چوار گەنجی دیكەی كورد لە خۆپیشاندانەكانی ئەمشەو لە رۆژهەڵاتی كوردستان شەهیدبون
  2022-09-21       872       

خۆپیشاندانەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و شارو شارۆچكەكانی ئێران بەردەوامن و بەگوێرەی زانیارییەكان ئەمشەو چوارشەممە، تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە چوار گەنجی دیكەی كورد لە خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران شەهیدبون.

ئاوێنە: لە ئێوارەی ئەمڕۆوە جارێكی دیكە خۆپیشاندانەكان لە بەشێكی زۆری شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستیان پێكردەوە كە ماوەی چەند رۆژێكە دژبە كوژرانی ژینا ئەمینی بەڕێوەدەچن.

بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمشەو چوارشەممە، لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە خۆپیشاندەران لە شاری شنۆ، چەندین خۆپیشاندەر برینداربون كە برینی هەندێكیان سەختە.

ئەو رێكخراوە ئاماژەی بەوەداوە كە لە خۆپیشاندانەكانی شنۆدا ئەمشەو دو گەنج بەناوەكانی ئەمین مەعروفی، 16 ساڵان و سەدرەدین لەیتانی، 27 ساڵان گیانیان لەدەستداوەو بەپێی میدیاكانی نزیك لە پژاك، جگە لەو دو گەنجە هەر ئەمشەو لە شنۆ گەنجێكی دیكە بەناوی "رامین مەعریفەت" شەهیدبوە.

بەپێی زانیارییەكانی هەنگاو، ئەمشەو گەنجێكی دیكەی كورد كە خەڵكی گوندی "بالو"ی سەربە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەناوی "دانش رەهنما" بەتەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران شەهیدبوە. شەوی رابردوش گەنجێكی دیكەی خەڵكی ئەو گوندە بەناوی فەرجاد دەوێشی لە خۆپیشاندانەكانی ورمێدا شەهید ببو.

هەر بەپێی زانیارییەكانی هەنگاو، ئەمشەو لە هاوڵاتییەكانی شاری ئیلامی لە خۆپیشاندانەكان بەسەختی برینداربوەو فیشەك بەر سەری كەوتوەو هەروەها لە سەردەشتیش زیاتر لە هەشت خۆپیشاندەر برینداربون.

بەپێی قسەی رێكخراوی هەنگاو بێت، قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی ئەمشەو لە رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لەوەی كە تا ئێستا پشتڕاستكراونەتەوە.

رێكخراوەكە وتویەتی، لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هاوڵاتیان بەشێوەیەكی زۆر توند دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلەو توندوتیژییەكانی هێزە ئەمنییەكان دژبە خۆپیشاندەران لە شارەكانی كوردستان بە بەكارهێنانی چەكی جەنگییە.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەشداوە كە راگرتنی كوشتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە، پێویستی بە دەستوەردانی نێودەوڵەتی هەیەو ئەوەی رودەدات كارەساتە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×