هونەر لەسەردەمی ڕۆبۆتی زیرەکی دەستکردا : ئایا (داهێنان) لەهونەرمەند ئەسەنێتەوە !
  2022-11-13       1868       

زامۆئا داراغا

 

ئای-دا یەکەم هونەرمەندی ڕۆبۆتی مرۆڤ دۆستیە و هەڵگری زیرەکی دەستکردە ( Artificial intelligence ) ( الذكاء الاصطناعي ) لە ساڵی ( 2019 )دا دروست کراوە ، توانای وێنەکێشان و نیگارکێشی و پەیکەرسازی هەیە .

یەکەم ڕۆبۆتە کە توانای وێنەکێشانی هەیە لە ڕێگەی دەستەکانیەوە بە پێنووس و فڵچە وێنەی بەرامبەرەکەی ئەکێشێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ .

لە ئێستادا ( ئای-دا ) کاری هونەری ئەنجام ئەدات و بەشداری پێشانگاکان ئەبێت ، تابلۆکانی کڕین فرۆشتنی پێوە ئەکرێت لە مەزادە جیهانیەکاندا ، کە ئەمە خۆی بۆ خۆی ڕاپەرینێکی گەورەیە کە بواری زانستی تەکنەلۆژیادا بە تایبەتی لە بواری هونەردا .

ئەوەی گرنگە لەم بابەتەدا ئەو پرسیارە هەنووکیانەیە کە ئەی وروژێنێت ...

ئایا ڕۆبۆتی زیرەکی دەستکرد شوێنی هونەرمەند ئەگرێتەوە .

ئایا ( داهێنان ) لە هونەرمەند ئەسەنێتەوە و سنورداری ئەکات .

واتە داهێنان و کۆڕانکاری ڕوودەدات لە کایەی هونەریدا لە ڕووی لە فۆرم و بابەت و بیرکردنەوە .

ئەم ڕۆبۆتانە لە داهاتووی نزیکدا نابن بە جێگرەوە لەو

هونەرمەندان .

ئیتر مرۆڤایەتی پێویستی بە هونەرمەندان نابێت بۆ داهێنان لە بواری هونەریدا ، ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر بوون بە بابەتی سەردەم لەگەڵ هاتنە ناوەوەی تەکنەلۆژیا ( مرۆڤی دەستکرد ) ڕۆبۆت بۆ ناو کایەی هونەر .

بەڵام ئەبێت سەرەتا بگەرێینەوەر بۆ خاڵی سەرەتا کە ئەویش خۆدی مرۆڤە کە توانیوێتی داهێنان بکات لە ڕووی زانست و تەکنەلۆژیدا وە بەردەوام هوشیاری خۆی پەرەپێبدات لە سەر هەموو ئاستەکاندا .

سەرەتا ئەبێت لەوە تێبگەین کە ( هونەر ) کردارێکی مرۆڤانەی غریزی ( فطري ) لە دەرەوەی ( عقڵانیەتەوە ) دروست ئەبێت ، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە چێژ و هەست و نەست و کاریگەری ڕاستەوخۆی ژینگەی بە هونەرمەندەکەوە لە ئەنجامدا وەک کاردانەوەی ئەم کاریگەریانە هونەر دروست ئەبێت .

ئەم مشتومڕەی نێوان هونەر مەندانی ئێستا بوونی هەیە لە دوای پێشکەوتنی بەردروامی خێرای زانست و تەکنەلۆژیاوە دروست بووە وە هونەرمەند بەدەرنییە لەم پێشکەوتنە ، هەمیشە هونەرمەندان هەوڵی تاقیکردنەوە ی کەرەسە و میدیۆمی تازەیان داوە بۆ دەربرین لە رێگەی هونەرەوە .

بە تایبەتی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا کە زانست و تەکنەلۆژی بە ئاراستەیەکی چاوەروان نەکراو گەشەی کرد لە هەموو بوارەکانی ژیاندا .

بەڵام گەر وەک مێژووی هونەر بە گشتی سەرنجیبدەین وە پەیوەندی هونەر بە زانست و تەکنەلۆژیاوە ، ئەوە بە ڕوونی ئەم بابەتانە ئەبینین وە بەردەوام بوونی هەبوو بە پێی ئەو پێشکەوتنانەی کە لە بواری زانست و تەکنەلۆژیادا روویداوە.

لە دوای دروست بوونی ئامێری ( کامێراوە ) ئەم پرسیارانە دەست پێ ئەکات لە ناو کایەی هونەریدا بە گشتی وە هەمیشە هونەرمەندانی سەرقاڵ کردوە ، کە ئامێر و زانستی و تەکنەلۆژیا ببێت بە جێگرەوە ( ئەنتەرناتیڤێک ) بۆ هونەر و هونەرمەندان ، کە توانای ئەوەی هەبێت وەک مرۆڤێک پڕ لە هەست و نەست وە هەمیشە ئەوەی لە بیربێت ( من بیر ئەکەمەوە وە ئەزانم کە بیر ئەکەمەوە ) وە لەم ڕوانگەیەوە مامەلە لەگەڵ هونەر و داهێناندا بکات !

بە باوەڕی من ئەم بابەتە ئەوەندە بابەتێکی تەکنەلۆژی و تەکنیکیە ئەوەندە بابەتێکی فکری و فەلسەفی نییە لە نێو کایەی هونەری و کولتوری مرۆڤایەتیدا.

هەموو سەردەمێک کەرەسە و پێداویستی خۆی هەیە بۆ ( دەربڕین ) و داهێنانی هونەری لە ڕێگەی ئەم کەرەسانەوە کە بەکارئەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی کاری هونەری ( هەنوکەیی ) وە لە ئێستادا بەکار‌هێنانی ( ڕۆبۆتی زیرەکی دەستکرد ) هەمان ئەو تەکنیکەیە کە هونەرمەند بەکارئەهێنێت بۆ دەربڕینی لە هەست و نەستی هونەرمەند لە مەڕ کێشەکانی نێو کۆمەڵگەی ئەم سەردەمە کە زانست و تەکنەلۆژیا بوونەتە پێداویستی ڕۆژانەی هەموو مرۆڤایەتی .

ئەوەی گرنگە ئەو مرۆڤەیە ( هونەرمەندەیە ) کە لە پشتی ئەو رۆبۆتانەوە زانیاری و داتای تێدا خەزن ئەکەن و فرمانیان پێ ئەدەن . بە هەمان شێوەی ئەو هونەرمەندە ( مرۆڤەی ) پشت ئامێری کامێراکەوە کە بریار ئەدات چ سوچێک یان چ دیمەنێک بچرکێنێت ، واتە بکەری سەرکی هونەرمەندەکەیە وە ئامێرەکان کەرەسەن و میدێۆمن بۆ کارێکی هونەری .

دروست کردنی ئەم ڕۆبۆتانە بەم شێوە پێشکەوتووە کە توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆی ( سنورداری ) هەیە و لە هەمانکاتدا بتوانێت شیکاری ڕاستەوخۆ بکات بۆ ئەو زانیاریانەی کە پێشتر هونەرمەندەکە بڕیاریداوە تێیدا خەزنی بکات ( داتای - زانیاری ) ئەچێتەوە ناو سەرجەم ئەو داهێنانە کە لە مێژووی هونەریدا بەکار هێنراون لەوەوپێش .

بۆ نموونە کە لە کاتی خۆیدا ئامێری ( کامێرا ) دروستکرا کە خۆی لە خۆیدا داهێنانێکی ناوازە بوو بۆ مرۆڤایەتی بە هەمان شێوەی ئێستا لە ناو کایەی هونەریدا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا ، چەندین پرسیاری گرنگی دروستکرد لەوکاتەدا .

ئایا ئەمە ( هونەرە ) یان ( هونەر نییە )

ئایا ئیتر پێویستمان بە وێنەکێشان و نیگارکێشی هەیە کە ئیدی ئامێرێک ( فۆتۆگرافی ) هەیە ئەو کارە ئەکات لە چاوتروکانێکدا و لە ماوەیەکی کەمدا هەڵدەستێت بە کاری هونەرمەندەکە و وێنەکە ئەنجام دەدات بەپێی خواست و ئارەزووی هونەرمەندەکە کە خۆی بۆ خۆی ڕاپەڕینێکی گەورە بوو لەو سەردەمەدا .

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە تێپەربوونی کات و سەردەم ( فۆتۆگرافی ) بوو بە بەشێک ناو کایە هونەری و داهێنانی هونەری نەک چێگرەوە .

بە پێی ئەو پێشکەوتنەی کە مرۆڤایەتی هەوڵی بۆداوە بۆ خۆشگوزەرانی لە ڕێگەی زانست و تەکنەلۆژیاوە کایەی هونەریش کاریگەری و بارگاوی بە خۆیەوە بینیوە لە هەموو کات و سەردەمێکدا کە زانست و تەکنەلۆژی گۆڕانکاری بەسەردا هاوتووە ، بۆ دەربڕین لە ناخی هونەرمەند لە ڕێگەی ئەو ئامێرانەی کە مرۆڤ دایهێناون تێکەڵاوێکی چڕ و ئاڵۆزی دروست کردوە لە ناو کایە هونەریدا .

بە هەمان شێوە لە ئێستادا پێشکەوتن و دۆزینەوە ئەم جۆرە لە ( ڕۆبۆتی مرۆڤدۆستی ) خاوەن ( زیرەکی دەستکرد ) داهێنانێکی گەورەی مرۆڤایەتیە بۆ پێشەوە جۆنی سەردەمیانەی زانست و تەکنەلۆژی لە جۆری ژیاندا ( لایڤ ستایل ) کە ڕاستەوخۆ کاریگەری دروست ئەکات لەسەر کایەی هونەری و مرۆڤایەتی بە گشتی وە بە تایبەتی هونەری ( شێوەکاری ، تەلارسازی ، موزیک ) کە بەرەو پێشخستنی ئەبات هەم وەک فۆڕم و شێوە و کەرەسە هەم وەک بابەتی هەنوکەیی .

واتە داهێنانەکە لەوەدا نییە کە ڕۆبۆتێک بتوانێت تابڵۆ یان پەیکەر یان پارچە موزیکێک دروست بکات وەک کارێکی ( پێرفێکت ) بەلکو داهێنانێکە لە شێوازی تەکنیک و کەرەسەتەکەدایە کە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و زانستەوە جۆرێکی تازە ئەخولقێنێت لە بواری کارکردنی هونەریدا ، کە خۆی ئەبینێتەوە لە دەربڕینێکی سەردەمیانەیە بە کەرەسەی سەردەمیانە بۆ بەرهەمهێنانی کاری هونەری هەنوکە .

بەم شێوەیە تا زانست و تەکنەلۆژی پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت نزیک بوونەوە و هەمەئاهەنگی زیادتر ڕووئەدات لە نێوان هونەرمەند و زانست و تەکنەلۆژیدا ، هەمیشە هونەرمەند کار لەو شوێنانە ئەکات کە هونەری لێ تاقی نەکراوەتەوە و نامۆ بووە بە خودی هونەرەوە ، لە ئێستادا هونەرمەندان ( ڕۆبۆتی زیرەکی دەستکرد ) بەکار ئەهێنێت وەک ئامێرێک بۆ ( دەربڕینی سەردەمیانە ) لە واقعی ئێستای ژیانی مرۆڤایەتی دا ، هەوڵێکە بۆ کوزارشت کردن لە کێشە و گرفتەکانی ئێستای مرۆڤایەتی لە سەردەمی تەکنەلۆژیدا بە تایبەتی ( تاک ) لەم سەردەمەدا بەر پرسیاری گرنگ و تازە دەبێتەوە کە پێشتر ( تاک ) بەری نەکەوتوە .

لێرەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرئەکەوێت کە ( ڕۆبۆتی زیرەکی دەستکرد ) لە هیچ کاتێک و سەردەمێکدا جێگرەوەی هونەرمەند نەبووە و نابێت بەڵکۆ ئەبێتە بەشێک لە بەکارهێنان و داهێنانی هونەرمەندان لە بوارە جیاجیاکانی هونەریدا کە ئێستا بوونی هەیە و ئەبینرێت .

ئەم شێوازە لە هونەر کە لە ڕێگری ئەم ڕۆبۆتانەوە ئەکرێت بەرهەمێکی نوێی هونەریە کە ئەچیتەوە سەر هەمان ژێرخانی هونەر و کولتوری مرۆڤایەتیەوە بە شێوەیەکی سەردەمیانە کە پێشتر بوونی نەبووە و سەردەمەکە ئەی خوازێت بەم شێوەیە بێت .

ڕۆبۆت ( ئای-دا ) لە ئێستادا نوێ ترین ڤیژنی زیرەکی دەستکردە کە لە نێوان هونەر و زانستدا بەرهەم هێنراوە ، پێشتریش چەندین هەوڵدراوە لەم بوارەدا بۆ نموونە کاری هونەرمەند ( ئدموند دی بیلای ) کە لە مەزادی ( کریستیز ) لە شاری نیوۆرک فرۆشرا بە بڕی ( 432.000 $ ) دۆلار ، لە ساڵی ( 2018 ) یەکەم کاری هونەری ( زیرەکی دەستکرد ) بوو کە کرین و فرۆشتی بێوە بکرێت ، بە سیستمی ( خوارزمی بیرکاری ) بەکار هێنراوە ،

پێش وەختە بە بڕی ( 15.000 ) هەزار تابلۆ کە لە ( سەدەی چواردە بۆ سەدەی بیست ) کێشراوە و تێیدا خزن کراوە وەک ( داتای ) ، بە شێوەیەکی خۆیی سەربەخۆ ئامێرەکە شیکاری بۆ ئەو داتایانە کردوە و تابلۆیەکی نوێی بەرهەم هێناوە .

هەروەها پڕۆگرامی ( مید جیرنی ) نموونەی زیرەکی دەستکردە کە توانای ئەوەی هەیە لە ڕێگەی خوێندنەوە ی چیرۆک و کتێبەکانەوە تابڵۆ دروست بکات ، واتە بە شێوەیەکی خۆیی چیرۆکەکان ئەکات بە وێنە .

پڕۆگرامی ( دال – ای 2 ) تابلۆیەکی سەردەمی ڕێنیسانسی کێشاوە بە ناوی ( دایکێک پیتزا ئەدات بە منداڵەکەی ) بە هەمان شێوەی سەردەمی ڕێنیسانس تابلۆکە کێشراوە کە ئەستمە بتوانرێت لە کارە ڕێنیسانسەکانی تر جیا بکرێتەوە ، بەڵام وەک بابەتی تابلۆکە زۆر جیاوازە ، بەم شێوەیە ئەتوانرێت لە ئێستای مۆدێرندا هەمان کاری ڕێنیسانس بکرێتەوە وەک تەکنیک و جۆری کارکردن لە ڕێی ئەم رۆبۆتانەوە .

مرۆڤایەتی لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە ، ئیتر هونەر ئەو پەنجێرەیە نابێت کە لەودیوەوە دونیای لێوە ببینین ، بەڵکۆ هونەر هەموومان بە خۆیەوە ڕادەکێشێت بۆ ناو ئەو دونیایەی پشت پەنجێرەکە .

پرسیارەکانی هونەر بە شێوەیەکی تر ئەگۆڕدرێت لە ڕێگەی ڕۆبۆتی ژینگە دۆستی خاوەن ( زیرەکی دەستکردەوە ) لە نێوان هونەرمەند و ڕۆبۆتدا کایەی هونەری بەرەو پێشەوە جۆریکی تر هەنگاو ئەنێت ، ئەم هەمەئاهەنگیە لە نێوان مرۆڤ و ڕۆبۆتدا داهێنانێکی نوێ و کردنەوەی سنورێکی بێ کۆتا ئەخولقێنێت لە تێگەیشتنمان بۆ هونەر و دەوری هونەرمەند وەک داهێنەر ، ئەو دەرگا بجوکەمان بۆ ئەکاتەوە لەسەر ئەو پانتاییە گەورەیە کە وەک ( تەنی جاڵجاڵۆکە ) وایە هەمو شتە بجوکەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەیەکەوەیە بۆ دروست کردنی دونیا گەورەکە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×