ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران نوێترین ئاماری گیان لەدەستدانی بههۆی ناڕەزایەتیەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا کردو ڕایگهیاند، لە ٥٤ ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژرانی لانی کەمی ٣٢٦ کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
ئاوێنه: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەنوێترین ڕاپۆرتیدا، جارێکی دیکە داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بەوەڵامێکی یەکلاکەرەوەو لەکاتی خۆیدا ڕێگریی لەکوشتنی خەڵکی زیاتر ئێران بکەن.
بەپێی ئامارو زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ٥٤ رۆژی ڕابردوی ئێران لانیکەم گەیشتووەتە ٣٢٦ کەس، لانی کەم ٤٣ کەس لەکوژراوەکان تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵەوە بووە کە ٩ کەسیان کچن و ٣ کەسیان منداڵی ئەفغانی بوون. هێشتا بڕوانامەی لەدایکبون و بەڵگەنامەی تەمەن بۆ هەموو کوژراوەکان وەرنەگیراوە.
ڕێکخراوەکە وتوشیەتی، تا ئێستادا کوژراوان لە ٢٢ پارێزگای جیاوازەوە تۆمارکراون و زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان لەپارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، تاران، مازەندەران، سنەو گهیلان بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسیستان و بەلوچستان ١٢٣ کەس، تاران ٣٧ کەس، مازەندەران ٣٣ کەس، سنە ٢٧ کەس، گیلان ٢٢ کەس، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ٢٢ کەس، کرماشان ١٣ کەس، ئەلبورز ١٢ کەس، خوزستان ٥ کەس، شارەکانی دیکەس کەمتر لەو ژمارانە کوژراون.
باسی لەوەکردووە، بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لەمیدیا فەرمییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، تا ئێستا چەندین دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە بە تۆمەتی “موحارەبە” و “گەندەڵی” تۆمەتبار کراون، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆیان.