کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) ئیدانەی ڕادەستکردنەوەی دو گەریلای هەپەگە دەکات لەلایەن ئەرمینیاوە بە تورکیاو دەڵێت، رادەستکردنەوەی ئەو دو گەریلایە بە تورکیا دەرخەرى ئەوەیە کە ئەرمینیا "خیانەت لە دۆزی گەلی ئەرمەنی و هەمو گەلان دەکات."
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕادەستکردنەوەی دو گەریلای هەپەگە بەناوەکانی "ئاتیلا چیچک" ناسراو بە "لەهەنگ" و "حسێن یەڵدرم" ناسراو بە "عەلیشێر" بڵاوکردەوە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لەلایەن ئەرمینیاوە ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کراونەتەوە.
کەجەکە وتویەتی"هەردو شۆڕشگێڕی کورد کە بۆ ئازادیی گەلی کورد تێدەکۆشان، بۆ ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە چونەتە ئەرمینیا، لە کاتێکدا کە خاکی ئەرمینیا بە پشتیوانی و دنەدانی دەوڵەتی تورک داگیردەکرێت، زۆر جێگای سەرنجە، کە ئەو دو شۆڕشگێڕە کوردە لەلایەن حکومەتی ئەرمینیاوە ڕادەستی دەوڵەتی تورک کراون، ئەم دۆخە بەڕونی دەریخست، کە حکومەتی پاشینیان هاوکاریی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری پاکتاوکار و دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە دەکات."
کەجەکە ئەوەشی خستۆتەڕو"بەناوی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستانەوە ئیدانەی حکومەتی پاشینیان دەکەین، کە هەردو هەڤاڵمانی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردوە."
هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە جەخیشیکردوەتەوە:”ئەو هەڵوێستەى حکومەتی پاشینیان، ئەو ڕەخنەو تاوانبارکردنانە پشتڕاست دەکاتەوە، کە سەبارەت بە داگیرکردنی خاکی ئەرمینیا لێی دەگیرێت، ئەرمینیا لە جیاتی ئەوەی پشتگیریی ئەو کەسانە بکەن، کە لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرو پاکتاوکار تێدەکۆشن، ڕادەستی دەوڵەتی تورکیان دەکەنەوە، ڕادەستکردنیان بە دەوڵەتی تورک خیانەتکردنە لە تێکۆشانی گەلی ئەرمەنی لە دژی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکاریی تورکیا، کە لە مێژودا گەلی ئەرمەنیی کۆمەڵکوژ کردوەو ئەمڕۆش خاکی ئەرمینیا داگیردەکات."
دوپاتیشیکردوەتەوە:”ڕادەستکردنەوەی ئەو دو هەڤاڵەمان بە دەوڵەتی تورک، ڕاستیی ناپاکیی و خیانەت و هاوکاریی نهێنیی حکومەتی پاشینیانی ئاشکراکرد”.
کەجەکە داواشی لە گەلان و دۆستان بەتایبەتی گەلی ئەرمەن كردوە کە “لە بەرامبەر ئەم حکومەتە هاوکارە بوەستنەوەو ئێمە لەوە دڵنیاین، کە گەلی ئەرمەن هەڵوێستی پێویست بەرامبەر ئەو حکومەتەدا دەگرنەبەر و لێپرسینەوە لە هاوکاریی و خیانەت دەکەن."
هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە ڕاشیگەیاندوە”تێکۆشانی ئازادیی کوردستان نەک تەنها بۆ ئازادیی گەلی کورد، بەڵکو بۆ ئازادیی و ڕزگاریی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتی بۆ ئازادیی گەلی ئەرمەن تێدەکۆشێت و گەلی کورد بە چاوی برایەتییەوە سەیری گەلی ئەرمەن دەکات."
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند:”له مانگی ئابی ٢٠٢١دا ههڤاڵانمان لهههنگ و عهلیشێر له نزیك سنوری ئهرمینیا له سهر ئهركی خۆیان بون توشی سهربازانی ئهرمینیا بون، بۆ ئهوهی دۆخێكی نهرێنیی نهیەته ئاراوه ههڤاڵانمان به ههستیارییهوه مامهڵهیان كرد، بهڵام دواتر ههڤاڵانمان دهستگیرو زیندانییكران، دواتر له ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٢دا دادگای تێههڵچونهوهی ئهرمینیا بڕیاری ئازادکردنی بۆ ئەو دو هەڤاڵەمان دەرکرد، بەڵام لەبری ئازادکردنیان، لەلایەن ههواڵگریی ئهرمینیاوه ڕفێندراون و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کراونەتەوە."