وەزارەتی كارەبا: لە ئێستادا ماوەكانی پێدانی كارەبا 18 كاتژمێرە
  2022-09-25       348       

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا بەهۆی نزمبونەوەی خواست لەسەر كارەبا، ماوەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی 18 كاتژمێرەو دەشڵێت، تا مانگی ئاداری ساڵی ئایندە، 750 مێگاوات کارەبا زیاد دەبێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاندوە، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێستادا 3500 مێگاواتە.

وتوشیەتی، لە وەزری هاویندا بەتێکڕایی 14 بۆ 15 کارەبای نیشتمانی دراوەو ئێستا بەهۆی نزمبونەوەی خواست لەسەر کارەبا، ماوەکانی پێدانی کارەبا 18 کاتژمێرە.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاشكراشیكردوە، کار لەسەر زیادکردنی 50 ملیۆن  پێ سێجا بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمور دەکرێت، کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا 250 مێگاوات زیاد دەبێت.

وتوشیەتی، تا مانگی ئاداری ساڵی ئایندە، بە زیادکردنی 250 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمهێنانی گاز، 750 مێگاوات کارەبا زیاد دەبێت.

هەروەها لەبارەی پێوەری زیرەكیش وتویەتی، تا ئێستا بۆ 1.3 ملیۆن هاوبەشی کارەبا پێوەری زیرەک دانراوەو بەهۆی پێوەرەکەوە، کارەبا کۆنترۆڵ کراوە، کۆتایی بە سەرپێچییەکان هێنراوەو ئاستی خزمەتگوزاریی کارەبا بەرز کراوەتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، "رێژەی بە فیڕۆچونی کارەبا لە 35% بۆ 25% کەم کراوەتەوەو 10% بۆ ناو تۆڕی کارەبا گەڕێندراوەتەوە.

بەقسەی ئومێد ئەحمەد، "پاڵپشتیی دارایی حکومەت بۆ پێدانی کارەبا بە تایبەتی پولی ماڵان گەیشتوەتە لە 70%.."

وتوشیەتی"وەزارەتی كارەبا لە کۆتایی ئەمساڵ ماستەر پلانی خۆی ئەپدەیت دەکاتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×