سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان دەڵێت، ئیدارەی چاکسازی گەورانی ھەولێر دۆسیەی زیندانیانی بادینان رادەستی داواکاری گشتی ناکات بۆ ئەوەی چارەنووسیان یەکلایبکرێتەوە.
ئاوێنه: بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، ھەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ چارەنوسی زیندانیکراوانی مانگرتو لهچاکسازی گەورانی ھەولێر یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام ماوەی چوار رۆژە ئیدارەی زیندانەکە ئامادەنییە دۆسییەی دەستگیرکراوان رادەستی داواکاری گشتی بکات.
وتیشی، "کەیسی بەندکراوانی شیلادزێ لەچاکسازی گەوران خەوێنراوەو دەستێکی سیاسی لەپشتەوە رێگەنادات کەیسەکەیان دابخرێت و ئازاد بکرێن."
ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا پەنجە مرۆی بەندکراوان نەگەڕینراوەتەوە بۆ داواکاری گشتی.
بەشدار حەسەن ئەوەشی خستەڕو، ئەمڕۆ سەردانی چاکسازی گەورانی هەولێریان کردووە، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە بەندکراوان ببینن و ئەمەش یەکەمجارە رێگرییان لێبکرێت.
لەبارەی بەردەوامی مانگرتنی بەندکراوانو دۆخی تەندروستییانەوە، بەشدار حەسەن ئاشکرای کرد، بەندکراوان بەردەوامن لەمانگرتن و دۆخی تەندروستییان باش نییە.
دەشڵێت، لەهەوڵدان کەیسەکیان بگەیەننە پەرلەمانی عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانیان دەستیپێکردووە.
سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان جهخت لهوه دهكاتهوه، "وەک تیمی پارێزەران بەردەوام دەبین لەھەوڵەکانمانو رۆژی یەکشەممەی داھاتوش جارێکی دیکە سەردانی چاکسازی گەوران دەکەین بۆ ئەوەی ئەو دۆسیەیە بەسودی زیندانیکراوان رادەستی داواکاری گشتی بکرێت."