هیومان رایتس ۆوچ: مەترسی لەسەر هەزاران چالاكوان و خۆپیشاندەری دەستگیركراو لە ئێران هەیە
  2022-11-03       452       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، هۆشداری دەدات لەبارەی بونی مەترسی لەسەر هەزاران خۆپیشاندەرو چالاكوانی دەستگیركراوی ناڕەزایەتییەكانی ئێران كە روبەڕوی دادگایییكردنی نادادپەروەرانە دەكرێنەوەو بەشێكیان وا تۆمەتباركراون كە ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت.  

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە كۆتایی مانگی رابردودا، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی تاران رایگەیاندوە كە بڕیاری تۆمەتبارییان بۆ نزیكەی 1000 دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكانی وڵات دەركردوە بۆ ئەوەی روبەڕوی دادگا بكرێنەوە كە رونە ئەو دادگاییكردنانە نادادپەروەرانە دەبن و تۆمەتەكانیش كە دراونەتە پاڵ دەستگیركراوان، راستیان جێی گومانە.

بەگوێرەی لیژنەی خۆبەخشی بەدواداچون بۆ دۆخی دەستگیركراون كە رێكخراوێكی ناڕەسمییە لەنێوخۆی ئێران، تاوەكو 30ی مانگی رابردو، دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران، 130 چالاكوانی مافپەروەر، 38 چالاكوانی مافەكانی ژنان، 36 چالاكوانی سیاسی، 19 پارێزەر، 38 رۆژنامەنوس دەستگیركردون ئەوەش وێڕای دەستگیركردنی بەكۆمەڵی خۆپیشاندەران.

هەروەها بەپێی قسەی ئەو رێكخراوە، دەزگا ئەمنییەكان نزیكەی 308 خوێندكاری زانكۆ و 44 منداڵیان دەستگیركردون لەگەڵ بانگكردن و لێپرسینەوەو دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرتی دەیان كەسایەتی ناسراو كە لەنێویاندا دەرهێنەر، ئەكتەر، گۆرانیبێژو یاریزانی تۆپی پێ هەن.

رێكخراوەكە بە ئاماژەدان بە لێدوانێكی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران كە لە 24ی مانگی رابردو وتبوی، دەست بە دادگاییكردنەكان لە سەرتاسەری وڵات كراوەو لە تاران 315 كەس بە تۆمەتی "كاركردن دژبە ئاسایشی نەتەوەیی" و "بانگەشە دژ بە دەوڵەت" و "تێكدانی سیستمی گشتی" روبەڕوی دادگاكراونەتەوە هەروەها چوار كەسیش بە تۆمەتی "الافساد فی الارض" روبەڕوی دادگا كراونەتەوە، كە ئەوەش تۆمەتێكە دەكرێت سزاكەی بگاتە لە سێدارەدان.

هیومان رایتس ۆوچ، ئاماژەی بەوەشداوە كە دەستگیركراوان روبەڕوی چەندین جۆری ئەشكەنجەبونەتەوەو دوان لەو دەستگیركراوانە كە لەكاتی ناڕەزایەتییەكاندا لە سنە دەستگیركراون بە رێكخراوەكەیان وتوە، لێیاندراوەو دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەرو جنێو و هەڕەشەشیان لێكردون.

تارا سپەهەری فەڕ، لێكۆڵەری باڵاو شارەزای ئێران لە رێكخراوەكە وتویەتی، دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوكراوە بێت بەرامبەر دۆخی دەستگیركراوان كە بەشێكیان مەترسی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت داوای ئازادكردنی بێ مەرجی دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكان و كۆتاییهێنان بە دادگاییكردنی ساختانەیاندا بكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×