دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دەست پێ دەکاتەوە
  2026-08-30       59       

پاش ڕاگرتنی کاتیی لە کۆتایی مانگی ئایاری ڕابردوودا، پرۆسەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی لالەزار دەست پێ دەکاتەوە، و بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دانیشتنەکان لەو خاڵەی پێشووتر لێی وەستابوون، درێژەیان پێ بدرێت.

ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی تیمی پارێزەرانی بەرگری، لە دۆسیەی ژمارە 56ـدا 12 تۆمەت ئاراستەی سەرجەم تۆمەتباران کراوە، و بڕیارە دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و 12 تۆمەتبارەکەی دیگر پێکەوە و لە یەک کاتدا لە بەردەم دادگای تاوانەکاندا بەڕێوە بڕوات. ڕاگرتنی پێشووی ڕێکارە یاساییەکانیش دوای ئەوە هات کە لە 31ـی ئایاری 2026 تیمی پارێزەران داواکارییەکیان پێشکەشی دادگا کردبوو.

لای خۆیەوە، تیمی پارێزەران تیشکیان خستە سەر ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکە و دادگای پێداچوونەوە بوونەتەوە؛ لەوانەش پەککەوتنی کارەکانی دادگای پێداچوونەوە بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەر بنەمای فشاری دەرەکی بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە و ناڕەزایەتی دەربڕینی دادوەران لەسەر پابەندبوون بە بڕیارەکانەوە، جگە لە بەردەوامبوونی تەنیا یەک دادوەری لێکۆڵینەوە لە کارەکانی خۆیدا.

جێی ئاماژەیە، ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ شەوی 22ـی ئابی 2025، کاتێک لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی پێکدادانێکی چەکداریی قورس لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا. بەهۆی ئەو گرژی و ڕووبەڕووبوونەوە چەند کاتژمێرییەوە، جگە لە کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک لە هەردوولا، لە کۆتاییدا لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران و دۆسیەکەیان ڕەوانەی ناوەندە دادوەرییەکان کرا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×