سیاسەتمەدارێكی ناوخۆی ئێران داوا لە هێزە چەكدارەكان دەكات بچنە پاڵ خەڵك
  2022-10-01       831       

میرحسێن موسەوی، سیاسەتمەداری ئێرانی كە زیاتر لە 10 ساڵە دەستبەسەریی لەنێو ماڵەكەیدا بەسەردا سەپێنراوە، لە پەیامێكدا داوا لە گشت هێزە چەكدارەكانی ئێران دەكات بچنە پاڵ خەڵك و خۆیان بەدور بگرن لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان و لە پاڵ حەقیقەت و خەڵكدا بوەستن.

ئاوێنە: میرحسێن موسەوی، لە پەیامێكدا كە ئاڕاستەی هێزە چەكدارەكانی ئێرانی كردوە، رایگەیاندوە، ئەمڕۆ كە ژنان و پیاوانی گەلەكەمان بەهۆی سەدان داواكاری فەرامۆشكراوەوە راپەڕیون، هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە بە فەرمانی فەرماندەكان، لە بەرامبەر تاكەكانی ئەم گەلەدا بوەستێتەوەو ئەو بەڵێنانەی خۆی لەیاد بكات كە بە گەلەكەی داون.

میرحسێن موسەوی بۆ هێزە چەكدارەكان وتویەتی"ئەو توانایانەی خراونەتە بەردەست ئێوە بۆ بەرگریكردنە لە خەڵك نەك سەركوتكردن، بۆ پاراستنی ستەملێكراوانە نەك نۆكەری دەسەڵاتداران و زۆرداران..بەهیوای ئەوەی كە سەركەوتو بن لەوەی كە لە پاڵ حەقیقەت و لەپاڵ گەلدا بوەستن."

تا ئێستا پەیامەكەی میرحسێن موسەوی بە گرنگترین پشتیوانی لەنێو سیاسەتمەدارانی ناوخۆی ئێراندا بۆ ناڕەزایەتییەكانی خەڵك دەژمێردێت.

پەیامەكەی ئەو سیاسەتمەدارە ئێرانییە بە رستەی "كچی ئێران، كچی كوردستان و كچی مرۆڤ" لەبارەی ژینا ئەمینییەوە دەست پێدەكات و رایگەیاندوە "بە مەرگە دڵسوتێنەرەكەی خۆی، مێژوی زەوی و ئاسمانی گۆڕی."

میرحسێن موسەوی جەختی كردۆتەوە كە "خوێنی ستەملێكراوان لە ستەمی زۆرداران بەهێزتر و رۆژی ستەملێكراوان لە زۆری ستەمكاران سەركەوتوترەو ئایینی ئەوانی لە ئایینی زۆرداران و هێزی پۆلیس، روناكی بەخشترە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×