گۆشتی سور !
  2022-06-02       615       

وەرگێڕانی لە زمانی هۆڵەندییەوە: خالید رەزا ئەمین

# ئایا خواردنی گۆشتی سور ئەگەری توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە زیاد ئەکا؟

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی، کە پەیوەندیەک هەیە لە نێوان خواردنی گۆشتی سور و ئەگەری توشبون بە شێرپەنجە، بە تایبەت شێرپەنجەی ریخۆڵە.

خواردنی زیاتر لە ١٠٠سەد گرام گۆشتی سور لە رۆژێک‌دا ١٧٪  ئەگەری توش بون بە شێرپەنجەی ریخۆڵە زیاد ئەکا. رێکخراوی تەندروستی جیهانی گۆشتی سوری وەکو ئەگەرێك بۆ "توش بون بە شێرپەنجە" پۆلێن کردوە. تا ئێستا پەیوەندیی‌یەکە بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە. بەڵام بەڵگەی بەهێز هەیە، کە زۆر خواردنی گۆشتی سور دەبێتە هۆی زیادبونی مەترسی توش بون بە نەخۆشی شێرپەنجەی (سی)یەکان.

# بۆچی گۆشتی سور زیان بەخشە؟

ئەشێ یەکێ لە کاریگەریی‌یە خراپەکانی گۆشتی سور بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە مادەی ئاسنی هیم (heemijzer)ی تیایە {ئاسنی هیم وشەیەکی لێکدراوە بۆ "ئاسن و هیمۆگڵۆبین"- وەرگێڕ}، ئەم مادەیەش بەرپرسە لە گواستنەوەی ئۆکسجین بەناو خوێن‌دا. ئاسنی هیم یارمەتی دروستبونی نایترۆسامینەکان ئەدا. نایترۆسامینەکانیش ئەگەری دروستکردنی شێرپەنجەیان هەیە.

# ئایە گۆشتی پرۆسێسکراو (خۆشکراو- دەستکاریی‌کراو) شێرپەنجە دروست ئەکا؟

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی  گۆشتی پرۆسێسکراویان لە ریزی ئەو مادانەدا پۆلێن کردوە کە دەبێتە هۆی توشکردنی نەخۆشی شێرپەنجە. بۆ ئەمەش بەڵگەی سەرنج راکێش و باوەڕ پێکراو هەیە کە گۆشتی دەستکاریکراو دەبێتە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە.

خواردنی (پەنجا) گرام گۆشتی پرۆسێسکراو لە رۆژێک‌دا، بە بەراورد لەگەڵ کەسێکی تردا، کە نایخوات، مەترسی توش بون بە نەخۆشی شێرپەنجەی ریخۆڵە لەو کەسەدا بە رێژەی لە ١٨٪ زیاد ئەکا.

# روانینێکی تر بۆ شێرپەنجە!

توش بونی کەسێک بە نەخۆشی شێرپەنجە پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەری ترەوە وەکو: بۆماوەیی (جینات)، جگەرە کێشان و راهاتن لەسەر جۆری دیاریکراو لە خۆراک. راستە گۆشتی پرۆسێسکراو وەکو مەترسی توشکردن بە شێرپەنجە ئەبینرێ، بەڵام مانای ئەوە نیە، کە هەمان کاریگەری جگەرەکێشانی هەیە. زیانی جگەرە و مەترسیەکانی بۆ توشکردن بە شێرپەنجە چەندین جار زیاترە لە مەترسی خواردنی گۆشتی پرۆسێسکراو.

# لێكۆڵینەوەیەکی هەشت ساڵە و ئەنجامێکی مەترسیدار!

خواردنی گۆشتی سور لەوە زیانبەخشترە کە بیری لێ ئەکەینەوە!

ئەنجامی توێژینەوەیەکی هەشت ساڵەی قوتابخانەی هارڤارد تی ئێچ چان (Harvard T.H Chan School) بۆ تەندروستیی گشتی لە ویلایەتی ماساشوستس (Massachusetts)ی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کە لە رۆژی ١٤ی ٦ی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە، لەسەر ٨٠ هەشتا هەزارکەس کردویانە، دەریخستوە ئەو کەسانەی گۆشتی سور زۆرتر ئەخۆن، بۆ تەندروستی‌یان خراپە. ئەو ٨٠ هەزار کەسەی بەشدارییان لە توێژینەوەکەدا کردوە لە هەردوو ڕەگەز بوون بەم جۆرە:

* ٥٠،٥٣٣ کەسیان ژن بون و تەمەنیان لە نێوان ٣٠-٥٥ ساڵ‌دا بوە.

* ٢٧،٩١٦ کەسیان پیاو بون و تەمەنیان لە نێوان ٤٠-٧٥ ساڵ‌دا بوە.

هەر چوار ساڵ جارێکیش لیستێک پرسیاریان بۆ نێردراوە سەبارەت بە جۆری خواردن و وەڵامیان داوەتەوە. بەم جۆرە بۆیان دەرکەوتوە، کە کێ گۆشتی سوری زۆر خواردوە و کێ کەم تری خواردوە. لە سەرەتای توێژینەوەکەدا ئەوانەی بەشدارییان کردوە هیچ کامێکیان نەخۆشی دڵ و لولەکانی خوێن و شێرپەنجەیان نەبوە.

لەدوای ٨ ساڵ ئامارێکیان کرد تا بزانن چەند کەس لەوانەی کە بەشداری توێژینەوەکەیان کردوە مردون.

 بەگشتی ١٤،٠١٩ چواردە هەزار و نۆزدە کەس گیانیان لە دەست دابو، لەوانە:

٨،٤٢٦ هەشت هەزار و چوارسەدوبیستوشەش کەسیان ژن بون.

٥،٥٩٣  پێنج هەزار و پێنجسەدونەوەدوسێ کەسیان پیاو بون.

بۆیان رون بوەوە، کە ئەمانە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی نەخۆشیەکانی دڵ و شێرپەنجە و نەخۆشی (سی) و لەبیرچونەوەوە، گیانیان لەدەست داوە.

# خواردنی سێ ژەم و نیو گۆشتی سور لە هەفتەیەک‌دا، مردنی پێشوەختە بە رێژەی ١٠٪  زیاد ئەکا.

توێژەرەکان لە نیوەی کاتی توێژینەوەکەیان‌دا بۆیان دەرکەوتوە، کە ئەوانەی دەستیان کردوە بە زیاتر خواردنی گۆشتی سور، مەترسی مردنیان زیاتر لەسەر بوە. ئەگەر هەفتانە سێ‌جارونیو گۆشتی سور بخورێ ئەوا ئەگەری مردنی پێشوەختە بە ریژەی ١٠٪ زیاتر ئەبێ. ئەو کەسانەی دەستیان کردوە بە خواردنی گۆشتی سوری پرۆسێس کراو وەکو (بیکۆن، هۆت دۆگ و سەلامی…)، مەترسی مردنی پێشوەختە بە رێژەی ٪١٣ زیادی کردوە. خواردنی گۆشتی سوری پرۆسێس نەکراو ئەگەری مردنی پێش وەختە بەڕیژەی ٩٪ی هەیە.

# خواردنی تەندروست، مەترسی مردن کەم ئەکاتەوە!

بە پێچەوانەی گۆشت خواردنەوە ئەنجامەکان دلخۆشکەرن. ئەگەری مردن لەو بەشدارابوانە کەم بۆتەوە، کە دەستیان کردوە بە کەم‌کردنەوەی خواردنی گۆشتی سور و زیادکردنی  خواردنی تەندروستتر، وەکو، ماسی و پاقلەمەنی‌یەکان و سەوزەوات. ئەگەر هاتو ژەمێک گۆشتی سور بگۆڕدرێ بە ماسی خواردن، ئەوا ریژەی مردن ١٧٪ کەم ئەکا.

 

# ئامۆژگاری

گۆشتی سور سەرچاوەیەکی باشی {پرۆتین، ئاسن و زینک}ە بۆیە لە خواردنی ژەمێکی‌دا خۆراکی تەندروستی تیایە. لە هەفتەیەک‌دا زیاتر لە ٥٠٠ گرام گۆشت مەخۆ بە گۆشتی پرۆسێسکراویشەوە. لەمە با ٣٠٠ گرامی گۆشتی سور بێ. هەر ١٠٠ گرام لە گۆشتی سوری زیادە لە رۆژێک‌دا رێژەی ١٧٪ ئەگەری توش بون بە شێرپەنجەی ریخۆڵە زیاد ئەکا. مەبەست لە گۆشتی سور  گۆشتی گاوگۆلک، مەڕ و بزن و بەرازە بە هەمو شێوەکانی  قیمە کراو،  پەراسو، جنراو و شفتە و کەباب... ئەگەر گۆشتی سور زۆر بخۆیت، لەگەڵ ئەوەی، کە ئەگەری توش بونت هەیە بە شێرپەنجە لە پاڵیا ئەگەری توش بونت هەیە بە جەڵتەی مێشک و شەکرەی پلەدو. جگە لەمە گۆشتی سور زیاتر لە گۆشتی باڵندە و ماسی و هێلکە، ژینگەش پیس ئەکا.

# چەند ئامۆژگارییەک بۆ ئەوەی گۆشت کەمتر بخۆیت

*  لەجیاتی گۆشتی سور گۆشتی باڵندە، ماسی، هێلکە، پاقلەمەنی بخۆ یان بیگۆرە بە روەکی.

* لە جیاتی گۆشتی قوتو و قیمە، گۆشتی ماسی، نیسک و نۆک و فاسۆلیا و قارچک بخۆ.

* ماسی و سەوزە و حومز بخۆ. وەکو ژەمێک تەماتە و خەیار بە نانەوە بخۆ.

سەرچاوەکانی ئەم بابەتە:

١ – سەنتەری خواردەمەنی هۆڵەندی.

٢ – سندوقی جیهانی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە.

٣ - Scientias, Harvard T.H Chan School of Public Health

تێبینی:

گۆشتی پرۆسێسکراو ئەو گۆشتانەیە، کە ئامادەکراون و ئەتوانری بۆ ماوەیەکی زیاتر هەڵبگیرێ. لە بابەتی: بەیکۆن، باسترمە، سۆسج، هەمبەرگر، گۆشتی قوتو... وێنەی گۆشتەکان هاوپێچی ئەم باسەیە.

لەدوای خوێندنەوەی ئەم بابەتە زانستی‌یە و مەترسی‌یەکانی خواردنی گۆشتی سور و گۆشتی پرۆسێسکرا لەسەر تەندروستی، هیوادارم ئیرادەتان هەبێ و چەند دەتوانن خواردنی گۆشت کەم بکەنەوە رو بکەنە خواردنی روەکی و گۆشتی ماسی و باڵندە. خۆ  ئەگەر گۆشت خواردنتان بۆ تەرک ناکرێ، هەوڵ بدەن کەمی بکەنەوە و زیادەخۆری مەکەن، چونکە هەم بۆ تەندروستی، هەم بۆ ژینگە باش نیە.

 پیسبونی ژینگەی کوردستان، داودەرمانی کوالیتی نزم، خۆراکی بەسەر چوو و بێ سەروبەری و ئیدارەیەکی خراپ، ژینگەیەکی وایان دروستکردوە، بەداخەوە  نەخۆشی شێرپەنجەی زۆر زیاتر کردووە. ئەگەر زۆرێک لەوانە بە دەستی خۆت نیە، بێگومان کەمکردنەوەی خواردنی گۆشتی سور و هاوشێوەکانی بەدەست خۆتە.

 

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×