وەزیری گواستنەوە لەبارەی قەدەغەکردنی ماڵپەڕە سێکسییەکان لە هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات
  2022-08-18       620       

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم ڕایگەیاند، هاووڵاتیان سەرپشکن لەوەی ماڵپەڕە سێکسییەکان و هەندێک ماڵپەڕی دیکە لە ماڵەکانیاندا قەدەغە و سانسۆر دەکەن یاخود نا، جەختیش دەکاتەوە، سانسۆرکردنەکە بە زۆر نییە بۆ هەموو کەسێک.  

ئاوێنه‌: ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا  ڕایگەیاند، "ماوەی ساڵێکە داوامان لە سەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کردووە کە (پاکێجی خێزانی) پێشکەش بکەن، ئەوەش بۆ پاراستنی خێزانەکان و ئەوانەی مێردمندال و تازەپێگەشتوویان هەیە، بۆ سانسۆر دانان لەسەر هەر بابەتێک کە دوورە لە کۆمەڵگەی کوردی."   

وتیشی، "لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ چوارشەممە ئەو فەرمانە لە وەزارەتی گواستنەوە دەرچوو کە چەند بابەتێک لەو پاکێجەدا سانسۆر دەکرێن، وەک ئەو شتانەی دژن بە ئاینەکانی هەرێم و پێغەمبەران، بابەتی قومار و دراوی ئەلکترۆنی، ماڵپەڕە سێکسییەکان، مادەی هۆشبەر و خواردنەوەی کحولی و جگەرە و چەک، هەروەها ئەو گوتارانەی کە دژی کۆمەڵگەی کوردی بن."   

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دوێنێوە ڕەخنە لە ئێمە دەگیرێت لەسەر ئەوەی ئەو سانسۆر دانانە دژی ئازادی تاکەکەسییە، بەڵام ئەو پاکێجە نەسەپێندراوە، بەڵکو کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت دابینی دەکەن و لە بازاڕدا هەن بەبێ ئەوەی یەک  دینار نرخەکەی زیاد بکرێت، هاووڵاتیان سەرپشکن لەوەی ئەو پاکێجە بەکاردەهێنن یاخود نا."   

جەختیشیکردەوە، "بابەتەکە دەکەوێتەسەر هاووڵاتیان خۆیان، هەر دایک و باوکێک دەیەوێت منداڵەکەی سەیری ڕیکلامی جگەر و کحول و بابەتی قومار و ماڵپەڕە سێکسییەکان نەکات، ئەوا ئەو پاکێجە بەکاربهێنێت، بەپێچەوانەشەوە ئازادە لەوەی بەکارینەهێنێت و بەشێوەی ئێستا بەردەوام بێت."   

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×