ناوەڕۆكی كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی فراكسیۆنەكان
  2022-05-25       503       

لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا بڕیاردراوە لە 2ی مانگی داهاتوەوە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەستپێبكەنەوەو هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش بۆ رێككەوتنی نێوان لایەنەكان جێبهێڵرێت. سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێش دەڵێت: "جگە لە ئێمە سەرجەم فراکسیۆنەکان کۆکبون كە پەرلەمان بێ باسی هەڵبژاردن و کۆمسیۆن کۆببێتەوە."

ئاوێنە: زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند''کۆبونەوەی فراکسیۆنەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتو بەڕێوە چو و تێیدا بڕیار درا لە ٢ی مانگی داھاتوەوە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و ھەمو لایەنەکانی نێو پەرلەمان ھاوڕابون لەبارەی بەڕێوەچونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا، کە لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە."

لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەوە، زانا مەلا خالید وتی ''ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن پێویستی بە زەمینەسازی ھەیە و دەکەوێتە دانوستانی نێوان لایەنەکان، بەڵام ئەمڕۆ ھەمو لایەنەکان لەسەر بەڕێوەچونی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا کۆدەنگ بون، چونکە ھەڵبژاردن مافێکی یاساییی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.''

هاوكات کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "جگە لە ئێمە سەرجەم فراکسیۆنەکان کۆکبوون پەرلەمان بێ باسی هەڵبژاردن و کۆمسیۆن کۆببێتەوە."

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، دەبێت کۆبونەوەی لایەنەکان و پەرلەمان لەسەر کێشەکانی خەڵک بێت.

باسی لەوەشکرد، لەژێر هیچ بیانویەکدا نابێت هەڵبژاردنەکان دوابخرێت و پێویستە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×