ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. وێنە: دەنگی ئەمریكا
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سەرچاوەی گرفتەکانی پارێزگای سلێمانی و نەمانی دەرمان و کۆبونەوەی خۆڵ و خاشاک، نەمانی پارەی کاشە لە بانکەکاندا، هۆشداریش دەدات لە خراپتربونی زیاتری دۆخەکە.
ئاوێنە: ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا رایگەیاند"ئێمە ناڵێین داهات نییە لە سلێمانی، داهات لە مانگی 1 بەهۆی سەرماو سۆڵەوە کەمیکرد، لە مانگی 3 بەهۆی سیانزەبەدەری ئێرانەوە، جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکان کەمیکرد، جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی سلێمانی کەمبوەتەوەو گواستراوەتەوە بۆ دەروازەکانی تر، بۆ نمونە لەمانگی 2، نزیکەی 8 هەزار بارهەڵگر لە دەروازەی باشماخ چوەتە ژورەوە، لە کاتێکدا نزیکەی 22 هەزار بارهەڵگر لە دەروازەی حاجی ئۆمەران چوەتە ژورەوە، ئەمانە کاریگەریان لەسەر داهاتی سلێمانی هەبوە."
وتیشی"6 هەزار کۆمپانیا لەهەمو سنوری سلێمانی باج و رسومات دەدات، لەکاتێکدا 12 هەزار کۆمپانیا لەهەولێر باج و رسومات دەدەن، کەواتە باج و رسوماتی هەولێر دو هێندەی سلێمانییە، یاخود داهاتی حاجی ئۆمەران بەپێی بەدواداچونەکانی ئێمە، سێ هێندەی داهاتی باشماخە."
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێویستی دەزانێت، حکومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، کە پەیوەندیان بە سیولەی نەقدیەوە هەیە لە بانکەکان، وتی"ناکرێت سبەی دهۆک پێویستی بە هاوکاری سلێمانی بێت، تۆ بڵێی پارەی سلێمانی نانێرم بۆ دهۆک، ئەمە میکانیزمێکی خراپە لەدابەشکردنی پارەی وەزارەتی دارایی بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکاندا."
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هۆکاری گرفتەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ نەبونی پارەی کاش لە بانکەکانی سنوری پارێزگاکە و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری گێڕایەوە، کە ژمارەیان 32 بانکە، وتی"سێ ڕۆژە بانگەشەی نەمانی دەرمان دەکرێت، توشبوانی شێرپەنجە لەمانگی 12ەوە، دەرمانیان وەرنەگرتوە، ئەمە کارەساتێکی گەورەیەو کارەساتی تریشی بەدوادا دێت، کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خاشاک لە سنوری 21 شارەوانی کارەکانیان ڕاگرتوە، چونکە پارەیان پێنادرێت، بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی دارایی، دەبێت 60% پارەکانیان بدرێتە کۆمپانیاکان و 40% بۆ پاشەکەوت بکەن، لەکاتێکدا لەگرێبەستەکانیاندا شتی وانیە."
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، نەبونی پارەی پێویست لە بانکەکان هەمو ئیش و کارەکانی ڕاگرتوە، وتی"ژمارەیەکی زۆر لەگەڕەکەکانی دەوروبەری سلێمانی کە بەسستمی تەندەرین ئاویان پێگەیشتوە، ئێستا ئاویان لێبڕاوە، چونکە وەزارەتی شارەوانی ئەمەشی ڕاگرتوە، پارە نیە بۆ کڕینی گاز و بانزین، هەر وەزارەتێک خۆی بەدور دەگرێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی سەربە وەزارەتەکەی، کە دەرمان نیە، خۆ دەبێت وەزارەتی تەندروستی بەهەماهەنگی ئەنجومەنی وەزیران هەوڵی چارەسەرکردنی بدات."
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕونیکردەوە، لەگەڵ بانکی هەرێم لەسلێمانی و 11 بەڕێوەبەر بانکدا کۆبونەتەوە، چارەسەری هەنوکەییان خستوەتەبەردەستیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی چۆنیەتی دابەشکردنی موچەی خانەنیشیان، بڕیارە کار بە چارەسەرەکانیان بکرێت، وتی"کێشەکانی تر پەیوەندیان بەنەبونی پارەوە هەیە، ئەو داهاتانەی دێتە بانکەکانی سلێمانی، چ داهاتی ناوخۆ یاخود پارەی گومرگ، بەشی ئەم هەمو پێداویستیە ناکات، سلێمانی ناچارکراوە لە مانگی 2 دا، 78 ملیار دینار بۆ موچە دابین بکات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بەپارەی دەرمان و خاشاک و بودجەی تەشغیلی هەیە، بەڕاستی دابین ناکرێت، بەڕێوەبردنی ژمێریاری و کارگێڕی دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە، پێویستە لەگەڵ وەزارەتەکان پێکەوە گرفتەکان چارەسەر بکەن."