وەزیرەكەی سەدر بۆ نەیارەكانی: كارتی سوری یارییەكە هێشتا بەدەست ئێمەوەیە
  2022-08-19       433       

ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەكەی سەدر، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتەکەی بە ئەستێرەی كۆچكردوی تۆپی پێی جیهانی ماردۆنا دەشوبهێنێت و هێرشی توند دەكاتە سەر نەیارەكانی و دەڵێت: كارتی سوری یارییەكە هێشتا بەدەست ئێمەوەیە.

ئاوێنە: ساڵح محەمەد عێراقی، ئەمڕۆ هەینی، لە تویتێكدا لەبارەی ئەو هێرشانەی لەلایەن نەیارەكانیانەوە دەكرێنە سەر موقتەدا سەدر، ناوبراو بە مارادۆنا دەشوبهێنێت و دەڵێت، لە یەکێک لە یارییەکانی مۆندیالدا توشی رێگری و بەرکەوتنی زۆر بوەوە لە لایەن یاریزانانی تیمی بەرامبەرەوە، دادوەرەکەش لەگەڵ ئەو هەمو بەرکەوتنە بە ویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵ مارادۆنا نەدەکرد.

دەشڵێت، مارادۆنا چیتر بەرامبەر ئەو هەمو ئازارەی بە دەستی ئەنقەست توشیان کرد ئارامی نەما، هەڵەیەكی بەرامبەر یەکێک لە یاریزانەکانی تیمی بەرامبەری ئەنجامداو خستیە سەر زەوی یاریگاکە، خێرا دادوەر کارتی سوری بەرامبەر مارادۆنا بەرزکردەوە.

ئاماژە بەوەشدەدات كە ساڵانێكە ئێمەو موقتەدا سەدر هێرشمان دەكرێتە سەر و تۆمەتبار دەكرێین و ئێمە وەڵاممان نەداونەتەوە، بەڵام كە زانیمان هێرشەكانیان سنوری تێپەڕاندوەو تۆمەتی ئەوەمان دەدەنە پاڵ كە دوژمنی نیشتمان و ئایین و مەزهەبین، ئارامیمان لێ بڕاو بەهەندێك وتاری هێرشكارانە وەڵاممان دانەوە بەڵام پەنامان نەبردە بەر دەم داخستنیان وەك ئەوەی هەندێك لەوان دژبە عیماد باجەلان(كادری پارتی) كردیان.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەوان دەیانەوێت كارتی سور بەرامبەر هەر كەسێك دەربكەن كە بەرگری لە سەدر دەكات، بەڵام من لێرەدا داوایان لێدەكەم بێدەنگ بن و ئامۆژگارییان دەكەم پابەندی ئەخلاق و شكۆی ركابەرایەتی بن، چونكە خۆیان ماڵیان لە ماڵی جاڵجاڵۆكە ناسكترە.

لە کۆتایی پەیامی وەزیرەکەی سەدر دووبارە ئاماژە بە مارادۆنا دەكاتەوەو دەڵێت "مارادۆنا سەرەڕای ئەو هەموو پێکانە بێ هیوا نەبوو، تەنها بە یەک کاردانەوە گەورەترین یاریزانی دەخستە سەر زەوی، کارتی سوریش هێشتا بە دەست ئێمەوەیە"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×