سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەستلەكاردەكێشێتەوە
  2022-10-20       506       

لیز ترەس، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای شەش هەفتە لە دەستبەكاربونی لە پۆستەكەی رایگەیاند، دەست لەكاردەكێشێتەوە.

ئاوێنە: لیز ترەس لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی كورتدا بۆ رۆژنامەنوسان، رایگەیاند، لەكاتێكدا بە دۆخێكی ناسەقامگیری ئابوری و نێودەوڵەتیدا تێدەپەڕین، دان بەوەدا دەنێم كە لەم دۆخەدا ناتوانم پابەندی ئەو ئەركەم بم كە لەلایەن پارتی پارێزگارانەوە بۆی هەڵبژێردراوم. بۆیە قسەم لەگەڵ خاوەن شكۆ پاشای وڵات كردوەو پێم راگەیاندوە، لە پۆستەكەم دەستلەكاردەكێشمەوە.

وتیشی، رێككەوتوین لە هەفتەی داهاتودا پارتی پارێزگاران جێگرەوەیەكم بۆ دیاری بكات و تا ئەو كاتەی جێگرەوەم بۆ دیاری دەكرێت لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا دەمێنمەوە.

بڕیارەكەی ترەس لە دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، 19ی تشرینی یەکەم، لە کۆبونەوەی پەرلەمانی بەریتانیادا پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن بە دەنگە دەنگ و هاوارکردنەوە داوایان لە ترەس کرد دەستلەکاربکێشێتەوە.

 دواتریش ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتەکەی خۆی داوایان لە ترەس کرد دەست لەکار بکێشێتەوە، ئەمەش بەهۆی "شكستی" ئەو پلانەی بۆ هەستانەوەی دۆخی ئابوریی بەریتانیا و بودجەی حکومەتەکەی پێشکێشی کردبو.

هەر دوا بە دوای کۆبونەوەی پەرلەمان، سوێلا برەیڤەرمان، وەزیری ناوخۆ لە کابینەکەی ترەس بەهۆی بەکارهێنانی ئیمەیڵی حکومەت بۆ کاری کەسی، دەستی لەکارکێشایەوە.

 هەفتەی رابردوش کواسی کوارتینگ، وەزیری گەنجینە لەلایەن لیز ترەسەوە لە پۆستەکەی دورخرایەوە، ئەویش بەهۆی شکستهێنانی پلانە داراییەکانی بۆ هەڵسانەوەی دۆخی ئابوریی بەریتانیا.

بەوەش لیزە ترەس لەنێو سەرۆك وەزیرانی بەریتانیادا، دەبێتە ئەو كەسەی كە كەمترین ماوە لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە.

ترەس چوارەمین سەرۆك وەزیرانی بەریتانیایە كە لەماوەی شەش ساڵی دواییدا دەبێتە قوربانی ناكۆكییە نێوخۆییەكانی پارتی پارێزگاران.

كییەر ستارمەر، سەرۆكی پارتی كرێكارانی بەریتانیا، لەدوای بڕیارەكەی ترەس بۆ دەستلەكاركێشانەوە، رایگەیاند، وڵات پیویستی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×