گەنجێك لە كەركوك لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا دەكوژرێت
  2022-09-21       607       

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەنجێكی خەڵكی چەمچەماڵ لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا لە كەركوك كوژرا، بەپێی قسەی سەرچاوەیەكی پۆلیسی كەركوك ئەو گەنجە لەلایەن دو هاوڕێی خۆیەوە كوژراوە.

ئاوێنە: بەقسەی دو سەرچاوە لە پۆلیسی كەركوك كە قسەیان بۆ پێگەی "كەركوك ناو" كردوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێك لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا لەبەردەم نەخۆشخانەی ئازادی لە كەركوك كوژراوە.

یەكێك لە سەرچاوەكانی پۆلیس وتویەتی، لایەنە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە كردوەو دەركەوتوە ئەو گەنجە بە فیشەك كوژراوەو هەوڵیش دەدەن لە رێگەی كامێراكانی چاودێریی نەخۆشخانەی ئازادییەوە بگەنە زانیاری زیاتر.

بەگوێرەی یەكێكی دیكە لە سەرچاوەكانی پۆلیس، ئەو گەنجەی كوژراوە، ناوی "كارزان قادر"و خەڵكی قەزای چەمچەماڵەو "لەلایەن دو هاوڕێی خۆیەوە كوژراوە بەڵام تاوانبارەكان هەڵاتون."

شایەتحاڵێك لە شوێنی روداوەكە بە كەركوك ناوی وتوە"ئۆتۆمبێلێكی تاكسیم بینی لەسەر شەقامەكە لەبەردەم نەخۆشخانەكە وەستابو، پۆلیس ویستیان قسە لەگەڵ شۆفێرەكەی بكەن، بەڵام رونبوەوە كە شۆفێرەكە كە گەنجێك بو كوژراوە، پێدەچو تاوانەكە بەتازەیی رویدابێت، بەڵام ئێمە دەنگی تەقەمان نەبیست."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×