دەروازەی بیشخابور بەڕوی رۆژئاوای كوردستاندا كرایەوە
  2022-01-22       854       

بەرپرسی خاڵی سنوریی پیشخابور ئاشکرای کرد،  ئەمڕۆ شەممە، ئەو خاڵە سنورییە بۆ رەوانەکردنی ھاوکاریی مرۆیی و کارمەندانی رێکخراوە خێرخوازییە بیانییەکان کراوەتەوە، بۆ ئەوەی ھاوکاری بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان رەوانە  بکرێت و خۆشیان سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن.

ئاوێنە: شەوکەت بەربەھاری، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند، "ئەمڕۆ خاڵی سنوریی پیشخابور کراوەتەوە، بۆ ئەوەی کارمەندانی بیانی لە رێکخراوە خێرخوازییە بیانییەکان بچن بۆ رۆژئاوای کوردستان و ھاوکاری بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ خۆیان ببەن."

شەوكەت بەربەھاری وتیشی، "مەبەستی کردنەوەی خاڵی سنوری، بۆ ئەوەیە کە ھاوکارییە مرۆییەکان رەوانەی رۆژئاوای کوردستان بکرێن، بۆیە ئەمڕۆ دەرگای خاڵی سنوری کراوەتەوە تا ھاوکارییەکان بە خەڵک بگەن."

پێشتر پێگەی (ئەلمۆنیتۆر)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بە فشارەكانی ئەمریكا كردبو بۆ كردنەوەی دەروازەی بیشخابور(سێمالكا) بەڕوی رۆژئاوای كوردستاندا ئەوەش دوای مانگێك لە داخستنی دەروازەكە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئەلمۆنیتۆر، لەو ماوەیەدا بۆ كردنەوەی دەروازەكە، چه‌ندین جار پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان مەسرور بارزانی و برێت مەكگۆرك، رێكخەری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا رویداوە، هه‌روه‌ها چه‌ند جارێكیش كۆبونەوە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئه‌نجامدراوه‌.

پێگەكە ئاماژەی بەوەداوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدو مەرج بڕیاریداوە دەروازەكە مانگی دو جار بكاتەوە، ئەوانیش گەڕانەوەی ئەو كوردانەی رۆژئاوایە كە لە دژی هەرێمی كوردستان خێمەیان هەڵداوە، لەگەڵ رێگەدانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا بە كاركردنی رێكخراوە خێرخوازییەكان بەتایبەتیش رێگەبدەن رێكخراوی خێرخوازی بارزانی لە رۆژئاوای كوردستان كاربكات.

بەگوێرەی ئەلمۆنتیۆر رێكخراوی بارزانی لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بە "جاسوسیكردن" بۆ توركیا تۆمەتبارە، بۆیە مەزڵوم كۆبانی نەیتوانیوە بەرپرسانی پەكەكە رازی بكات بە كاركردنی رێكخراوی خێرخوازی بارزانی لە رۆژئاوای كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×