بۆچی چەکە لەیزەرە نوێکەی ئیسرایل جێی سەرسوڕمان‌و گرنگە؟
  2022-07-17       2720       
سیستەمی بەرگری قوبەی پۆڵایین-ی ئیسرائیل

ئا: ئاوێنە

 

یەکێک لەگرنگترین ویستگەکانی سەردانەکەی بایدن-ی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەردەلادانی ئەو بو لەسەر چەکی لەیزەری ئیسرایلی، چەکێک کە بۆ روبەڕوبونەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوان‌و موشەکەکانی ئێران‌و ئەو هێزانە داهێنراوە کە لەناوچەکەدا سەر بەئێرانن.

 

لەمە بەدوا لەسایەی ئەم سیستمە نوێیەی بەرگری ئیسرائیلدا بەناوی "تیشکی ئاسن"، ئاسمانی ئیسرائیل پارێزراوتر دەبێت، دوای ئەوەی کە تەکنیکی شەڕ لەناوچەکەدا بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووەو ئێستا باس لەکۆتایهاتنی قۆناغی تانک‌و روبەڕوبونەوەی چەکداری دەکرێت.

 

ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی لەڕوی زانستی‌و تەکنیک‌و تەکنەلۆجیاوە، بەتایبەتی لەبواری سەربازیدا بەسەر هەمو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باڵادەستەو پێ بەپێی گۆڕانکارییەکان خۆی نوێ‌و سەردەمیانە دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەڕەوتی گۆڕانکارییەکان دوا نەکەوێت.

 

لەجەنگی پێشووی نێوان حەماس‌و سوپای ئیسرائیلدا، حەماس نزیکەی ٣٦٠٠ موشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد، تاک‌و تەرا نەبێت، هەمویان لەئاسماندا بەر لەگەیشتنە ئامانجەکانیان لەناوبران‌و تەقێنرانەوە بەهۆی ئەو سیستەمە بەرگرییەی کە ئیسرائیل ناوی نابو "قوبەی پۆڵایین".

 

حکومەتی ئەمریکا پێشتر یەک ملیار دۆلاری وەک هاوکاری بۆ "قوبەی پۆڵایین" تەرخان کردو نمایشکردنی سیستەمی بەرگری "تیشکی ئاسن" بۆ سەرۆکی ئەمریکا بەرێکارێکی ستراتیژی دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی‌و یارمەتی لەواشنتۆن.

 

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بەمەترسی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران، سوپای ئیسرائیل خوازیارە بتوانێت بە بەکارهێنانی چەکی لەیزەر ئاسایشی ئاسمانی وڵاتەکەی مسۆگەر بکات.

 

گرنگی ئەم چەکە لەوەدایە کە بەخاڵی وەرچەرخانی هاوکێشە سەربازی‌و سیاسییەکان دادەنرێت لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، رۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیل نوسیویەتی کە "نرخی هەر رێگرییەک لەفڕۆکەی بێ فڕۆکەوان‌و موشەکی دوژمنەکانی ئیسرائیل لەم سیستەمەدا، تەنها ١٠ شیکل (سێ دۆلارو نیو)ە، لەکاتێکدا هەر رێگرییەک لەسیستەمی "قوبەی پۆڵایین"، ٤٩ هەزار دۆلار لەسەر ئیسرائیل کەوتوە.

 

جگە لەوەی کە ئەم سیستەمی بەرگری‌و چەکە نوێیە بەراورد بەموشەک، زۆر وردتر توانای بەدواداچون‌و لەناوبردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و گولەهاوەن‌و موشەک‌و موشەکی دژە تانکی هەیە.

 

سیستەمی تیشكی ئاسن بەشێکە لەسیستەمی بەرگری دژە فڕۆكەی قوبەی ئاسن، ئەم دوو سیستمە تەواوکەری یەکترن‌و ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل دەتوانن لەهەر ساتێکدا بڕیار بدەن کە ئایا موشەک یان لەیزەر بەکاربهێنن.

 

فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە نمایش کردنی ئەم جەلی لەیزەرە پەیامێکە بۆ ئێران، ئەوان دەڵێن "ئێران ساڵانێکە درکی بەوە کردووە کە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێزو مەودای ئۆپەراسیۆن‌و هێرشەکانی چەند هێندە زیادو کاریگەرتر دەکات‌و خەریکە دەبێتە هێزێکی گرنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەکەدا".

 

ئەولەویەتی ئیسرائیل لەدوای گەشتەکەی جۆ بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەمریکایە بۆ هاوکاری سەربازی‌و ئەمنی لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە ئێران بەهەڕەشەیەکی جددی دەزانن، بەتایبەتی سعودیەو ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە لەساڵانی ڕابردوودا بوونەتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن حوسییەکانەوە، کە ئێران ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان بۆ دابین دەکات.

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی سەربازی ئەمریكاو ئیسرائیل لەماوەی رابردودا چەند جارێک گەشتیان بۆ قاهیرە كردوە بۆ تاوتوێكردنی مەترسییەكانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران، نوێنەرانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، سعودیەو قەتەرو ئەردەنیش لەم دانوستانانەدا بەشداربون.

 

سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئیسرائیل یەکێکە لەسەرکەوتووترین سیستەمی دژە موشەکیی لەجیهاندا، ئێستا ئیسرائیل خاوەنی قەڵغانێکی بەرگری موشەکی گەورەو ئاڵۆزە بەناوی قوبەی ئاسن، هاوکات تەکنەلۆژیاو چەکی لەیزەری ئەم توانایەی ئیسرائیل‌‌و سیستەمی بەرگرییەکەی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەهێزترو باڵادەسترو دڵنیابەخشتر کردوە، کە یەکەم وڵاتە لەم ناوچە پڕ لەکێشمەکێشەدا هێزو توانایەکی بەمجۆرەی بەدەستهێناوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×