جەعفەر سەدر كێیە؟
  2022-03-11       2189       
جەعفەر سەدرو موقتەدا سەدر

ئا: ئاوێنە

 

 پاش چەندین ساڵ دابڕان، تەلەفونەکەی موقتەدا سەدر بۆ نوری مالیكی گرێ‌ كوێرەیەكی گرنگی لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا كردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان دەڵێن "رەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی رێککەوتون لەسەر ئەوەی جەعفەر سەدر بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق دیاری بکەن."

 

نیوەشەوی پێنج شەممەی رابردوو، موقتەدا سەدری سەركردەی رەوتی سەدر، بەتەلەفون پەیوەندی بەهەریەك لە"مەسعود بارزانی، نوری مالیكی، خەمیس خەنجەر‌و محەمەد حەلبوسی"یەوە كرد، ناوەندە سیاسیەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لەنێو ئەو پەیوەندییە تەلەفونیانەدا، پەیوەندی موقتەدا بەمالكی سەركردەی لیستی "دەوڵەتی یاسا"وە زیاتر گرنگ‌و جێی بایەخ بوە، لەبەرئەوەی پاش چەند ساڵێك لەناكۆكی‌و ساردی كەوتنە نێوانیانەوە، ئەمە یەكەمجارە موقتەدا پەیوەندی بەمالیكییەوە بكات".

 

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان "سەدر پێشنیاری بۆ مالیكی کردوە ناکۆکییەکانی نێوانیان کۆتایی پێبهێنن‌و بەهەماهەنگی جەعفەر سەدر باڵیۆزی عێراق لە لەندەن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق دیاری بکەن".

 

جەعفەر سەدر، لەساڵی 2010ەوە بەردەوام لەكاتی پێكهێنانی حكومەتدا ناوی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیری عێراق دەهێنرێت، بەپێی دەستوری عێراق سەرۆک وەزیر لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە یەکلایی دەکرێتەوە‌و متمانەی دەدرێتێ، پاش ئەوەی کاندیدی گەورەترین لیستی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ ئەو پۆستە رادەسپێردرێت.

 

جەعفەر سەدر، كوڕە تاقانەی محەمەد باقر سەدری مەرجەعی ناوداری شیعەو دامەزرێنەری حزبی دەعوەو ئامۆزاو برای هاوسەری موقتەدا سەدرە.

 

جەعفەر باقر سەدر، كاتی ئیعدام كردنی باوكی كە یەكێك بو لەمەرجەعە باڵاكانی شیعە‌و یەكەمین حیزبی سیاسی شیعەی عێراقی لەساڵی 1957 دامەزراندو بەبوژێنەوەرەوەی شیعەگەری دادەنرێت، بەفەرمانی سەدام حسێن لەساڵی 1980 لەگەڵ "بنت هودا"ی خوشكی ئیعدام كرا، تەمەنی 10 ساڵ بو.

 

محەمەد باقر سەدری باوكی لەناو شیعەكاندا بە"سەدری یەكەم" ناودەبرێت، بۆ جیاكردنەوەی لەمحەمەد محەمەد سەدری باوكی موقتەدا كە بە"سەدری دوەم" بەناوبانگە.

 

جەعفەر سەدر، دوای ئیعدام كردنی باوكی بەرگی ئایینی پۆشی‌و لەحەوزەی عیلمی نەجەف خوێندی‌و تاقیکردنەوەی دەرەکیشی ئەنجامداو پاش ئەوەی ساڵی ١٩٩٤ لەکۆلیژی یاسای زانکۆی بەغدا وەردەگیرێ، بۆ ماوەی ساڵێک دەخوێنێ، بەڵام بەهۆی چاودێری کردنییەوە ناتوانێ درێژە بەخوێندن بدات‌و دەچێتە نەجەف‌و دەبێتە یەكێك لەكەسە نزیكەكانی ئامۆزاكەی باوكی كە سەید محەمەد سەدری مەرجەعی باڵای شیعەكان‌و باوكی موقتەدا سەدر بو.

 

سەید محەمەد سەدری باوكی موقتەدا ساڵێك بەر لەتیرۆر كردنی لەساڵی 1998دا لەلایەن رژێمی بەعسەوە، بەنهێنی جەعفەر سەدری نارد بۆ قوم تا نوسینگەی نوێنەرایەتی لەم شارە بكاتەوە، زۆر ناخایەنێت جەعفەر رودەکاتە لوبنان‌و پاشان بۆ خوێندنی یاسا رویكردە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا‌و پاشان بڕوانامەی ماستەری لەكۆمەڵناسی لەزانكۆی لوبنان بەدەستهێنا.

 

جەعفەر سەدر كە تەمەنی 52 ساڵەو لەنەجەف لەدایكبوە، ساڵی 2009 دەبێتە راوێژكاری سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق‌ "تاڵەبانی"و ساڵی 2010 بەشداری لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، بەڵام لەبری ئەوەی وەك خزم‌و كەسە نزیكەكانی بچێتە پاڵ لیستی رەوتی سەدرەوە، دەبێتە كاندیدی لیستی "دەوڵەتی یاسا"ی نوری مالیكی‌ لەبەغدای پایتەخت‌.

 

هەرچەندە لەڕوی سیاسیشەوە ئەزمونێكی ئەوتۆی نەبو، بەڵام لەپاش نوری مالیكی زۆرترین دەنگی لیستەكە بەدەستدەهێنێت‌و دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.

 

جەعفەر سەدر لەچاوپێكەوتنێكیدا بەر لەهەڵبژاردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران داوای جیاكردنەوەی ئایینی لەدەوڵەت كردبو، دژایەتی خۆیشی بەرامبەر بەزۆر سەپاندنی حیجاب بەسەر ژناندا راگەیاندبو.

 

لەساڵی 2014شدا ناڕەزایی بەرامبەر بەسوربونی نوری مالیكی بۆ ئەوەی بۆ جاری سێهەم ببێتەوە بەسەرۆك وەزیری عێراق دەربڕی‌و ئەم "عیناد"ییەی مالیكی بە"كارەسات‌و كۆتایی عێراق" ناوبرد‌و دەستی لەئەندامێتی پەرلەمان كێشایەوە.

 

جەعفەر سەدر كە لەساڵی 2019ەوە باڵوێزی عێراقە لەبەریتانیا، خێزاندارەو چوار كچ‌و دو كوڕی هەیە‌و سێ‌ زمانی عەرەبی‌و ئینگلیزی‌و فارسی دەزانێ‌.

 

ناوەندە سیاسیەكان پێیانوایە ئەمجارە جەعفەر سەدر لەنێو ئەوانەدا ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەهێنرێت، بەختی لەهەمویان زیاترە، لەبەرئەوەی كەسایەتییەكە پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ هەردوو لیستی رەوتی سەدرو چێوەی هەماهەنگی شیعەكان‌و لیستە كوردییەكان‌و سوننەكانیشدا هەیەو سەر بەبنەماڵەیەكیشە كە لەعێراق‌و ئێران‌و لوبنانیشدا بەوە دەناسرێن هەم لەئیجتیهاد-دا شارەزان‌و هەم لەكاری سیاسەتیشدا باڵادەستن.

جەژفەر سەدر لەگەڵ محەمەد باقر سەدری باوکی

جەعفەر سەدر لەگەڵ محەمەد محەمەد سەدری باوکی موقتەدا

جەعفەر سەدر لەگەڵ موقتەدا سەدر

جەعفەر سەدر لەگەڵ شاژنی بەریتانیا

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×