ئا: ئاوێنە
سەرهەنگ دۆگلاس مەکگریگۆری، فەرماندەی خانەنشینکراوی ئەمریکی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل سەرنجی لەسەر هەڕەشەی هەڵە چڕدەکاتەوە: بە بڕوای ئەو، ئێران هەڕەشەی وجودی نییەو ئەوە تورکیایە کە دەتوانێت ئاڵەرنگاریی سەربازی زۆر مەترسیدارتر دروست بکات
مەکگریگۆری بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل ساڵانێکە سەرنجی لەسەر هەڕەشەی هەڵە بووەو بەوتەی ناوبراو، ئێران بەردەوام دەبێت وەک زلهێزێکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هەڕەشەی سەربازیی بەڕاستی بەرچاو بۆ سەر ئیسرائیل لەتورکیاوە دێت، نەک ئێران.
مەکگریگۆر کە ساڵانێک لە سوپای ئەمریکادا خزمەت دەکات و بە کەسایەتییەکی ڕەخنەگرانە لە سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆن دادەنرێت، باسی لەوە کردووە کە بە درێژایی ئەو ساڵانەی سەردانی ئیسرائیلی کردووە، هەوڵی داوە پەیامێکی هاوشێوە بەو بەرپرسە باڵایانە بگەیەنێت کە لەگەڵیان قسەی کردووە.
ئەو دەڵێت "زیاد لەجارێک هەوڵمدا پێیان بڵێم: ئێوە لە شوێنی هەڵەدا بەدوای هەڕەشەکەدا دەگەڕێن. هەڕەشەی وجودیی ئێوە ئێران نییە، شارستانیەتی فارسی، جیهانی فارسی و کولتوری فارسی- ئەوانە دوژمنی ئێوە نین، ئێوە کێشەیەکی ڕاستەقینەتان هەیە لەباکوورو ڕۆژهەڵاتی ترەوەو پێی دەوترێت تورکەکان.
مەکگریگۆری تورکەکانی بە گەلێک وەسف کردووە کە نەریتێکی سەربازی قووڵیان هەیە و توانای شەڕکردنیان بەشێوەیەکی نائاسایی بەرزەو دەڵێت "ئەوان گەلێکی زۆر جیاوازن، گەلێکی شەڕخوازو بەئیرادەنو جالاکن، بەسروشتی مەیلی شەڕیان هەیە، سەربازێکی خۆڕسکن".
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئەزموونی تایبەتی خۆی لە کارکردن لەگەڵ سوپای تورکیا تواناکانیان زۆر بەرز دەنرخێنێت، ئەو دەڵێت "ئەوانم بینیوە، کارم لەگەڵ تورکەکان کردووە، لەڕوانگەی سەربازییەوە پێموایە شتی نایابن".
بە بڕوای ئەو جیاوازی نێوان ئێران و تورکیا بنەڕەتییە. "لە ئێراندا تۆ مامەڵە لەگەڵ کەسێکی عەقڵانی دەکەیت، ئیسرائیل حەزی لەوە بێت یان نا. ئەوان شانبەشانی تۆ دەژین. دەتوانیت قسەیان لەگەڵ بکەیت و بازرگانییان لەگەڵ بکەیت. بەڵام ئەگەر تورکەکان بوروژێنیت - ئەوە شەڕێکە تا کۆتایی".
مەکگریگۆری بانگەشەی ئەوەی کرد کە ساڵانێک لەمەوبەر لەئیسرائیل ئەو تێزەی خستەڕوو کە تورکیا تاکە هەڕەشەی ناوچەییە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هەڕەشەیەکی وجودی ڕاستەقینە بۆ سەر ئیسرائیل.
ئەو دەڵێت "لەسمینارێکدا کە ساڵانێک لەمەوبەر لە ئیسرائیل پێشکەشم کرد، گوتم: تاکە هەڕەشەی وجودی ڕاستەقینە لەسەر ئیسرائیل لەناوچەکەدا دەوڵەتی تورکیایە. هەموو کەسێک وەک شێتێک سەیریان دەکردم."
بە گوتەی ئەو جیاوازییەکە لە جوگرافیا و توانای سەربازیشدا هەیە: "لە ئێستادا دەتوانن لەگەڵ ئێرانییەکان مووشەک و بۆمب لە یەکتر بگرن. بەڵام ئێرانییەکان ناتوانن ئیسرائیل داگیر بکەن. تورکەکان دەتوانن".
مەکگریگۆری هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا و لەم چوارچێوەیەدا، وتی "پرسی فڕۆکەی ئێف-٣٥ یش بەکاردەهێنرێت. ئێمە بە فڕۆکەی ئێف ٣٥ بەرتیل بە تورکەکان دەدەین بۆ ئەوەی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دووربخرێنەوە. دەمانەوێت لە پەراوێزدا دابنیشن، نامانەوێت بیانکێشینە ناو شەڕەکەوە".
بە وتەی ناوبراو "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دۆخەکە دەقۆزێتەوە. ئەردۆغان دەڵێت فڕۆکەی ئێف ٣٥م پێ بدە و ئارامی دەبێت. کێشەی ئێمە ئەوەیە کە ئەردۆغانی هاوڕێمان زۆر لەدۆناڵد ترەمپ زیرەکترە”.
مەکگریگۆری ئاماژەی بەوەشکردووە، بە بۆچوونی ئەو، تەنانەت ئەگەر لێکتێگەیشتنێکی کاتیش بگات، مەرج نییە ئەو تێگەیشتنە درێژە بخایەنێت. "ئەردۆغان بەوە ڕازی نابێت کە بڵێت: باشە ئێمە لە دەرەوە دەمێنینەوە و دەستوەردان ناکەین. ئەمە تەنها کاتییە. ئیسرائیلییەکانیش زۆر باش ئەمە دەزانن".
بە گوتەی مەکگریگۆری، سەرۆکی ئەمریکا نایەوێ ناکۆکی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و تورکیا ببینێتو ئەو دەڵێت "پێموانییە سەرۆک ترامپ بیەوێت لەو کارەدا بەشداربێت، بە دڵنیاییەوە تورکەکان لە ئێستادا بەدوای شەڕدا ناگەڕێن، بەڵام ئەگەر پێتوایە ئامادە نین بچنە شەڕەوە، ئەوا هەڵەیەکی زۆر زۆر جددی دەکەیت".