نەوەستان لەکەناردا
  2022-07-05       290       

ڕانانی: بەکر ئەحمەد

 

ناوی کتێب: کۆمۆنیزمی نوێ، لیکۆلینەوەیەک سەبارەت بە حزب و دەولەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم

نوسەر: ئاسۆ کەمال

 

لە یادکردنەوەی مەراسیمەکانی یەکی ئایاری شاری یۆتۆبۆری سویددا، گۆڕەپانی "یان تۆرێت"، جیگایەکی تایبەتی هەیە. بەشێک لەو چەپەی کە لە باری فکرییەوە خۆی لە سوشیال دیموکراتی جیاکردۆتەوە، لەگەڵ چەپی خۆرهەڵاتی ناوەراست و گۆشە جیاوازەکانی دیکەی دنیادا، بە خۆیان و مێز و میکرۆفۆن و چادرەکانیانەوە شوێنێکی هەمیشەییان لەم گۆرەپانەدا داگیرکردووە.  

لە کاتی بەڕێکەوتنی ریزی خۆپیشاندانەکاندا، زۆربەی زۆری لایەنگرانی ئەم ڕێکخراوانە، لە پاش پێچانەوەی مێز و چادرەکانیان، لە سوچێکی شەقامەکەدا دەوەستان و سەیری ڕێپێوانی سەندیکالیست و حزبەکانی دیکەیان دەکرد.  بۆچی کەس تێکەڵ بەم خۆپێشاندانانە نەدەبوو: نەچوونە ژێرپەرچەمی بزووتنەوەی تر وپاراستنی بێگەردی ئایدئۆلۆژی گرووپی خۆ، لەسەر هەموو شتێکی ترەوە بوو. ئەمڕۆ زۆر کەس دەتوانێ ئەم روونکردنەوە یەکدێڕییە بە بێ هیچ دوودڵییەک بخاتە سەر کاغەز.

یەکێك لەو دیمەنانەی کە لە پەیوەند بەم مەراسیمانەی یەکی ئایاری ئەم گۆڕەپانەدایە  و لە یادەووەری من و بەشێکی زۆری هاوڕیکانمدایە لە شاری یۆتۆبۆری،  دیمەنی دوو پیرەمێردی هەشتا ساڵەیە کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە پشت مێزێکی بچکۆلە و میکرۆفۆنێکی دەستییەوە، ئەو بەیاننامە گڕدارانەیان دەخوێندەوە کە دژی سەرمایەداری بوون لە رۆژی یەکی ئایاردا.

ترسی گەورەی بەشێک لەو هاوڕێ قۆشمەچییانەی خۆشمان ئەوە بوو کە مەترسی دڵوەستانی یەکێک لە پیرەمێردەکان هەمیشە لە ئارادابوو کاتێک بەیاننامەکەی خۆیان بە تووندی دەخوێندەوە.  سەیر ئەوە بوو، دوای تەواوبوونی خوێندنەوەی بەیاننامەکە، مێزو کورسییەکەیان دەپێچایەوە و دەڕۆیشتن. لە دوای سێ یادکردنەوەی یەکی ئایاردا ، هەواڵێک لە ئامادەبونی ئەوان نەما. دەکرێ کۆچی دواییان کردبێ و یان نەخۆشکەوتبێتن. یان هیوادارم کەسێک هۆکاری ونبوونی ئەم پیرەمێردە سەرسەختانەی بە جۆرێکی تر لابێت و لە ڕوونکردنەوەی سیناریۆ ڕەشەکانی من باشتر بێت.

ئایا ئامادەیی چەپ لە عیراق و کوردستاندا لەمڕۆدا نزیکایەتییەکی هەیە بە دۆخی ئەم دوو کۆمۆنیستە سویدیەوەی  کە خۆشیان لەبیریان چووبووەوە  بۆچی ڕێکخراوێکیان هەیە و  چ کاریگەرییەکیان لە هاوکێشەکانی دەسەلاتدا هەبووە کە بە جیا لە "ئیسپات وجود"ێکی رۆتینیانە لە یەکی ئایارو هەندێک بۆنەی تردا،  بۆیان گرنگ نییە بزانن لە کوێی ڕووداوەکاندا ڕاوەستاوون.؟

 ئایا چەپ لەمڕۆی کوردستان و عێراقدا بە شوێن پاراستنی دەرودووکانێکەوە نییە کە ڕۆژگارێک دروستکراوە  و لەمڕۆدا وەک شوناسێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەندامەکانی سەیری دەکرێت و هیچ جێگایەکی لە ئیعرابی سیاسی کۆمەلگادا نییە؟

وەلامی ئەم پرسیارەی سەرەوە کە چەپ لە عێراق و کوردستاندا بە جیا لە ئیسپات وجودێکی ڕۆتینیانە لە هەندێک موناسەبات و بەیاننامەڕەشکردنەوەدا ڕۆڵێکی دیکەی نییە، بە مانای بروابوون بەوەی کە گرفتێک لە ئارادایەو  دەکرێ بە شوێن وەلامەوە بیت.

پێتوایە هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە و ئەم چالاکییانەی کە رۆتینی ئەنجامدەدرێت بەشێک لە کاروچالاکی گروپی خۆیە، دەکرێ سەدان ساڵی دیکە بەردەوام بێت و لە باشترین حالەتیشدا دەکرێ وەک چیرۆکی ونبوونی پێرەمێردەکانی گۆرەپانی "یان تۆرییەت"ی یۆتۆبۆری کۆتایی پێ بێت.

بەلام بۆ "ئاسۆ کەماڵ"، نووسەری کتێبی (کۆمۆنیزمی نوێ)، لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە حیزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم، وەلام بە پرسیارەکانی سەرەوە کە چەپ لە ئەزمەدایە و دەکرێ گەران بەشوێن ڕێگاچارە جۆراوجۆرەکاندا ، کۆششیکی گرنگ بێت، دەبێتە کتێبێکی قەوارە 400 پەرەیی و بە  بەکارهێنانی سەدان سەرچاوەی کلاسیکی مارکسیستی کۆن و تازە بە شوێن سۆراغی ئەم پرسیارەوەیە: "پاسیڤیزمی چەپ و بیرۆکەی نوێ سەبارەت حزب و رێکخراوبوونی کریکاری تا وەڵامێک بەو کێشانەی رووبەڕووی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆمیستیی بوونەتەوە بدرێتەوە"

یان بە مانایەکی تر:" چ تێگەیشتنێک لە حزب ، ئێمەی کردۆتە بتێک کە پاسیڤانە لە پەراوێزی کۆمەلگادا قەرارمان گرتووە؟ بۆ ئەمە پێویست بوو حزب لەو بتە چەقبەستووە لە تێگەیشتنی خۆماندا ڕزگاربکەین و پەیوەندی نێوان کۆمۆنیزم و چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی و حزب و پرۆسەی میژوویی شکڵگرتنی حزب وەک ستراکتۆری چینی کریکار بناسین".

بۆ ئاسۆ کەماڵ ، بەشێکی گەورە لە پرسیاری ئەم ئەزمەیەی کە درێژەی هەیە، لە تێروانینی ئەم بزووتنەوەدایە بۆ حزب و پەیوەندی نێوان حزب و چیندا خۆی دەردەخات . بە تایبەت لە رێکخستنی کریکاراندا.

کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ، گەرانێکی قوڵی ڕەخنەگرانەیە بە مێژووی سوشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی بیست دا و ئاوڕدانەوەیەکی چاوتیژانەیە بە پرۆسەی پەیوەندی نێوان کار و خەباتی چینی کریکار و دروستکردنی رێکخراو و ئەحزابی سیاسیدا. ڕاوەستانێکی بە ئاگاهانەیە لەبەرانبەر  تاقیکردنەوەکانی چینی کرێکاردا لە سۆڤێت دا و دەرخستنی گۆشەنیگای تازەترە لە پەیوەند بەو جەدەلە سیاسییە هەمیشەییەی کە شکستی شۆڕش لە ئۆکتۆبەری ڕوسیادا دروستی دەکات.  

بەشێکی گرنگی ئەو رەخنانەی لە تاقیکردنەوەی مۆدێلی سۆڤێتی کە لە ئاستی نێونەتەوایەتیدا گیراون لەسەر ئامادەیی بیرۆکراتیزمە لە دەسەلاتی سیاسی بەلشەفییەکاندا، ئاسۆ کەمال لە کتێبی کۆمۆنیزمی نوێدا، جەدەلی بیرۆکراتیزم و سەرنجدان لێی لە ئاستێکی بالاتری سیاسی و تێگەیشتنێکی رادیکالانەتردا باس دەکات کە جێگای بەرزنرخاندنە.

بە بڕوای من، ناونیشانی کتێبەکە : لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە حزب و دەولەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم ،  خوێنەر دەخاتە سەر خەیاڵی وەلامدانەوەیەکی فراوان بەم گرفتانە لە ئاست جوگرافیایایەکی گەورەی نێونەتەوایەتیدا. وەک ئەوەی کە گرفتی پەیوەندی نێوان حزب و چینی کرێکار بەو مۆدێلەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەکانی ژێر دەسەلاتی دیکتاتۆریدا بە زەقی هەستی پێدەکرێ هەمان گرفت بێت لە ئەمریکا و بەشێکی زۆری ئەوروپادا. یان وەک ئەوەی لەکەناردابوونی چەپ لە ئەوروپادا هەمان دەردێک بێت کە لە عێراقدا چەپ بە دەستییەوە گیری خواردووە. ئەم تێروانینە کێشمان دەکاتە ناو ئەو پرسیارەی کە ئایا چوارچێوەی ڵێکۆڵینەوەکە کوێیە؟ ئەوەی کە دەبێ سنوورداربکرێت و تیشکێکی گەورەی نەخرێتە سەر کامەیە. ئەمە دەکرێ ئەو تێبینیە بێت کە لە بواری لێکؤڵینەوەی زانستیدا دەبێ لە بەرچاو بگیرێ. بە تایبەت لە کاتێکدا کە بەشێکی گەورەی لێکۆڵینەوەکە لە تاقیکردنەوەی کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عێراقە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی حزب و ڕیکخستنی کریکاریدا.

ئاسۆ کەمال، خۆی ئەکتیڤیستێکی سیاسیە  کە دەست بە داوێنی لێکۆڵینەوەی زانستیەوە دەگرێت تا وەلام بەو پرسیارانە بداتەوە کە بزووتنەوەکەی ئەوی لە چەقبەستنێکی هەمیشەیدا ڕاگرتووە ، هەر بۆیەش لە هەندێک جیگای لێکۆلێنەوەکەدادەنگی منی لێکۆڵەرەوە دەدرێتە دەست دەنگی منی ئەکتیڤیست و ئەو ئۆبژێکتیڤیتییە زانستییەی لە ڕەچاوکردنی نووسینی زانستیدا دەبێ ڕەچاو بکرێت کاڵ دەبێتەوە. ئەم نموونە کورتەی خوارەوە  دەکرێ لە هەندێک شوێنی دیکەی نووسینەکەدا ببینرێت:" چ تێگەیشتنێک لە حزب ، ئێمەی کردۆتە بتێک کە پاسیڤانە لە پەراوێزی کۆمەلگادا قەرارمان گرتووە؟ بۆ ئەمە پێویست بوو حزب لەو بتە چەقبەستووە لە تێگەیشتنی خۆماندا ڕزگاربکەین"

خالێکی دیکە کە دەکرێ جێگای سەرنج بێت ئەوەیە کە گەرانەوەی چەپە بۆ کلاسیکیاتە گرنگەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس لە پەیوەند بە پرسیارەکانی رێکخستن و حزبایەتیدا لە زەمەنی گلۆبازیزەیشن و سەرمایەداری ئەمڕۆدا. بە تایبەت لەکاتێکدا تیۆریەکانی ئیدارە و بەڕیوەبردن لە ئاستە زانستییەکەیدا و لە ناو جومگە گرنگەکانی زانستە جۆراوجۆرەکاندا ، سەدەها مۆدێلی رێکخستنمان پێشکەشدەکات کە دەکرێ لە پەیوەند بە پرسیارەکانی رێکخستندا کەڵکی لێوەربگیرێت. ئایا بەێوەبردنی مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و تۆیۆتا لە بازاڕێکی گڵۆباڵدا و بەو هەموو کەرت و لق وپۆپانەویە دەکڕی جێگای سەرنج بێت. تاقیکردنەوەی گەریلاکانی چیاپاس لە مەکسیک و بەکارهێنانی ئەو فرسەتانەی "نیتوۆرک"ەکانی ئەمڕۆی سەرمایەداری نموونەیەکی سادەیە.

بە بڕوای من کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ شایەنی خوێندنەوەیەکی قوڵترە، نەک هەر بۆ کەسانێک کە بە شووێن پرسیارەکانی سیاسەت و رێکخستنی سۆشیالیستییەوەن، بەلکو زانیاریەکانی ناو کتێبەکە گەڵێک گرنگن و کەسانێک کە بەشوین تێروانێکی مەتریالیستانەی ئەمڕۆییەوەن بۆ بەشێکی گرنگی ڕووداوەکانی سەدەی نۆزدە  و بێست کە تا ئیستاش کاریگەری ڕۆژانەیان لەسەر ڕووداوەکانی عێراق و کوردستان هەیە ، دەکرێ خوێندنەوەیەکی زۆر بەسوود بێت.

بەڵام خاڵێک کە ناکرێ چاوپۆشی لێبکرێت ئەوەیە کە بۆچی کتێبخانەی کوردی لەئاستی ئیلیتە کولتورییەکەیدا نووزەیەکی لێدەرنایەت بۆ ئاوڕدانەوە لە کارێک کە بەڕاستی شایەنی ئەوەیە لە بەرانبەریدا رابوەستیت. من بە جیا لە کولتوری ئاوڕدانەوە لە بەرهەمی دۆست و هاوڕی نزیکەکانی خۆ لە بازنەی مەدح و سەنایەکی یەکترگەورەکردندا و رەنگە ئایدۆلۆژیەکانی کە دەکرێ ئەم کتێبەی پێ مۆربکرێت هیچ هۆکارێکی دیکە نابینمەوە.

بەلام بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی کە بەشێکی گەورەی رەخنەکانی ئەم کتێبە ئاراستەی ئەوانە ، مەبەست لە حزب و گروپە جیاوازەکانی کۆمۆنیزمی کرێکارییە لەعێراق و ئێراندا، بێدەنگییەکە سەد هێندەی تر کوشندەترە.

بەلام بەرلەوەی ئینسان جێگایەکی گەورە یان ىچووک بۆ ئەم بێدەنگییەی چەپ تەرخان بکات لەبەرانبەر ئەم کتێبەدا کە بەشێکی گەورەی ڕەخنەکە رووی دەمی لەوانە، هەستدەکرێت ئەو دۆخەی لە ناو چەپی کوردستانی عێراقدا و ئێراندا دەگوزەرێ وەک ئەزمەیەک سەیر ناکرێت و ئینسان رازییە بە درێژەپێدانی ئەو ڕەوتەی کە لە کۆتایی هەشتاکانەوە گرتوویەتە بەری و لە باشترین حالەتەکانیدا، حزبی کردۆتە چەترێک کە لە  پرسی مردنی کادر و ئەندامەکانییدا یان یادەوەرییە کرێکاری و حزبیە نێونەتەوایەتیەکاندا  وەک یادەوەرییەکی جاویدان، وەک نوستالژیایەک بە دەوریدا کۆببنەوە.  دۆخێک کە لە ڕەوتەکانی دیکەی ناو چەپی عێراقدا بە زەقی دیارە و ئەو چەپە نوێیەی کە بڕیاربوو بە ڕەخنە لەم ترادیسیۆنە سیاسی و ئایدیۆلۆژیە سنوورەکانی خۆی ڕابگەێنێ، لە ئێستایدا لە ناو هەمان کولتور و ترادیسیۆنی هێزیكی سیاسی سونەتیدا بە تەواوەتی گیریکردوە و بە لەکەناردابوونی خۆی ڕازییە .

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×