكدا دەبێت ڕابگەیەندرێت بۆ حسین عارف هەر لەسەرەتایی چیرۆكنووسینیەوە لە ژێر كاریگەری بیر و باوەڕی دا دژ بە گەلێك هۆكار ڕایگەیاندووە،دژی ئەو چەمكە باوانەی كە هەمیشە مرۆڤیان گیرۆدەكردووە لەناو كۆمەڵگادا، چیرۆكەكانی بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو وێنانە نووسیوە، بۆ حسین عارف كە ڕۆشنبیرێكی باشی ڕۆژگاری خۆی بووە، لە ژێر گۆڕانكاری بیر و ململانیەكانی ئەو ڕۆژگارەدا كە جیهان بەرە و باشتر لە زۆر وڵاتاندا هەنگاوی ناوە، ئەمەیش لە كۆی چیرۆكەكانیدا دوورنەبووە لەو كاریگەریانە، هاتووە دەستی بردووە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەی كە دەبێت ئێمەش لەناو بێدەنگی و وێنە چەق بەستۆكانی كۆمەڵگاكەماندا بەرەو ئاراستەیەكی باشتر بجوڵێین، لە هەموو چیرۆكەكانی ئەم نووسەرەدا ئەم حاڵەتە دیارە و بێ هیچ ترسێك خوێنەران بەرەو ئاراستەیەكی ڕوناك و باشتر دەخاتە سەر ڕێگای بوونی خۆیان. لە ڕۆحی مرۆڤێكی عاشقەوە حسین عارف دەرگای ڕۆژگارێكی تر بە ڕووی خوێنەران دا دەكاتەوە، عەشق لە چیرۆكەكانی دا هەر بە تەنیا عەشقی مرۆڤێكی شەهەوەتاوی نییە، بەڵكو عەشقێكە بۆ چوونە ناو جیهانێكی باشترەوە، گۆڕانكاری بیری مرۆڤە لە تاریكستانێكەوە بەرەو ژیانێك كە مرۆڤ خۆی تێدا وەكو بوونەوەرێكی تازە تێدا دەدۆزێتەوە. لە بیری ئەو مرۆڤانەی كە لە زۆر چیرۆكی دا دەست دەكەن بە وتوووێژ لەگەڵ خۆیاندا ئەم نووسەرە دێت مرۆڤ لە قۆناغێكی ژیانیدا بە ئاگا دێنێتەوە، دەیخاتە ژێر دەیان پرسیارەوە تا لە ڕۆحێكی مردووە بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو ژیانێك كە ئەو هەستی پێ نەكردووە.
ئاوا حسین عارف لە ناو دەیان وێنەی دژواتردا لە ڕۆژگارێكی تاڵ و تاریكدا دێت بە ڕوناكی ناو چیرۆكەكانی نەخشەی جیهانێكی ترمان پێ نیشان دەدات، جیهانێك كە دەبێت ببێتە جیهانی هەموومان تا تێیدا بە ئازادانە بژین.