رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هه‌رێم پێویستی به‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكایه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌و هیوادارین به‌رده‌وام بن
  2026-08-29       32       

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، تاوه‌كو ئێستا بڕیاری كۆتایی نه‌دراوه‌ له‌سه‌ر بڕینی هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌و ده‌شڵێت، هیوادارین ئه‌و هاوكارییانه‌ به‌رده‌وام بن چونكه‌ پێویستن.

ئاوێنه‌: رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، پەیوەندییەکی بەردەوام و لەسەر هەمو ئاستەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەیە.

وتیشی: "لە ئاستی هەردو سەرۆک وەزیران، وەزیرەکان و لیژنە هاوبەشەکان پەیوەندییەکی ئەمنیی باشمان هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەو هێرشە درۆنی و موشەکیانەن کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان."

رێبەر ئەحمەد ئاشکرای کرد، گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ بەغدا و هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو هێرشانە و بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی هەرێمی کوردستان.

وه‌زیری ناوخۆی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا له‌باره‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌مریكا به‌نیازه‌ هاوكارییه‌كانی بۆ پێشمه‌رگه‌ رابگرێت، وتی، گفتوگۆکان لە نێوان شاندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی په‌نتاگۆن لە هەولێر و ئەمریکا بەردەوامن.

ئه‌و وتیشی"تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە بۆ بڕینی ئەو هاوکارییانە، هیوادارین هاوکارییە سەربازی، دارایی و کارگێڕییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەردەوام بن، چونکە هێشتا هەرێمی کوردستان زیاتر لە عێراق پێویستی بەو هاوکارییانە هەیە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ له‌باره‌ی پرسی بە دیجیتاڵیکردنی گومرگەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) وتی"لە ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق، لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتوین و ئێستا تەنیا چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵین بۆ پەسەندکردنی، هیواداریشین لە نزیکترین کاتدا بڕیاری لێ بدرێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو ئاڵۆزییانەی لە گوندی گردەڕەشە دروستببون، رێبەر ئەحمەد ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "ژمارەیەک کەس دەیانویست ئاژاوە لەو ناوچەیە دروست بکەن و تەنانەت هەوڵیاندا خەڵکی ئاژاوەگێڕ لە ناو هەولێر ببەنە دەرەوە. بۆیە هێزە ئەمنییەکان روبەڕویان بونەوەو ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکراون."

وتیشی"بۆ ئێمە گرنگ نییە ئەو کەسانەی پێشێلی یاسا دەکەن سەر بە چ لایەنێکی فەرمین، ئایا پێشمەرگەن، سەر بە دەزگایەکی ترن یان هاوڵاتیی مەدەنین؛ هەرکەسێک روبەڕوی هێزە ئەمنییەکان ببێتەوە و یاسا بشکێنێت، رادەستی دادگا دەکرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەو کەسانەش ئێستا روبەڕوی یاسا کراونەتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×