پۆلیسی سلێمانی: بەتۆمەتی كوشتن دو كەس دەستگیركران
  2022-11-23       380       

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەدو چالاكی جیاداو لەلایەن هەردو بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی و بنكەی پۆلیسی سیتەك دو تۆمەتبار دەستگیركران كە فەرمانی گرتنیان هەبوە بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی .

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی خستۆتەڕو، لەچالاكییەكدا و دوای ئەوەی فەرمانێكی گرتنی تۆمەتبارێك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای بابلەوە گەیشتە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كە تێیدا تۆمەتبارێك هەستاوە بە كوشتی ئامۆزایەكی و هەڵاتوە، دەستكراو بە بەدواداچون و لێكۆڵینەوەی بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار .

ئەوەشی خستۆتەڕو، دوای لێكۆلینەوەكان توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیربكرێت كە لە ئێستادا تۆمەتبار(ح. ع. ف.) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دوای تەواوكردنی ڕێكارەیاساییەكان ڕەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێتەوە .

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەچالاكییەكی ترداو لەلایەن بنكەی پۆلیسی سیتەك توانرا تۆمەتبار (ھ. ھ. أ.) دەستگیربكرێت كە تۆمەتبار فەرمانی گرتنی هەبوە لە بنكەی پۆلیسی چەرمو- سەربەبەشی پۆلیسی چەمچەماڵ بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×