شێروان شێروانی بۆ جاری چوارەم بەبێ هیچ هۆكارێك سزادرایەوە
  2022-12-02       729       

نوێنەری زیندانیانی بادینان رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا رێگا بە پارێزەرانی سزادراوانی بادینان نەدرا كەسوكارمان ببین و لە دوایین پێشهاتیش رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بۆ جاری چوارەم بەبێ هیچ هۆكارێک سزادرایەوە و بێبەشدەكرێت لەهەر مافێكی ئاسایی زیندانییەك.

ئاوێنە: ئەیهان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، “لە كاتێكدا ئێمە وەك كەسوكاری زیندانیانی بادینان چاوەڕێی ئازادبوونی كەسوكارمان بوین و بەڵێندرابوو وەك ئیدارەی چاكسازی كە چیتر مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ كەسوكارمان بكرێت، بەڵام بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوودا رێگا بە پارێزەرانی سزادراوانی بادینان نەدرا كەسوكارمان ببینن و لە دوایین پێشهاتیش رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بۆجاری چوارەم بەبێ هیچ هۆكارێك سزادرایەوە و بێبەشدەكرێت لەهەر مافێكی ئاسایی زیندانییەك”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ماوەیەكە بە پلان و بە شێوازێكی بەرنامە بۆ دارێژراو و بیانوو بە زیندانیانی بادینان دەگیرێت، لەكاتێكدا كۆی بیانووەكان نامەنتیقی و نالۆژیكین و پێی سزادەردرێن و دەخرێنە هۆڵی دیكە و تاكەكەسی و لەهاوڕێكانیان جیادەكرێنەوە و دەرون و كەشێكی نائارامیان بۆ دروستدەكرێت و بێبەشدەكرێن لە مافی پەیوەندیكردن و سەردانیکردن و بابەتی بەشداریكردن لە كۆرس و ئەو خولانەی لە چاكسازی ئەنجامدەدرێن و هەروەها بێبەشدەكرێن لە پێنوس ، چونكە ئەم زیندانیانە تەنها تاوانیان قەڵەمێك بوو”.

باسی لەوەش کرد، ” لەكاتێكدا گوهدار زێباری دوای تێپەڕبوونی 90 رۆژ لە سزادانی كە بەبێ هیچ هۆكارێك سزادرابوو تاوەكو ئێستا سزادانی بەردەوامی هەیە و لەسەری تەواو نەبووە و ئیدارەی چاكسازی ئامادەنین بیگوازنەوە لای هاوڕێکانی”.

ئاشکراشی کرد، ” سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوخۆو دەرەوە و  نوێنەرانی وڵات و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و بواری رۆژنامەنووسی ئاگادار دەكەین و داواكارین لەسەرجەم ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان بەردەوامی بدەن بە پشتگیری لەكەیسی زیندانیانی بادینان تاوەكوو ئازادی سەرجەم زیندانیانی بادینان”.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×