پێشبینی دەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتو لەهەرێم تاوەبارانی بەخوڕو هەورە تریشقە بێت
  2022-06-22       728       

شارەزایەكی كەشوهەوا رایگەیاند، بەهۆی ناجێگیربونی كەشوهەوا لەسەرەتای هەفتەی ئایندەدا لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان پێشبنی بارینی تاوەبارانی بەخوڕ دەكرێت كە هەورە تریشقەشی لەگەڵدایە.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای كەشوهەوا، لە راگەیەندراوێكدا وتی "لە سەرەتای ھەفتەی ئایندەدا رۆژی شەممە ٢٥-٦-٢٠٢٢، بەتایبەت کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ کاتەکانی شەو ئەگەر ھەیە بارێکی ناجێگیر لەکەشوھەوای ناوچەکانی ھەرێمدا دروستببێت بەھۆی ھاتنی بڕێک شێ لە چینە بەرزەکانی ھەواداو بونی بارستە ھەوایەکی سارد کە لەتورکیاوە کاریگەری ئەبێت."

وتوشیەتی"ئەمەش ئەبێتە ھۆی چڕبونەوەی ھەور لەئاستە مامناوەندو بەرزەکانی ھەوادا لە ئەنجامی ئەم حاڵەتەشدا ھەوری چڕی بارانبارین و ھەورە تریشقە بەشێوەیەکی دیاری نەکراو چالاک ئەبێت بەسەر ناوچەی جیاجیادا و بارانی بەخوڕی لێئەبارێت."

بەپێی پێشبینی ئاراس جەبار لەگەڵ ئەوەشدا چالاکبونی بەھێزی بای داکەوتو لە ھەورە بروسکەکانەوە بەدی دێت کە ئەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی تۆزو خۆڵی ناوخۆی و ھەندێک کات خێرایی با داکەوتوەکە زۆر چالاک ئەبێت و ئەبێتە ھۆی زیانگەیاندن کە بەھەمان شێوە ناوچەکان بۆ ئەم ئەگەرانە دیاری ناکرێن.

وتوشیەتی"بەگشتی ئەم حاڵەتە ناجێگیرانە دیاری ناکرێن کە لەچ شوێن و ناوچەیەکدا دەرفەتی بارانبارینەکە زیاتر ئەبێت تا نزیکترن کات لە چڕبونەوەی ھەورەکان و سنوری بارانبارینیش لە مەودایەکی کورتدا ئەبێت کە لەنێوان دو ناوچەی نزیک یەکتردا ئەگەر ھەیە بارانێکی زۆر زۆریش ببارێت و لە نزیک ھەمان ناوچەوە بارانیش نەبارێت و کەش ئاسایی بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×