وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە كاندیدی رەسمی حزبەكەیان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بەرهەم ساڵحە.
ئاوێنە: د. سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، كەمێك لەمەوبەر لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"بۆ ھەمولایەکی روندەکەینەوە کە کاندیدی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەرێز د. بەرھەم ساڵح -ە. "
ئەو رونكردنەوەیەی وتەبێژی یەكێتی دوای ئەوە دێت كە هەندێك لە میدیاكان بڵاویانكردەوە، پارتی و یەكێتی رێككەوتون لەسەر ئەوەی لەتیف رەشید، كاندیدی هاوبەشیان بێت بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.
هەروەها پێشتر فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایكرد، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی و كشاندنەوەی (رێبەر ئەحمەد) كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق و پشتیوانیكردن لە لەتیف رەشید وەك كاندیدی هاوبەشی ناو ماڵی كوردی.
فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشكردبو، ئەم دەستپێشخەرییە دانانی بەرژەوەندی گشتییە لەشوێنی بەرژەوەندی حزبی تا تەوافوقی نیشتمانی و شایستە دەستورییەكان بەدەستبهێنێت لەپێشیانەوە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا كە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 13-10 ئەنجام بدرێت.
فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا داوای كردبو هەموان هاوڕابن لەگەڵیاندا، چونكە ئەوە "تەنها رێگەیە" بۆ كۆتاییهێنان بە چەقبەستویی سیاسی كە پێكهێنانی حكومەتی دواخستوەو وڵاتی خستۆتە بەردەم لادانێكی مەترسیدارەوە.
وتەبێژی یەكێتی لە رونكردنەوەكەیدا ئەوەشی خستۆتەڕو"دەمانەوێت لە رێی پۆستی سەرۆککۆمارەوە خزمەتی ھەمولایەک بکەین و پارێزەری دەستورو مافە نەتەوەییەکان بین."
دەقی رونكردنەوەكە:
رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی
بۆ ھەمولایەکی روندەکەینەوە کە کاندیدی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆپۆستی سەرۆککۆمار بەرێز د. بەرھەم ساڵح -ە.
دەمانەوێت لە رێی پۆستی سەرۆککۆمارەوە خزمەتی ھەمولایەک بکەین و پارێزەری دەستور و مافە نەتەوەییەکان بین.
د. سۆران جەمال تاهیر
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٢ / ١٠ /٢٠٢٢