دەزگای لوتكە: 33 كۆچبەر لە كەناراوەكانی دەریای ئیجە رزگاركران
  2022-08-27       439       

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران، راگەیاند، شەوی رابردو تیمەكانی پۆلیسی كەناراوەكانی توركیا، 33 كۆچبەریان لە كەناراوەكانی دەریای ئیجە رزگاركردون كە بەزۆر لەلایەن یۆنانەوە گەڕێنراونەتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی دەزگای لوتكە، کوردە یەشار، نوێنەری دەزگاكە لە توركیا، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، شەوی  ڕابردو، تیمەکانی پۆلیسی کەناراوەکانی تورکیا 33 کۆچبەری نایاساییان رزگارکرد کە لەلایەن  وڵاتی یۆنانەوە بەزۆر گەڕێندرابونەوە بۆ نێو ئاوەکانی تورکیا لە دەریای ئیجەدا.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای لوتکە، ئەو کۆچبەرانە لە کەناراوەکانی ناحیەی چەشمێ لە رۆژئاوای ویلایەتی ئیزمیر رزگارکراون.

ئەوەشی خستۆتەڕو، تیمەكانی کەناراوەکان دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان کۆچبەرەکانیان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی "موگلە" کردوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاندوە: "گەڕاندنەوەی کۆچبەر بەبێ ویستی خۆی و بەهەر هۆکارێک بێت دورە لە بەهای مرۆڤایەتییەوە."

ئاری جەلال وتوشیەتی"ساڵانێکی زۆرە هەوڵ دەدەین ناردنەوەی زۆرەملێ نەمێنێت و کۆچبەر ناچار نەکرێت بگەڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە ناردنەوەی زۆرەملێ و ناچارکردنی کۆچبەر بە گەڕانەوە بەردەوامەو ئەوەش توندوتیژییەکی دەرونییە کە لەگەڵ کۆچبەر دەکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×