مرۆڤ بەدوای چیدا وێڵە؟
  2026-07-09       197       

✍️ھێمن مەحموود

 

ھەمیشە یەکێک لەو پرسیارە بێ وەڵامانەی بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی وەڵامنەدراوەتەوە ئەوەبووە مرۆڤ لەژیاندا بەدوای چیدا وێڵە..؟ کەس نازانێت.

 

دەروونی مرۆڤ دنیایەکی سەیر و ئاڵۆز و پڕ لە ڕاز و نھێنییە تەنانەت خودی مرۆڤەکانیش بەتەواوەتی پەی پێنابەن و نازانن چی تیایە و چی لەھەگبەی خۆیدا ھەڵگرتووە.

مرۆڤ چی دەوێت..؟ نەمریی..لەوە دڵنیایە کە دەمرێت.. حەزو ئارەزوو.. دیارە ئەنجامەکەی ھەر تەواوبوونە..سەفەر و گەڕان و دونیا بینین..لەخاڵێکدا کۆتایی دێت..دەستکەوتنی بەختەوەری ..پیریەتی و نەخۆشی و مردن کۆتاییەکەیەتی ..
کەواتە مرۆڤ چی دەوێت..؟

نیکۆس کازانتزاکیس لە شاکارەکەی خۆیدا لەڕۆمانی (زۆربا) دا دەگێڕێتەوەو دەڵێت باپیرم لەگوندێکی بچوک دەژیا، ھەموو شەوێک فانۆسەکەی ھەڵدەگرت و بەناو گوندا دەگەڕا تابزانێت ئاخۆ بەڕێکەوت غەریبەیەک نەھاتۆتە ناو گوندەوە، ئەگەر کەسێکی وای بدیایە دەیبردە ماڵەوە، خواردن و خواردنەوەی زۆری ئەدایە، پاشان خۆی لەسەر کورسیەک دادەنیشت، سەبیلە درێژەکەی دادەگیرساند، ڕووی لەمیوانەکەی دەکرد کە کاتی قەرزدانەوەکەی گەیشتبوو دەیگوت بۆم باسبکە، تۆ چییت و کێیت؟ لەکوێوە ھاتویت، کام شارو گوندت بەچاوی خۆت بینیوە؟ بەکورتی ھەموو شتێکم بۆ باسبکە.

ئیتر میوانەکەش دەستیپێدەکرد، لەملاوە دەیبردە ئەولاو ڕاست و درۆی بەسەر یەکدا دەترشاند.باپیرم مژی لەسەبیلەکەی دەداو لەسەر کورسییەکەی گرمۆڵە دەبوو، گوێی لێ دەگرت و ھێدی ھێدی سەفەرەکەی لەگەڵدا دەکرد.
باپیرم ھەرگیز لەگوندەکەی نەچوبوە دەرێ، تەنانەت نەچوبوە دوو شارە گرنگەکەی کریتیش، دەیوت" بچم بۆ ئەوێ چی بکەم؟ خەڵکی ئەو دوو شارە ھەمیشە بێرەدا تێ دەپەڕن، ئەوان خۆیان سەر بەماڵمان دەکەن و من پێویستم بەچوون نیە".

دونیای ھەموان ھەر یەک دونیایە..ئەوەی جوان یاخود ناشیرینی دەکات ھەر مرۆڤەکان خۆیانن..تۆ دەتەوێ دونیا جوانتربکەیت ھەوڵی بۆ دەدەیت.. دروستی دەکەیت..دەتەوێت ناشیرینی بکەیت ھەوڵی بۆ دەدەیت..تێکی دەدەیت.

دروستکردن و بونیاتنان لەگەڵ مرۆڤدا سەریانھەڵداوە..ژیانکردن و ژیانکوشتن لە ئادەمەوە ھەیە..دوانەیەکی لێکدانەبڕاون..بەڵام ھەمیشە ترسی مرۆڤ وایکردوە داھاتویی ناڕوون بێت.

کازانتزاکی لەشوێنێکی تردا دەڵێت" من نەمدەزانی، ئەوەم چاک دەزانی کە دەبێت چی بڕۆخێنین، بەڵام نەمدەزانی لەسەر ئەم وێرانەیەوە دەبێت چی دروستبکەین، لەو باوەڕەیشدا بووم کە ھیچ کەسێک نیە بەڕاستی ئەمە بزانێت، دنیای کۆن ھەستپێکراوەو بەھێزە، تیایدا دەژین و بەردەوام کێشەمان لەگەڵیایەتی،بۆیە ئەمە دنیایەکە وجودی ھەیە.دنیای ئایندە ھێشتا نەھاتۆتە دی، ھەستی پێ ناکەیت و ونە، لەنوورێک دروست بوە کە تان و پۆی خەونەکانی پێ چنراوە."

لەگەڵ تێپەڕینی تەمەنیشدا مرۆڤ بەحەسرەتەوە لەڕابوردوی خۆی دەڕوانێت، پەشیمانە لەو ساتانەی دەبوو خۆشبەخت بژی خۆشبەخت نەژیا..دەبوو ڕاست بژی ھەڵە ژیا..دەبوو دڵخۆشبێت دڵتەنگ ژیا...

کازانتزاکیس دەڵێت" ئێمە بە دەگمەن ھەست بەو بەختیارییە دەکەین کە تیایدا دەژین، تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە بەختەوەرییەکەمان تێ دەپەڕێ و ئێمە بەرەو دوا ئاوڕ دەدەینەوە، لەپڕا ھەست بەوە دەکەین-ھەندێکجار بەسەرسامیەوە-کە چەندە بەختەوەربووین"

ئێستا مرۆڤ چی دەوێت و بەدوای چیدا وێڵە..؟ 

زۆربا واتەنی وام دەزانی بەختەوەری خۆم بەنرخێکی ھەرزان دەکڕم کەچی نەمزانی تەمەنی لەپێناودا دادەنێم.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×