ڕوسیا و توركیا جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەنەوە
  2022-08-05       513       

لوتكەی سوچی نێوان هەردوو سەرۆكی ڕوسیا و توركیا كۆتایی هات، لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی سوریا، پێویستی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە بەندەرەكانی ئۆكرانیاوە كرایەوە.

ئاوێنه‌: ئێوارەی ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا لە شاری سوچیی کەنار دەریای وڵاتەكەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەوە، لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هەردوو سەرۆك دەڵێن، سەرەڕای ئالنگارییە هەرێمایەتی و جیهانییەكان جەخت لەسەر ئیدارەی هاوبەش بۆ درێژەدان بە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكەنەوە.

هاوكات پوتین و ئەردۆغان لە كۆبوونەوەكەدا دانیاننا بە گرنگیی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە بەندەرەكانی ئۆكرانیاوە، جەختیشیانكردەوە لەسەر پێویستیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە.. لەنێویشیاندا هەناردەی دانەوێڵە و سەمادی ڕوسی.

سەبارەت بە دۆسیەی سوریا لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی پارێزگاریكردن لە یەكێتیی یاسایی سوریا و سەلامەتیی خاكەكەی “هەردوو سەرۆك سووربوونی خۆیان دووپاتكردەوە لەسەر كاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات بۆ دژایەتی سەرجەم ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان”.

لە بواری ئابوریشدا سەرۆكی ڕوسیا و هاوتا توركییەكەی ڕێككەوتن لەسەر زیادكردنی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هێنانەدی ئامانجە دیاریكراوەكان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×