د، زانا کوردە: ناتوانین بڵێین یەکێتی ئەوروپا دۆست، یاخود نەیاری کوردە
  2022-09-02       1316       
د.زانا کوردە

زانا کوردە، کە کوردێکی باشوری کوردستانە، ساڵی رابردوو لەبواری زانستی سیاسی لەزانکۆی ئازادی برۆکسل بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستیهێنا، دکتۆرانامەکەی زانا بەناوی "یەکێتیی ئەوروپاو پرسی کورد: یەکێتیی ئەوروپا وەک ئەکتەرێکی واقیعبین‌و بنەماساز"ە، لەچەند رۆژی رابردودا زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ناوەندێکی ئەکادیمی سەر بەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە ئەم دکتۆرانامەیەی کرد بەکتێب‌و بەزمانی ئینگلیزی بڵاویکردەوە، نوسەر هەوڵیداوە لەم کتێبەدا تیشک بخاتە سەر ئەو زەمینەیەی هەیە بۆ پەیوەندی لەنێوان کوردو ئەوروپاداو ئەو کایەو بوارانە دەستنیشان بکات کە یەکێتی ئەوروپا بەکوردەوە دەبەستنەوە لەهەر پارچەیەکی کوردستان.

د. زانا کوردە، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ "ئاوێنە" دەڵێت "ئەوەی لەدووتوێی ئەم کتێبەدا وەک بەرەنجامێک یەکلا بۆتەوە ئەوەیە کە دوو فاکتەری گرنگ هەن کاریگەریی یەکێتی ئەوروپا لەسەر پرسی کورد دادەنێن: یەکەمیان ئەوەیە کە تا چەند یەکێتیی ئەوروپا پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە کە کورد تێیدا دەژین. فاکتەری دووەمیش ئەوەیە کە تا چەند یەکێتیی ئەوروپا لەو پەیوەندیانەدا کاراکتەرێکی زاڵەو توانای گۆڕینی بەرانبەرەکەی هەیە؟".

 

ئاوێنە: کتێبەکەی بەڕێزتان بەزمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، تا چەند گرنگە بۆ کورد بۆ گەیاندنی پەیام‌و ئاشکرا کردنی داواکارییە رەواکانی بەزمانەکانی دیکە بنوسێ‌و بڵاویان بکاتەوە؟

زانا کوردە: بڵاوبونەوەی ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی و هاوکات بە زمانێکی ئەکادیمی نووسراوە، پێم وایە بەربەستێک کەمتر دەکاتەوە لە گەیاندنی پەیام و داخوازییەکانی ئێمە وەک کورد. جگە لەوەش ئەم کتێبە لە سەر بنەمای توێژینەوەی دکتۆرایە لە زانکۆیەکی ئەوروپی  کە ئەوەش دیسان وا دەکات خوێنەری بیانی پتر متمانەی بە ناوڕۆکەکەی هەبێ و وەریبگرێ. ئامانجی ئێمەش بەڕاستی ئەوەیە کە ئەم کتێبە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ئەو کاربەدەستانەی کە لە ئایندەدا پرسی کورد وەک مەلەفێک لە دامەزراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا دەگرنە ئەستۆ. ئەوان ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی زانیاری بەکار بهێنن. جگە لەوەش بۆ بازنە ئەکادیمییەکە و ئەو توێژینەوانەی کە لەم بوارەدا لە لایەن خوێندکاران و قوتابیانی خوێندنی باڵاوە دەکرێن، چ بیانی بی یاخود کورد، ئەوانیش وەک سەرچاوەیەک سوود لەم کتیبە وەربگرن.

 

ئاوێنە: گرنگی‌و بایەخی یەکێتی ئەوروپا بۆ کورد چییەو لەبەرامبەریشدا گرنگی‌و بایەخی کورد بۆ یەکێتی ئەوروپا چییە؟

زانا کوردە: لەدوو توێی ئەم کتێبەدا هەوڵمداوە یەکەم جار تیشک بخەمە سەر ئەو زەمینەیەی کە هەیە بۆ پەیوەندی لە نێوان کورد و ئەوروپادا. پاشان ئەو کایە و بوارانە دەستنیشان بکەم کە یەکێتی ئەوروپا بە کوردەوە دەبەستنەوە لە هەر پارچەیەکی کوردستان. پاش ئەوەش لێکوڵینەوەم کردوە لە سەر ئەوەی کە بزانم تا چ ڕادەیەک دەسەڵاتی یەکێتیی ئەوروپا وەک پلاتفۆرمێک بۆ سیاسەت و بەرژەوەندی هاوبەش، ئەو بوار و کایانەی لە ئەجێندای سیاسی خۆیدا جێگیر کردووە؟ ئەوەی بە گشتی بەدیدەکرێ، یەکێتیی ئەوروپا وەک کاراکتەرێکی نەرمی، مرۆڤدۆست مامەڵەی لەگەڵ پرسی کورددا کردوە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە یەکێتیی ئەوروپا وەک ڕێکخراوێکی خێرخواز کار بکات! دواجار یەکێتیی ئەوروپا نوێنەرایەتی بەرژەوەندی 27 وڵاتە ئەندامەکەی خۆی دەکات. جگە لەوەش یەکێتتی ئەوروپا بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی کورددا دەکات و هەندێ جاریش هەلپەرست بووە لە وروژاندنی ئەم پرسە و خواستێکی سیاسی لەپشت بووە.

 

ئاوێنە: یەکێتی ئەوروپا تا جەند توانیویەتی کاریگەری لەسەر پرسی کورد هەبێت بەروارد بەئەمەریکا؟

زانا کوردە:  ئەوەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا وەک بەرەنجامێک یەکلا بۆتەوە ئەوەیە کە دوو فاکتەری گرنگ هەن کە کاریگەریی یەکیتیی ئەوروپا لە سەر پرسی کورد دادەنێن. یەکەمیان ئەوەیە کە تا چەند یەکێتیی ئەوروپا پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە کە کورد تێیدا دەژین. فاکتەری دووەمیش ئەوەیە کە تا چەند یەکێتیی ئەوروپا لەو پەیوەندیانەدا کاراکتەرێکی زاڵە و توانای گۆڕینی بەرانبەرەکەی هەیە؟ بۆ نمونە بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە تورکیا خواستی بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپادا هەبوو، یەکێتیی ئەوروپا وەک لایەنێکی زاڵ دەیتوانی کاریگەری هەبێ لەسەر ئەو کۆمەڵە ڕێفۆرمەی کە لە تورکیادا کران لە یەکەم دەیەی سەدەی بیست و یەکدا. بەڵام لەگەڵ پچڕانی ئەو پرۆسەیەدا زاڵبوونی یەکێتیی ئەوروپاش بەرانبەر تورکیا کەمبۆوە کە لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەریەکەی یەکێتیی ئەوروپا لە سەر تورکیا بە گشتی  و کرانەوەی پرسی کورد کەم بونەوە.

 

ئاوێنە: ئایا دەکرێ سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بەسیاسەتێکی دۆستانە بەرامبەر بەکورد هەژمار بکرێت یاخود هەمیشە بەرژەوەندییەکانی وایکردوە زیاتر دەوڵەتانی وەک تورکیاو ئێران رازیبکات‌و کەمتر بایەخ بەپرسی کورد بدات؟

زانا کوردە: ناتوانین بڵێین یەکێتیی ئەوروپا دۆست، یاخود نەیاری کوردە. لە بنەڕەتدا ئەم یەکێتییە باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ و مافی گەلان و پرەنسیپەکانی دیموکراسی هەیە و لەجیهاندا جاڕیان بۆ دەدا. جگە لەوەش یەکێتیی ئەوروپا وەک هێزێکی نەرمی نێودەوڵەتی کار دەکات. دەکرێ ئەمانە وەک فاکتەری ئەرێنی بە ئاراستەی پرسی کورد ببینرێن. بەڵام هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، یەکێتیی ئەوروپا دەبێ باڵانسێک ڕابگرێ لە نێوان ئەم پرەنسیپانەدا لەگەڵ ئەو بەرژەوەندییانەی کە هەیەتی. ئەمەش وایکردووە کە سیاسەت و مامەڵەی یەکێتیی ئەوروپاش لەگەڵ کورددا دواجار تێکەڵەیەک بێ لە هاوسۆزی و هاریکاری مرۆیی لە لایەک و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و جیۆپۆلیتیکیەکانی لە لایەکی دی.

 

ئاوێنە: جیاوازی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بەپارچەکانی کوردستان لەچیدایە؟

زانا کوردە: یەکێتیی ئەوروپا سیاسەتێکی گشتگیری سەبارەت بە پرسی گەورەی کورد نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە دووقۆڵیانەی کە هەیەتی مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد لە  هەر پارچەیەکدا دەکات. ئەمەش وا دەکات مامەڵەی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ پرسی کورددا پەیوەندار بێ بە ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و ئەو بەرژەوەندیانەی کە هەیەتی. بۆ نمونە لە باکوری کوردستان، یەکێتیی ئەوروپا لەگەل ئاسۆی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپادا هەوڵی ئەوەی دەدا پرسی کورد پێش بەئەندامبوونەکە چارەسەر بکات. لە باشووری کوردستان ڕۆڵی هاندەرێک بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە نێوان هەولێر و بەغدا دەگێڕێ و پەیوەندی دبلۆماسی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا هەیە. هەرچی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانە، لە بەر نەبوون یاخود بێهێزی پەیوەندییەکانی لەگەل ئەو دوو وڵاتە، یەکێتیی ئەوروپا پتر ڕۆڵی بینەرێک دەگێڕێ و کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر پرسی کورد نەبووە. فاکتەرێکی دیکە کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێ ئەوەیە کە ئەو دامەزراوە یاخود لایەنە کوردیەی کە نوێنەرایەتی کورد دەکات لە پارچەیەکی کوردستان تا چەندە دانپێدانانی دەستووری یاخود شەرعیەتی پەرلەمانیی هەیە. هەربۆیە دیسان دەبینین بەربەستەکان بۆ ئەوروپا کەمترن لە مامەڵەکردن و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوور وپارتی هەدەپە لە باکوور کە ئەویش شەرعیەتێکی پەرلەمانی هەیە. بە پێچەوانەوە، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان ئەو دانپێدانانە کەمترە یاخود نییە کە ئەمەش بۆتە بەربەست بۆ دروستکردنی پەیوەندی فەرمی لەگەڵ لایەنی کوردی لەو پارچانەدا.

 

ئاوێنە: گرنگترین ئەو حزب‌و وڵاتانەی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا دادەڕێژن دۆستی کوردن یاخود نەیاری کوردن؟

زانا کوردە: بەگشتی چ وڵاتانی ئەوروپا چ حیزبە سیاسییە سەرەکیەکانی ئەوروپا هاوسۆزن لەگەڵ پرسی کورددا وەک پرەنسیپ. هەندێکیان کە ئایدۆلۆژیا زاڵە بە سەر ئەجێندای سیاسییانەوە، پێگەیەکی پتر نەگۆڕیان هەیە بەرانبەر کورد هەروەک پارتە چەپەکان، بەڵام ئەم پارتانە پتر لە ئۆپۆزسیۆنن و کاریگەرییان لە سەر سیاسەتی ولاتەکەیان نییە. هەرچی پارتە مەسیحی و لیبرال و سۆسیال دیموکراتەکانە، ئەمانە جڵەوی دەسەڵاتیان لە حکومەتی وڵاتان لە ئەوروپا لەدەستدایە. کاتێکیش دەبنە بەشێک لە حکومەت، بەرژەوەندی باڵای دەوڵەت دەکەنە ئەجێندای خۆیان کە ئەوەش بە پێی ڕۆژگار و بەهێزیی کورد لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکاندا گۆڕانکاری بەسەر دادێ. بە پوختی دەتوانین بڵێین لە ئەوروپادا هاوسۆز و نەیاری جێگیر بۆ کورد نییە و ئێمە وەک کورد دەبێ لەو سۆنگەیەوە مامەڵە و سیاسەت لەگەڵ ئەوروپادا بکەین.

                                       

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×