بابان جاف
کەس لە من وردتر فکری ئۆجەلانی نەخوێندووەتەوە، من وەکو کۆنە فەقێیەکی فکر چەپی ئابوریزانی مێژو ناس، نۆ ساڵ بە وردی لە سەر مانیفیستۆیەکەی ڕاوەستام، دێڕ بە دێڕیم شەن و کەو کرد، دەیان جارم خوێندنەوە، بە دەیان کەسم ئاشناکردن، دەیان کەس بە هۆی منەوە ئاشنای فکری ئاپۆ بون، من لە 1999 وە داکۆکیم لە پەکەکە کردووە، کاتێ لە قەراخ وڵاتی خۆم لێیاندان و لێیانکوشتن بۆیان گریام، سەدان شیعر و سەدان وتارم بۆ گەریلا و خودی ئۆجەلان نوسیوە، چونکە پێموابو بۆ کورد و شکۆی کورد تێئەکۆشن، پێموابو گەلانی تریش بە کوردئەکەن.
ئەو دەستەواژەیەیانم بەلاوە زۆر جوان بو، کە دەڵێ: " هەڤاڵ بێچارەیی ناناسێ"
ئێستاش سەدان گەریلا هەن کە بێچارەیی ناناسن، بەڵام من سێ ساڵە ئەزانم ئۆجەلان خزاوە، من پێش هەمو کەس درکم بە شکستخواردویی ئۆجەلان کرد و بوێرانە جاڕم دا، جنێویان پێدام و کادرە ڕۆشنبیرەکانیان لە پرایڤت هەڕەشە و جنێویان نارد، سکرینشۆتی نامەکانیانم لایە، من ئێستا نازانم سێ ساڵە دەزانم کە درۆش بووە ئاپۆ نەبووە کە کوردی باکوری بەئاگا هێناوە، کوردی باکور بە ڕۆحی بەدرخانییەکان و بە هەستی جگەرخوێن -وە پەیوەستن.
با بێین بەراوردێ بکەین لە نێوان ئاشبەتاڵی مەلا مستەفا و ئاشبەتاڵی ئاپۆدا:
مەلا مستەفا هەرگیز خۆی نەبو کە بڵێ :من ڕێبەرم، وەکو مام جەلال باسی ئەکا لە دیداری تەمەن -دا کە کورد خۆیان مەلا مستەفا هەر لە سۆڤییەت بووە ئەمان تاسوقی بون، کە دێتەوە گەلان چەپڵەڕێزانی کەشتییەکەی ئەکەن، سیاسییەکانی کورد خۆیان ئەچن ئەپاڕێنەوە لە شێخ ئەحمەد تا مەلا مستەفا تێکەڵی حزبایەتی ببێ و ببێ بە سەرۆک، چونکە زانیویانە کەس لە دەوری ئەوان کۆ نابێتەوە، ئەمەش بیرۆکەی ڕەوانشاد مامۆستا برایم ئەحمەد بووە.
دواییش هەر دەرەبەگی کورد بە فێڵ مەلا مستەفا و عەبدولکەریم قاسم لە یەکتر دادەبڕن و بارزان بۆردومان دەکرێ و هەڵای ئەیلول بۆ ڕێگری لە ڕیفۆرمی کشتوکاڵی دروستئەبێ.
کە مەلا مستەفا ئەبێ بە سەرۆک دوایی ئەیانەوێ پەڕو باڵی بکەن، بەڵام ئەو یارییەکە لە هەمو چەپەکان و سیاسییەکان هەڵئەگێڕێتەوە و پەڕوباڵی هەمویان ئەکات.
لەوەتای من ڕاهێنانم پێئەکرێ لە سەر ئەوەی پارتی دواکەوتو و کۆنەپارێز و ترسنۆك و هەڵهاتووە بە وردی دراسەی سلوکی پارتی و خانەوادەی ماڵی بەرزانی ئەکەم( کە ئەڵێم: ڕاهێنانم پێ ئەکرێ، مەبەستم ڕاهێنانی ئەو سیاسەت و میدیا و ئەدەبیاتەیە لە زۆنی سەوز زاڵن)، نەمدیوە جارێ لە جاران مەلا مستەفا قسەیەکی زلی کردبێ، خۆی هەڵنابێ، خۆی بە بەهێزتر نیشاندابێ لە خەڵکی، بە توڕەیی و بەدەنگی بەرز پەیامی گەیاندبێ، ئەوانیتری کەڕەتی سفر کردبێ، یان وتبێتی : دەوڵەتی کوردی دروست دەکەین، ئیتر ئەمەی لە کەم تموحییەوە بێ یان شتی تر ئێستا گرنگ نییە، بەڵام هەرگیز خۆشی و نەوەکانیشی کە من بە هیچ شێوەیەك لێیان نزیک نیم ڕۆژێ لە ڕۆژان لەو هەموساڵەی مەد و جەزری سیاسەت لە عێراق دا خۆیان نەڕۆشتون وەکو مەزڵوم عەبدی بکەن؛ تەنانەت بە گەواهی نەوشیروان مستەفا -ش ئەوە هەر خودی مەسعود بەرزانی بو نای بە ڕوی پۆڵبریمەر دا وت و پێشمەرگەی لە هەڵوەشاندنەوە پاراست، خۆ ئەو دەمە هەمان فشار لە سەر کوردستان (باشور) هەبو، بەڵام ئیرادەیەك هەبو بڵێ نا.
وەرە شێت مەبە قائدی ئەوحەدی سوریا بی ئێستا ببی بە ڕاوێژکاری تێرۆریستێکی منداڵ، لە کاتێکدا حەڤە جار ئیسرائیل داوای هاوپەیمانیی لێکردبی!
مەسعود بەرزانی لە ڕیفراندۆم کە شکستی هێنا بارەگاکەی پیرمام ی کردە شوێنی کۆڕ وکۆبونەوەی خۆی.
هەرگیز بنەماڵەکەی لە بەغا لە دوای کەوتنی بەعس پلەیان وەرنەگرت، کەسانی بەردەستی خۆی کاندید ئەکرد بۆ سەرۆکی کۆماری عێراق، تەنانەت پشتیوانیی لاوازەکانی ناو یەکێتی -شی دەکرد بۆ بون بەسەرکۆماری.
ئەمەش دو ڕەهەندی هەیە، بەڵام ڕەهەندی قوڵی ئەوەیە کە ئەو بنەماڵەیە ئیگۆیەکی گونجاو و پێویستیان هەیە، کە دەبێ هەمو کوردێ ئەو ئیگۆیەی هەبێ.
من وەمزانی پەکەکە ئیگۆدارە، وەمزانی پەیامدارە، وەمزانی دێڕەکانیان کردارن، بەڵام دەرکەوت کۆڵەوارن.
کاتێ پێش دوساڵ لەگەڵ کادرانی حەرباخوی وڵاتگەڕیان گفتوگۆم کرد، وتم ئەم قسانەی ئاپۆ بۆنی ئاشبەتاڵیان لێدێ، وتیان مامۆستا گەریلا حاڵی نەماوە لە کونان پێویستیان بە پشووە، کەچی خۆیان کونەکانیان بە میدیاکاران نیشان ئەدا لە سۆشیالمیدیا ئەمانبینین!
بە کوردی ئەمەوێ بڵێم: چۆن گۆڕان شکستیهێنا و خەباتی ڕیفۆرمخوازی سەد ساڵ هاتە دواوە، پەکەکەش شکستیهێناو خەباتی ئیرادە و سەربەخۆیی سەد ساڵ گەڕاندە دواوە.
ئیتر گۆڕەپانەکە تەخت بووە بۆ پارتی و ئیخوان و مەلاکان ، ئێمە ئەبێ وەکو کیسەڵ سەرمان بخەینەوە ناو سەدەفەکەمان، چونکە سەرسامی هەرکەسێ بوین فشە دەرچو!!!